دنیا زۆر تەنگ و تەسکە بە پێ ی عەشق ئەی یار،
پیاسەیەکی دوو بە دووی دڵی من و تۆ تیایدا بۆتە مەحاڵ.
ئیتر بۆ دەرچوون، هەر ئەبێ بە پێ ی پەتی
بەسەر گڕوکۆی دۆزەخی ئەم بەستەڵەکی چەرخەدا
پێ هەڵهێنین و دەربکەوین.
(٢)
لەم زۆنگاوە بۆگەنەدا، وەڕسییم تا بینەقاقام هاتووە و
خەریکە ئەخنێکم.
تاوناتاوێک،
بۆ کڕینەوەی نەفەسێک،
ئەبێت دڵم ووردبکەمەوە..
ئەمئێستاکە؛
نە ووردە ما و نە شکۆی ڕۆح،
لە بێ دڵیدا،
داهۆڵی خواوەندەکان لە جەرگەی ژیاندا ئەچەقێنم..
من لە نێوان
خنکان و چێژی ئەم گەمە پووچەدا دەمێکە مردووم..
مەگەر مەرگی ئەم یاسایە بە تەقینەوەیەک لە ناخمدا ڕابسپێرم،
هەتا سەرچاوەی مردن و
کۆت و بەندی چی چێژ و ئارەزووی باوە لە ڕۆحمدا ووردوخاش بکات..
(دارا عەلی)
No comments:
Post a Comment