ئەترسم
بەیانییەک
بێ من،
چوون تارماییەکی خەمسارد
تانوپۆی دڵم تاڵانکەیت و بڕۆیت.
سپێدەیەک
بێ ڕەنگ و بۆم،
وەک پەلی شکاوی درەختێک،
بە بەردەم زمانی لاڵمدا
پێ لە گلێنەی وەریووم بنێت و بڕۆیت.
ئەترسم
بەیانی وونبوون و مردن بێت،
تۆش بێ دەنگ،
بەسەر ڕۆحی پەژمووردەمدا
دوای سێبەری خۆت بکەویت و بڕۆیت.
بڕۆیت و لەدوای خۆت،
تەنها کۆتەرەدارێک جێمێنێت،
کۆتەرەدارێک و هیچیتر.
(دارا عەلی)
No comments:
Post a Comment