بە شپرزەیی چاوساغێک،
هاتم و چووم و بە هیچ کوێ نەگەییشتم.
ئەوەی بینیم، جوانی کەلاوەنشین بوو.
ئەوەی بیستم، گەمەی دزێوی زمان بوو.
ئەمئێستاکە،
بەنێو جەنجاڵی دنیادا، تاک و تەنیا و بێ هاوزمان
وەکو کەڕولاڵێکی کوێر تێئەپەڕم.
بێئەوەی بە هیچ کوێ بگەم، تەنیا ئەڕۆم،
بەڕۆژ وەک خۆر و بە شەویش وەک مانگەشەو،
پەنا بۆ خەیاڵی هەور و حیکمەتی با و سەرگورشتەی سەفەری ئاو، ئەفسانەکانی ئاگر و
چیرۆکی خاک و خەونی دار و بەرد ئەبەم.
تەنیا ئەڕۆم، دوور لە هەر چاوەڕوانییەک؛
خۆم ئەدەمە دەست عەشقی وێڵ.
ئەڕۆم،
هەتا ئەگەم بە ناشوێنێک،
بێدەنگیم تیایدا وەکو باخ سەوز ببێت.
گۆشەگیریم وەکو مانگ و
بێهاودەمییم وەک خۆر هەڵبێت.
ئەودەم
چەند بەتاو بێت کڵپە و بڵێسەی تەنیاییم،
هێندە ڕۆشنە ئەوینم و
هێندە ئارامە خەمانم.
تەنیا ئەڕۆم،
چوون سەرکێشی
سەوداسەر و سەودای عاشقان نەدۆستی گەرەکە، نەدوژمن.
(دارا عەلی)
No comments:
Post a Comment