هەتا دێت، پڕ ئەبم؛
لە دوودڵی بۆش و ئاوڕدانەوەی بەتاڵ و خەونی کابوس،
لە سامی خودا و لە تابووت،
لە شەکە-شەکی فەتوای بۆن بە خوێن بە تەنافی سیاسەتەوە.
هەتاکو دێت، من پڕ ئەکرێم؛
لە وێنەی شێواوی دوژمن،
مەراقی توڵەسەندنەوە لە نەیارێک پێدەچێت هەر خۆم و خۆم بێت،
هەتاکو بێت؛
ئەئاخنرێم بە بۆوبەرامی بارووت و
بە قاقڕی و
بە ئافاتەکانی جەنگێکی هەمیشە لەسەرپێ.
٢
هەتاکو دێت، من قان ئەدرێم؛
بە مورید و دەروێش و تووتی حیزبەکان،
بە جادووی درۆی شیرین و سیحری خۆڵبارین و هۆرەی دیموکراسی.
بەگەمەی بوکەڵە و پۆستەری داهۆڵی فریودەر،
درووشمی درۆی قاچاخچی و ڕیکلامی دەڵاڵی سیاسی و
هوتافکێشانی ئازادی بە دەنگی زوڵاڵی جەلاد.
٣
هەتاکو دێت، من پڕ ئەکرێم؛
لە شانۆگەری تاوان و،
کەڵبەی دارودەستی یاسا و
هەڵپە هەڵپی چاوچنۆکی و مەراقی ناودەرکردن و
عەشقی چوونەناو تیڤییەوە.
هەتا بێت پڕ ئەبم؛
لە ئارەزووی بۆسەنانەوە و داوی ملشکان.
لە چێژی ماسک پۆشین و
لەزەتی قووتدانی درۆ و
شەقە شەقی خۆشی چەپڵە و کردەی سەرلەقانی بەلاش،
لە سەدای گەرووی دزراو و خەونی بارمتەکراو و خەیاڵی بۆش
بەسەرلافیتە و بانگەشە دابەستەکانی ڕۆژەوە.
٤
تاکو دێت، پڕ ئەبم؛
لە خورپە و ئازاری دڵشکان،
لە خەون و خەیاڵی بابردوو و
لە غەدری خەنجەری شاخ و شار،
لە پەتای بێباکی و
خۆدانە دەستی شەپۆل و ساردبوونەوەی شل و شێواو.
لە کەنەفتی پشتکۆمانەوە و خۆخنکان
لە نێو بۆتەی بیرچوونەوە و خەمساردیدا.
لێرەدا،
لەم هەڵپە و هەلهەلە و ژاوەژاوی خۆکوشتنەدا
هەتاکو دێت؛،
من پڕ ئەکرێم لە بۆوبەرامەی مردن و
بەڵام بەتاڵ بەتاڵ لە خۆم، لە تۆ..
(دارا عەلی)
No comments:
Post a Comment