١
تۆ هەر ئەڕۆیت
ئەڕۆیت ئەڕۆیت
پەلە مەکە با هیچ نەبێت
لە چاوتروکاننێکا،
هەناسەیەک لە بۆوبەرامی سەر سینەت بچنمەوە بۆ تەنیاییم.
٢
بەسەر لووتکەی ئەم عومرەوە بڵێ ئێستاش
وا هەست ئەکەم
"لە دوورەوە کە دەتبینم دڵت خێراتر لێ ئەدا."
"یەکەم گۆرانیمان ئێستاش کە دێتەگوێم، وا دەزانم یەکەم جارە دێ بە گوێما."
هەتاکو منیش پێت بڵێم کە دەتبینم
لەوسەرەوە تا دەگەیت پێم
وەک هەمیشە نیگات فڕکان فڕکانیەتی و
بزەی هەڵنیشتووی سەر لێوت خولیای ماچێک لە ناخمدا تۆختر ئەکا.
٣
گێڕاتەوە،
لەگەڵ وەرینی ناچاری گوڵەکاندا پێت هەڵهێنا،
بە وەرزی ژاکانی باخدا ڕێت تەی کرد و
بە نێو کزەبای پاییزدا تێپەڕیبوویت،
لە یادمە،
زستانێک گەییشتیتە لام،
بۆنی مێخەک و ڕیحانەت لە باوەشتا هەڵگرتبوو،
میهری باخ لە پەلی دەستا هەڵکشابوو،
نەشئەی شنەی خەیاڵیشت بۆ دیدەنی من هێنابوو.
(دارا عەلی)
No comments:
Post a Comment