چ دۆزەخێکە دنیا
بۆ سواڵی ژیانی سبەی،
من ڕۆژانە،
ئەبێت دەست لە مردن پانبکەمەوە.
(٢)
ژیان چوون نەخۆشێکی شپرزە
لە قاوشە ناکۆتاییەکانی ئەم سەردەمە فایرۆسیەدا.
نەدەوا و نەدەرمان،
دادی ئازاری ئەبەدی بیمارییەکانی ئەم ڕۆحە تێکشکاوە نادات.
(٣)
وەرە خانەخەراب،
هەر ئەڵێ ی خانەیەکی ژێرپەنجەی مەدالیای ئەم سەدەیەی.
وەرە و
قەتماغەی درۆینەی ئەم زامانەم هەڵکۆڵە و وێرانم بکە.
وێرانتر لە نیگەرانی ئەم خەراباتەی خۆت ئەی دۆست.
ئیتر من بێباکانە
یا ئەم تراویلکەیەی ژیان توڕئەدەم و
لە گۆڕستانی خۆشبەختی خۆمدا ئەخنکێم.
یاخود
لە داروپەردووی ڕۆحی داڕماوی خۆم،
تۆ و ژیان سەرلەنوێ بینائەکەمەوە.
(دارا عەلی 2014/4/18)
No comments:
Post a Comment