١
ڕێم لێ مەگرە و
مەمخەرە نێو چوارچێوەیەکی نەگۆڕی هەڵواسراو بە دیواری خەیاڵتەوە،
با هەراسان نەبێت ڕۆحم.
مەمترنجێنە نێو قەفەزی یەقینێکی بێ دەرگا و پەنجەرەوە با
تەنگەنەفەس نەبێت خولیا و خەون و ئارەزووی فڕینم.
٢
ڕێم لێ مەگرە،
ئەگەر تۆ منت خۆشئەوێت،
کە بۆت ئەدوێم، سەیری چاوەکانم بکە و
گوێ بۆ چرچ و لۆچی دەنگی تێکشکاوی ئەزموونم و مێژووی کزەی ناخم بگرە.
بۆ دڵشکاویم،
لە سووچی دڵی خۆتدا جۆلانەیەک بۆ دڵنەواییم هەڵبخە.
بۆ خزان و خلیسکانم لە بۆسەی بەدگومانیدا، بەتەنیا لەپی دەستێکت و
بۆ شپرزەییم لە شەرم و بۆ وونبوونم لەنێو گەردەلوولی ترسا، من دەربەستیتم گەرەکە.
بە پیاسەیەکی ئەوینی دەم خۆرنشین،
لە بەتاڵی بەردەم ئاوێنەکانی سەرابدا ڕزگارم کە.
بۆ سەرهەڵبڕینی نیگا و شکۆفەی خونچەی دڵیشم، تەنها ڕووناکی خەندەت و
بۆ پشتکردنم لە مردن، سۆزی باوەشێکتم بەسە.
٣
ڕێم لێ مەگرە،
ئەگەر تۆ منت خۆشئەوێت،
بۆ کوێرێتیم،
بلبیلەی چاوانتم بەرێ.
بۆ دەرچوونم لە پنتی چاوەڕوانیدا،
ئەلف و بێ ی خەونێکم فێر بکە.
بۆ فڕینم،
دوو باڵی بەرین لە تۆنی مۆسیقایەکی نارنجی و
بۆ گرفتی هەڵسانەوەم لەم بەستەڵەکی مردنەدا،
کۆمەک بکە بە ڕۆچوونم بە قووڵایی دڵی کڵپە و بەرزی بڵێسەی ئاگردا،
تا لەم کارخانە نەخۆشەدا بوێرم،
شەپۆل بێنمە ناو ڕۆحمەوە
دەروازەکان لەسەر خەیاڵ ئاوەڵا بکەم.
بە نێو تاریکی و ڕووناکی حەقیقەتدا سەفەری بێکۆتایی خۆم دەستپێبکەم.
وورد و درشت بپشکنم ئەودیو گەرووی ئەو دەنگانەی،
دەوریان گرتووین بە تەلبەند و
بانگی خۆری شادی ئەدەن بە گوێماندا.
٤
ماوەیەکە؛
بەنێو ئاسمانی خەیاڵدا تووندتر ئەدەم لەشەقەی باڵ
لە دەریای خەونەکاندا قووڵ نغرۆ ئەبم،
بە پاسپۆرتی چیرۆکگەلێک، گوزەرم ئەکەم بە نێو سووتماکی دنیادا و
مەملەکەتی خۆشەویستی ئەمئێستای تۆم تیا نەدییەوە.
بۆیە تەلیسمی ڕووناکی هەر ڕێگەیەک دەیگرمەبەر،
لەوسەرەوە، درەنگانێ بە جوتێ چاوی تینووەوە
دەمباتەوە بەر دەروازەی لێوانڕێژ لە ئەوینی تۆ .
No comments:
Post a Comment