Thursday, September 5, 2013

هەتا بێت

  هەتا دێت، پڕ ئەبم؛
  لە دوودڵی بۆش و ئاوڕدانەوەی بەتاڵ و خەونی کابوس،
  لە سامی خودا و لە تابووت،
  لە شەکە-شەکی فەتوای بۆن بە خوێن بە تەنافی سیاسەتەوە.
 
  هەتاکو دێت، من پڕ ئەکرێم؛
  لە وێنەی شێواوی دوژمن، 
  مەراقی توڵەسەندنەوە لە نەیارێک پێدەچێت هەر خۆم و خۆم بێت،
  هەتاکو بێت؛
  ئەئاخنرێم بە بۆوبەرامی بارووت و
  بە قاقڕی و 
  بە ئافاتەکانی جەنگێکی هەمیشە لەسەرپێ.
  ٢
  هەتاکو دێت، من قان ئەدرێم؛
  بە مورید و دەروێش و تووتی حیزبەکان،
  بە جادووی درۆی شیرین و سیحری خۆڵبارین و هۆرەی دیموکراسی.
  بەگەمەی بوکەڵە و پۆستەری داهۆڵی فریودەر،
  درووشمی درۆی قاچاخچی و ڕیکلامی دەڵاڵی سیاسی و
  هوتافکێشانی ئازادی بە دەنگی زوڵاڵی جەلاد.
  ٣
  هەتاکو دێت، من پڕ ئەکرێم؛
  لە شانۆگەری تاوان و،
  کەڵبەی دارودەستی یاسا و
  هەڵپە هەڵپی چاوچنۆکی و مەراقی ناودەرکردن و 
  عەشقی چوونەناو تیڤییەوە.
  هەتا بێت پڕ ئەبم؛
  لە ئارەزووی بۆسەنانەوە و داوی ملشکان.
  لە چێژی ماسک پۆشین و
لەزەتی قووتدانی درۆ و
  شەقە شەقی خۆشی چەپڵە و کردەی سەرلەقانی بەلاش،
  لە سەدای گەرووی دزراو  و خەونی بارمتەکراو و خەیاڵی بۆش 
  بەسەرلافیتە و بانگەشە دابەستەکانی ڕۆژەوە.
  ٤
  تاکو دێت، پڕ ئەبم؛
  لە خورپە و ئازاری دڵشکان،
 لە خەون و خەیاڵی بابردوو و
  لە غەدری خەنجەری شاخ و شار،
  لە پەتای بێباکی و
  خۆدانە دەستی شەپۆل و ساردبوونەوەی شل و شێواو.
  لە کەنەفتی پشتکۆمانەوە و خۆخنکان
  لە نێو بۆتەی بیرچوونەوە و خەمساردیدا.
 لێرەدا،
  لەم هەڵپە و هەلهەلە و ژاوەژاوی خۆکوشتنەدا
  هەتاکو دێت؛،
  من پڕ ئەکرێم لە بۆوبەرامەی مردن و  
  بەڵام بەتاڵ بەتاڵ لە خۆم، لە تۆ..
      (دارا عەلی)

Sunday, September 1, 2013

تۆ نامدوێنی

  تۆ نامدوێنی و 
  منیش مەراقی تەنیاییم، چوون دوودڵیم،
  لە باوەشی شەوگارێکی ئەبەدیدا،
  بەدەم کزەی ئەم حەیران و لاوکەوە،
  سەوزبوونی،
  درێژ 
 درێژ 
  ئەبێتەوە
  تا لای مردن.
٢
  تۆ نەسەیری چاوی من و ئاوێنەکانی خۆت ئەکەیت،
  من پەڕوباڵی غەریبیم، چوون گومانم،
  بەدەوری خەمی گڕگرتووی ئەم مەقام و بەستەیەدا،
  شەقژەنێتی و
  لە زیکری بێ-تۆ-ییدا 
  وەکو شێت،
  خوول ئەخوات و
  سەما ئەکا، 
  تا لە دیدەنی قەدەری کڵپەیەکدا
  ئەبێت بە سووتووی خۆڵەمێش. 
٣
  تۆ لە کۆڵانەکانی وەفادا، نەتکرد ئاوڕێک بدەیتەوە 
  لە نەفەسی قووڵی زامی ئەم فلووتە و
  لە گۆرانی چاو لەڕێت و
  نەوای ئەم  تارژەنی ڕۆحە،
  منیش شوشەبەندی دڵم، چوون تەماشام،
  بەدەم چریکەی شمشاڵی ئەم خەمەوە 
  لە حەسرەتا 
  هەڵئەلەرزێ و 
  لەم تەمومژی وونبوون و غوربەتەدا،
  هاڕڕە ئەکا و
  لە نێو بێدەنگیتا نووقم و
  لە خەمساردیتشتا ئەخنکێت..
    (دارا عەلی)