وەرە شەوقی ڕزگاری من،
تۆ نەهەژموونی تاریکی ئەمیرەکان توانی سنووری ڕووناکیت ببەزێنن،
نەسوڕەت و ئایەتەکانی سەربڕین.
نەڕق و کینەی بۆنەوتی ئەم ڕۆژگارە خوێناویانە چۆکیان پێدایت،
نەهەڕەشەی شمشێرەکانی دەستبڕین.
منیش لێرە،
لەم دوورەوە، شپرزەیی ناخی کۆیلەم
نەفرەتی خۆی بە بەردێکیش نەگەیاندە باڵەخانەی خەلیفەیەک،
نەسامی بتێکی شکاند،
نە بورجێکی میدیای ژەهری هێنایەخوار،
نەحەرەمی بڵندگۆی فەتوای خوێناوی و
بنەوبارگەی باڵێوزخانە کوردکوژەکانی بە ئاگری بێزاری و تووڕەیی سپارد..
وەرە شەوچرای عەشقی من،
مشتێک ڕووناکییت ببەخشە ئاهونزای نەفسی کوێر و ڕۆحی زەلیل و شکستەم
وا بەسەر جادە و شەقام و گۆڕەپانی ئەم دنیا کەڕولاڵەدا،
کەوتۆتە وڕێنەی ئاشتی و سواڵ و سەدەقەی بەزەیی.
بە شەرمەوە لە دەرگای خواوەندەکانی مەرگ ئەدات،
تابێن مەشخەڵی بەرگریت بەڕەشەبا ئابڵوقەبەن و
ئازادیت
ئامادەبکەن بۆ قوربانی جەژنەکانی دیموکراسی و
بۆ سەڕبڕین لە مەیانی قەسابخانەی مۆدێرنەدا.
وەرە خۆری ژیانی من،
هەڵهاتنت لەناو دڵی کانتۆنەکانی خۆرئاوا
بەسە بۆ ڕۆشنکردنەوەی خۆرهەڵات و باکور و باشوری جەستەم.
(دارا عەلی 13/10/2014)
سوپاس بۆ پۆرترێتەکەی د. ڕێبوار سەعیدی بەڕێز
No comments:
Post a Comment