Monday, August 5, 2013

سوپاس، سوپاس

سوپاس،
سوپاس ئەی شاگوڵی باخی ئەوین.
گەر ئۆرکسترای خەیاڵی شیعرت نەبا،
لەسەردەمی قاتوقڕی سەدەی مەرگ و
لە زەمەنی مشتومڕی خەنجەری خوێناوی ڕق و
پێکدادانی تەوری کینە و شمشێرە ژەنگاویەکانی حەقیقەتدا،
کێ ئەزانێت؟؟
لەوانەبوو؛ لە جێ ی ئێستام، من جەلادێکی پیاوکوژ بام.
لەجێ ی ستاییشی ژیان، سیخوڕێکی ڕاپۆرتنووسی میدیاکان بام.

سوپاس،
سوپاس،
گەر ناڵە و برووسکەی ژانی زامی تەنیایی و برینی نیشتمان و
مووچڕکەی ئازاری ڕۆح و قەسیدەی ژیان نەبایە،
گەر ڕێژنەی بارانی خەمی ئازادی و نانت نەبایە، کێ ئەزانێت؟؟
لەوانەبوو؛
لە جێ ی شیعر،
لە نێو تابووتێکی حیزبێکدا،
من سەرقاڵی هۆنینەوەی درۆکان بام.
لەنێو گۆڕی قەناعەتدا،
تامەزرۆی چنینەوەی وەهمەکان بام.
لە تاریکی گۆڕستانی کرمەکانیشدا من عاشق بە مەرگ بام.
سوپاس،
سوپاس
ئەی شاگوڵی نێو گوڵدانی ماڵی شیعرم
سوپاس، سوپاس.
(دارا عەلی)

No comments:

Post a Comment