١
من پڕترم لە پڕی و
خەیاڵی بەدی تۆ و بێمروەتی دونیاش
لە هەژموونی خۆی ناوەستێ..
من ئەبێت هەموو ڕۆژێ مردنێک ئەزموونکەم هەتا سبەی لەخەو هەڵسم؟؟..
زەمانێکە؛
مەرگ وانەی ژیان ئەڵێتەوە و
بوون ئەخاتە سەر کەڵکەڵەی لەزەتی مانەوە و ڕاکەڕاک بەدوای هیچدا..
٢
بێ غیرەتیم
دەستی ناچێتە ئەم ڕۆحە کۆتکراوە.
لە حەسرەتا، چڕ چڕ ئەبمەوە و ناڕژێم.
لە ئازاردا، پەنگئەخۆمەوە و ناچۆڕێم.
چیتر زەوی بێزار بێزار لە بوون و لە کێشکردنم،
چیدی ئاسمان ماندوو ماندوو لە فڕین و گۆشکردنم.
٣
مەراقی من؛
تۆفانێک بوو، لافاو لە هەناویا بێنی و
تەنها جارێک وەڕسبوونم بشواتەوە و
خاڵیمکاتەوە لە ڕۆتین و لەپوچی ..و.. وەلێ نەهات.
ئومێدی من؛
بورکانێک بوو، ئەم تاریکستانە شەقکا بە ئاگر و
ترس و دوودڵیم ڕاماڵێ لەگەڵ خۆیدا و
بەتاڵمکا لە دنیای وەهم و دڵشکان..و..قەت نەخرۆشا.
٤
لە سۆراخی دەروازەی زەمەنێکیتردا
وەرە دڵم،
دەستت بخەرە کەمەری بڵێسەیەکی ناخمەوە و
لەسەر ئیقاعی تەنیایی
لە سووتانی سەمایەکدا،
دوور دوور
ئەم ڕۆحە پەژمووردەم بەرە
هەتا وون ئەبم لە تۆدا
هەتا سەوز ئەبیت لەمندا..
(دارا عەلی)
No comments:
Post a Comment