بردنەوە هەمیشە دۆڕاوەکانی من و تۆ
بڕوانە،
من چەند مناڵانە کەوتمە بەر بەرداشی ئارەزووە سەرەڕۆییەکانی تۆوە و
ووردوخاش بوو شکۆی دڵم.
تۆش چەند هەرزەکارانە خزایتە نێو بۆسەی جەنگە دۆڕاوەکانی گومانی منەوە و
هاڕەی کرد ئاوێنەی عەشقت.
(٢)
بڕۆ ئەی یار
من بیرم چۆتەوە، تۆ بۆ گەییشتن بە من،
بەرۆکی دنیات بۆچی گرت؟!
وەرە ئەی بێوەفا
چۆن لە یادت کرد، من بۆ گەییشتن بە تۆ،
ئەو شەڕانەم بەرامبەر جیهانی کەڕولاڵ بۆ بەرپاکرد؟!
(٣)
چ تراژیدیایەک بوو، دەوری مەهزەلەی من و تۆ لەم نماییشە پووچەی ژیاندا.
تۆ لە یارییە جەهەنەمییەکانی مندا نغرۆ ئەبوویت،
منیش لە پەتا کوشندەکانی چێژی تۆدا.
تۆ دڵت دامێ و من تەمەنتم سەرفکرد،
خۆشخەیاڵانە منیش ژیانمم پێبەخشیت و تۆ ڕۆحمت تاڵانکرد.
(٤)
ئەمئێستا وەک جەنگاوەرێکی تێکشکاو، هەڵهاتوو لە جەنگەکانی خۆم گەڕاومەتەوە و
شەڕ بە تۆ ئەفرۆشم،
ناسرەوێم تا ژیانت نابووت نەکەم.
تۆش وەک قوومارچییەکی دۆڕاو لە سەر مێزی قوومارخانەی ئەم سەدەیە هەستاویتەوە و
یەخەی من ئەگریت،
کۆڵنادەیت تا ڕادەستبوونی من نەکەیتە بارمتەی دۆڕان و مردنێکیتر.
(٥)
چ بێ ڕەحمانە بوو ڕقم، پریشکەی ئاگری ئەباراند بە ڕووی تۆدا.
چ بەد و سەرکوێر بوو بووغزت، تاریکی ئەڕشت بەسەرما.
چ قوربانی و جەلادێک بووین، ئێمە ئەی یار،
کەس لە گوناهی پاکیزەیی من حاڵی نەبوو تۆ نەبێت.
کەس لە تاوانی فریشتەیی تۆ تێنەگەییشت من نەبێت.
بڕوانە بە بێ خوێنڕشتن، چەندجار کووشتمت لە خۆتدا؟!
بێ گۆڕهەڵکەنین و ناشتن، چەند پرسەی مردنتم گێڕاوە لە خۆمدا؟!
(٦)
ئەمئێستا چوون براوەیەکی هەمیشە دۆڕاو،
چەند تەنیا و گوناح و زەلیلین بەدەست تاریکی دۆزەخی دنیاوە.
لەم شانۆگەرییەدا هەموو دەورێکمان بینی ،
ئێمە هەموو شتێک بووین،
تەنها (من و تۆ) نەبێت.
(دارا عەلی 27/3/2914)