Friday, March 7, 2014

تۆ هیچ نەبوویت

  لەو مەنجەنیقی ڕقەدا،
  تۆ هیچ نەبوویت،
  جگە لە هاژەی شەپۆلی خۆشەویستی
  لە کەنار دڵی ئێمەدا،
  لە باوەشێکی هەمیشە دەم بە خەندە
  لەبەردەم ئاوێنەی ڕۆح و
  لە پۆرترێتێکی ئاوی
  لەودیوو خولیای نەسرەوتی عاشقانەی خۆتدا.
  (٢)
 لەو جەهەنمی مردنەدا،
  هیچ نەبوویت و
  برین لە کوێدا ئەسووتا، باخی دڵی تۆ داڵدەی بوو.
  خەم لە کوێدا باڵی ئەگرت، ئەوینی تۆ ئاسمانی بوو.
  ئازار لە کوێ ئەنیشتەوە، ئەوێ هێلانەی ڕۆحت بوو.
  (٣)
  لەو ڕۆژگارە ئاسۆ تاریک و لێڵەدا،
  تۆ هیچ نەبوویت،
  جگە
  لە خەونی ئازادی زیندانییەکانی ئەمنە سوورەکە،
  لە ئامێزێکی ئامادەی ڕووت و قووت و،
  لە ساباتێک دڵنیایی بۆ هاوارێکی بێهودە.
  (٤)
  لەو دەمە گرگن و تووڕەیەدا.
  شەقام بووبوو بە گۆڕستان
  جادە بە جۆگەلەی خوێن و
 چ سامناک بوو
  پێکدادانی ژیان، مردن.
  مەرگ لە دووربینی قەناسەکانەوە،
  نیشانەی لە هەموو جووڵەیەک ئەگرتەوە.
  تاوان لە شڵەژاویدا،
  بە BKC بە چوارلادا گوللە و ئاگری ئەباراند.
  
  تۆ هیچ نەبوویت
  جگە لە شەوقی ژیان خۆی،
  جەلادەکانی ئەمنەکە ئەوەشیان لێ زەوتکردی.
  تۆ هیچ نەبوویت و میراتیت
  شتێک نەبوو جگە لە ئاوێنەیەکی خۆشەویستی،
  تاڵانچییەکانی نیشتمان ئەویشیان ووردوخاش کرد و
  چوارچێوەکەی وەکو دەسکەوتێکی شۆڕش،
  لەسەر مەرزەکانی سنوور ئاودیوویان کرد.  
  (٥)
  هیچ نەبوونت، ژیان خۆی بوو
  تۆ ڕۆییشتی و
  کەس نەیتوانی بەربینی ئەم خوێنە بگرێت،
  کە بە ناهەق لەو ڕۆژەوە هەتا ئێستە،
  لە دڵی دایکم و تانوپۆی ژیان ئەڕژێت.
     د.ع/7/3/2014

No comments:

Post a Comment