Saturday, April 20, 2013

فەرامۆشم مەکە (دارا عەلی)


١ فەرامۆشم مەکە دڵم،
با تا چاو بڕکا بڕوانم،
با کوێر نەبێتەوە خەون و
خاڵی نەبێتەوە ناخم لە سەرسامی و تێڕامانم.
با نەخنکێت لە بۆشاییدا گۆرانی و،
لە جۆلانەی تەمومژدا پەرتەوازە نەبێت یاد و
بیر نەچێتەوە ئەدرەسی خۆشەویستی و نەخشەی گەڕانەوەم بۆ لات.
٢ فەرامۆشم مەکە ڕۆحم،
خۆ من شەڕی نیوە داگیرکراوی خۆم لەگەڵ چارەنووس کۆتایی نەهاتووە،
ململانێ ی نێوان خۆم و کۆت و بەندی قەدەری خۆم، سات-وەختی لە دایکبوونی خۆشەویستیت، تووندتر دەستی پێکردووە.
ئەمە جەنگی بێکۆتایی منە لەگەڵ نەریتی باوی باوکەکان،
هەتا وەک خۆم عاشقت بم.
هەتا وەک خۆت خۆشت بوێم.
٣
فەرامۆشم مەکە چیتر،
با هەڵنەخزێت ڕۆشناییم،
لە دۆزەخی تەنیاییدا،
هەڕە نەکات شووشەی دڵم،
لە نێو مشتی سڕ و کەسیرەی گوماندا.

No comments:

Post a Comment