نەمانگەشەو دادی بێزاری من ئەدات،
نەخۆرەتاو.
من بەسەر ئەم گۆی زەوییەوە تاک و تەنیا و
لەسەر شێوەی ڕاستەهێڵێک
ڕۆژانە ئەچمە سەرکار و دوانیوەشەوێ دێمەوە.
دڵم تەنگە و
وەڕسیم... هیچ کەڵکەڵەیەک ڕامی ناکات،
مەگەر تەنها تۆ دەرکەوی و
بە دە پەنجەی خۆشەویستیت
تاری ڕۆحی کەسیرەم چڕ بژەنیت و
لە جۆلانەی ئاوازێکی کەیل و مەستدا،
بمخەیتەوە سەما لەگەڵ قەد و باڵای عەشقی خۆتدا.
(دارا عەلی 24/4/2014)