تەمەنێک من
وێڵ و سەرگەردان بووم بەدوای عەشقی تۆدا.
ئەمئێستاکە
بەسەر لووتکەی ئەم عومرەوە،
ئەوەی من پێیئەگەم تۆ نیت،
خۆمم لەودیوو هاڕەی شووشەبەندی ناو و دەمامکی شوناسەوە.
من نەمزانی،
عەشق خۆم و
جێژووان خۆم و دیدار خۆمم.
دیدەی نەوگوڵی یار خۆم و
ساباتی ڕازی دڵ خۆمم.
نیوەی ژیانم گەڕان بوو بەدوای سۆراخی شەوقتدا.
ئەمئێستاکە
بەسەر لووتکەی ئەم عومرەوە،
ئەوەی ئەیبینم ئەسووتێ و ڕووناکی ئەبەخشێت تۆ نیت،
خۆمم لەودیوو ئاوابوونی سام و ترسی مردنەوە.
من نەمزانی،
ئاگر خۆم و کڵپە کڵپی سووتان و پڕووکان خۆمم.
چرا و پەروانە هەر خۆم و
خەون و خولیا و خەیاڵ خۆم و
شەوق خۆم و
ژیان خۆمم.
(دارا عەلی)
No comments:
Post a Comment