١
زەوی بەم گەورەییەی خۆیەوە،
نە ئاوڕێکی میهرەبانی لێ دانەوە،
نە جۆلانەیەکی دڵنیایی هەڵخست،
بۆ ڕاژەنینی پژوپۆی خەون و خولیای هەڵوەریووتان.
ئاسمان بەم هەموو کراوەییەی خۆیەوە،
نە دەروازەیەکی بۆ دوا نزاتان خستە سەرپشت
نە ئامێزی بۆ شەقەی باڵی هاواری لەتوپەتتان ئاوەڵا کرد.
٢
چ زەمەنێکی تاریک و فەنابوونە،
لەم کێڵگەی خۆکوژیەدا،
شمشێرەکانی حەقیقەت ملی ژیان ئەپەڕێنن و
لە بڵندگۆکانەوە بانگی حەق ئەدەن بە گوێماندا.
شیڕەی گوللە و ناڵەی بۆمب و تەقەی تفەنگ،
سینەی پڕ لە سکاڵایان کردۆتە بێژنگ و ،
لە شاشەکانیشەوە باهۆزی مەرگ،
مژدەی ئاشتی ئەبەخشنەوە بە ڕووماندا.
چ سەردەمێکی سیخناخە بە بێباکی؛
مردن بێووچان چەخماخە لێئەدا و
ئیمان بە لێزمە بارینی خوێن نەبێت، تینیوێتی ناشکێت.
دنیای خەوخۆش تاوەکو گڕ بەرنەبێتە ژووری نووستنی ماڵیەوە،
چاو هەڵنابڕێت.
مرۆڤ غەرغەرە بەخوێنی مرۆڤ ئەکا و
نە ئەستێرەیەک مانئەگرێت لە هەڵهاتن.
نەتریفەی مانگەشەوێک تووڕەئەبێت لە دەرکەوتن.
٣
من خۆم کوشتەی کینە و ڕقم و
زامانم بەردەوام خوێنیان لێ ئەچۆڕێت،
کەچی کەللەسەرم خولیای هەڵگیرسانی ڕۆژی حەشرە.
من خۆم کوژراوی تۆمەت و بوختانی ڕەشی زەمانەم،
کەچی لەززەت لە کۆڕی قەسابخانانەکان قەرزئەکەم و
خەمسارد، خەمسارد
بە جۆگەلەی خوێنی خۆمدا تێئەپەڕم.
لەم گەرداوی خۆکوژییەدا،
بەسەر ڕۆحی مردووی خۆمدا هەنگاو ئەنێم و
من چاوەڕێ ی
وەهمی موعجیزەیەکم کلیلی بەختەوەری بکا بە ملی پەڕیووما.
بێکۆتاییە سوڕی بازنەی ئەم لەخۆبایی و مرۆڤبوونە.
ئێوەش مناڵانی بەدبەخت؛
لە تووڕەیی و بێزاری چاوەڕوانی مەرگی ناوەختان،
بێباکیم تلۆرکەنەوە نێو چاڵەکانی تاریکی.
لە ئێش و ئاهی حەسرەتی بێداڵدەتان،
بێدەنگیم توڕ بدەنە ناو بۆشایی بیرچوونەوەوە و
بۆ ئەبەد فەرامۆشمکەن.
٤
من شەرمم دێ،
لەم دڕندەیەی ناخی خۆم کە دنیای وێران کردووە.
پڕ بە گەرووم هێڵنجم دێت،
بەم هەموو ڕشانەوەیەی ڕۆحی تار و شەڕانگێزمی خوڵقاندووە.
وەکو نەفرەت لێکراوێک
ڕقم لە خۆم ئەبێتەوە،
کە زەمەنێکی قێزەون بە مرۆڤ ناوزەنگیان کردم.
ئەی خۆشنوودی هەمیشە نیگەرانی من
کەی قەتارەی ئەم کوشتن و خۆکوژیە کۆتایی دێت.
(دارا عەلی)
No comments:
Post a Comment