من له کوردستانی باشوور-سلیمانی له دایک بووم و ئیستاش دانیشتووی شاری فانکوفه رـ بریتیش کولومیبیای که نه دام My name's Dara Ali, I was born in Sulaymaniyah city, South Kurdistan in the northern part of Iraq and now a Canadian citizen live in Vancouver,BC
Friday, July 19, 2013
وەرن بکوژەکانی من
١ مردن چ بێشەرمانە
لە شاشەکانەوە، حەقیقەتمان دەرخوارد ئەدا،
لە گۆڤار و ڕۆژنامەکانەوە، قارەمانی و شەهادەت ئەبەخشێتەوە و
ئامادەمان ئەکات بۆ ملدان بە ناچاری، بە خۆکوشتن.
بڕوانە؛
جادووی موعجیزەکان چۆن دەستی چاوەڕوانییان بڕین
سەرکزی و قەناعەت ئومێدیان چۆن زەلیل کردین.
٢ مێژووی من
ڕاگوزەر بوو بە ڕاڕەوێکی تاریک و خوێناوی دا،
پڕ بوو
لە قاڵبە سەهۆڵی ڕاستی وsea
لە مزگێنی درۆی گەورە و
حەقیقەتیش،
شلکردنەوە و تووندکردنەوەی بەنگەخوێنی هەر تەنها شڕواڵەکان بوو.
٣
ئەمئێستا
دۆزەخی من
پڕە لە تەماشای بەتاڵ،
پڕە لە بۆشایی خەیاڵ،
لە سامی ئەودیوی مردن،
لە ترس و بیم لە وونبوون و لە تەنیاییم.
وەرن گەورە پیاوانی مێژووی من.
دووربینەکانی مناڵیم تێکبشکێنن،
ئازاری بیرەوەرییە کاڵبووەکانم بسڕنەوە،
ڕووتمکەنەوە لە خەیاڵ،
وەکو داهۆڵ لە کێڵگەی خەونەکانتانا بمچەقێنن.
گەرووم پڕکەن لە درووشم و لە سروودتان.
لەساتوەختی گومانتانا،
وەکو زوڕنا و هۆڕینی سەیارەکانتان بمژەنن و بمخەنە ژێر باڵی ڕەشتان.
من ئیتر خانەخوێیەکی لەبارم
تەنیاییم پڕکەن لە کاولی
خولیام بە ئەفسانەکانتان بنەخشێنن،
لە غەریزەی شەڕانگێزتان هەڵمکێشن.
٤
وێرانمکەن،
ڕووتمکەنەوە لە ژیان،
تا دەست لە گەردوون شل ئەکەم و
پێم بڵێن،
ئەمەیە حەقیقەت.
ئیتر من بەندەی ئێوە و ئیرەییم، دنیاتان بۆ دێنمە سەرچۆک.
لە شەڕی چنگ کەوتنی کورسییەکانتان،
لە جەنگی بەشکردنی تاڵانییەکانتان،
لە پشتەوە
وەک مێژووتان
خۆتان بمدەنە بەر گوللە و
بڵێن شەهیدی وەتەن بوو.
وەرن بکوژەکانی من
لەسەر سووتووی خۆڵەمێشی ژیانی من، دانووستان کەن
لەسەر ڕۆحی لەت و پەت و تۆقیووی من،
فیستیڤاڵی گەنج بوونەوەی ئەبەدی خۆتان بگێڕن.
(دارا عەلی)
Subscribe to:
Post Comments (Atom)
No comments:
Post a Comment