Sunday, August 25, 2013

ئیتر تەواو

وەختێک تۆ ئەکوژێیتەوە،
بە توونێلی ئەم سەردەمە تاریکەدا من مردنی خۆم کێش ئەکەم.
ئیتر تەواو،
جگە لە بایەقوشەکانی مەرگ،
کەسێک دەرگا ناکاتەوە لە زایەڵەی ئاوارەبووی ئەم نزا هەڵوەریووانە.
کەسێک ئاوڕناداتەوە لە دوا هاواری تاساوی ئەم نووقم بوون و خنکانە.
ئیتر تەواو،
کەس گوێ نادا بە چڕە دووکەڵی قیژە و ناڵە و نووزەی نێو ئەم دۆزەخی سووتانە.
ئیتر تەواو،
سەربڕین و لووتبڕین و ئەتککردن بۆتە حەق و،
سزای کوردبوون بە نەوت و گڕ بۆتە سوونەت،
ئیتر تەواو، مرۆڤکوژی سادەترە لە خواردنەوەی پەرداخێک ئاو.
ئیتر تەواو،
زەوی و ئاسمان نوقمی خوێن و ڕق و چەخماخەی ئاگرە و
کەس مووچڕک دایناگرێت.
کەس بە تەووژمی ئەم هەموو گوناحکاریە هەڵناچێت.
خوداش بەر لە مەرگی نەیکرد دوایین ئایەتێک بنێرێ،
چوون بێ ئومێد؛
کۆستی ئەم ڕۆحە وێرانە ئاوەیان بکات..
کینەی ئەم دڵە کرمێیە سارێژ بکات..
ئیتر تەواو،
سووڕەتەکانیش وەچەرخان بۆ ئامێر و
لە کوشتارگاکاندا بێباک
باڵای ژیانی پێ هەنجن هەنجن ئەکەن.
ئیتر تەواو،
لەسەر گۆی ئەم زەمینە وێرانەیەدا
پەناگەیەک بۆ خۆشەویستی ژیانی تیا نەماوە.
ئیتر تەواو،
بە من چی هەڵهاتنی سبەینێ ی خۆرەتاو گەر بەیانی
ڕۆژێکی تری مردن و
قیامەتێکی تر هەڵبێت بۆ قرچەقرچی سووتانی پەلوپۆی تۆ.
ئیتر تەواو.....ئیتر تەواو
(دارا عەلی)



No comments:

Post a Comment