Friday, August 14, 2015

گووتت وەرە

 ، گووتت وەرە
  لەنێو جەنجاڵی دنیادا
  هەگبەی بۆشی سەرم تووڕدا و بە خولیای پەروانە هاتم.
  هاتم هەتا،
  ئاوێزانی ماچی کڵپە و سەمای شادی بڵێسەت بم.
  هاتم هەتا،
  لەبەر شەوقی سووتانتدا ڕووتببمەوە لە تاریکی و
  لە ئامێزی عەشقی تۆدا هەم یاردڵ و هەم دڵیار بم.
   (دارا عەلی)

Saturday, August 1, 2015

تەنیا ئەڕۆم

  بە شپرزەیی چاوساغێک،
  هاتم و چووم و بە هیچ کوێ نەگەییشتم.
  ئەوەی بینیم، جوانی کەلاوەنشین بوو.
  ئەوەی بیستم، گەمەی دزێوی زمان بوو. 

  ئەمئێستاکە،
  بەنێو جەنجاڵی دنیادا،  تاک و تەنیا و بێ هاوزمان 
  وەکو کەڕولاڵێکی کوێر تێئەپەڕم.
  بێئەوەی بە هیچ کوێ بگەم، تەنیا ئەڕۆم،
  بەڕۆژ وەک خۆر و بە شەویش وەک مانگەشەو،
  پەنا بۆ خەیاڵی هەور و حیکمەتی با و سەرگورشتەی سەفەری ئاو، ئەفسانەکانی ئاگر و
  چیرۆکی خاک و خەونی دار و بەرد ئەبەم.
  تەنیا ئەڕۆم، دوور لە هەر چاوەڕوانییەک؛
  خۆم ئەدەمە دەست عەشقی وێڵ.
  ئەڕۆم،
  هەتا ئەگەم بە ناشوێنێک،
  بێدەنگیم تیایدا وەکو باخ سەوز ببێت.
  گۆشەگیریم وەکو مانگ و
  بێهاودەمییم وەک خۆر هەڵبێت.
  ئەودەم
  چەند بەتاو بێت کڵپە و بڵێسەی تەنیاییم،
  هێندە ڕۆشنە ئەوینم و
  هێندە ئارامە خەمانم.
  تەنیا ئەڕۆم،
  چوون سەرکێشی
  سەوداسەر و سەودای عاشقان نەدۆستی گەرەکە، نەدوژمن.
  (دارا عەلی)