نەخۆر مەرجی بۆ بەخشینی هەتاو دانا،
نەسینە و بەرۆکی زەوی بۆ میوانداری ڕووناکی و
نەئاسمان بۆ عەشقی فڕین.
نەماسی لە خۆشەویستی زەریا کەوت و
نەخەیاڵی دەریا لە هەڵکردنی شەماڵ و
نە(با) لە سوارچاکی هەور و
نەهەور لە باران بارین،
نەباران لە نووسینەوەی ژانی خاک و
نەدڵی خاک لە ژەنینی نۆتەی مۆسیقای ژیان و
نەنیگای باخ لە ئەوینداری پەپوولە و
نەپەروانە لە عەشقی ڕووناکی و سووتان دەستی هەڵگرت.
ئەی تۆ لەکوێیت؟
شاگۆرانی فریادڕەسم،
شەوقی خۆرەتاوی سینەم،
ئەی شادی شنەی شەماڵی هۆش و گیانم،
ڕازی پەنهانم تۆ لە کوێیت؟.
شپرزەیی بێ جێوڕێگەم لە بێدەنگیدا خستووە،
ڕابووردوو بۆتە دیواری چواردەورم و
سەرابی ئاییندەش زیندان.
ئەی ئەمئێستای وون و پەرتەوازەم لە کوێیت؟.
ئەی نەغمەی دڵی سەرەڕۆ و
ئاوازی خۆشەویستی من،
ئەی شاباڵی هاواری خنکاوم لە کوێیت؟.
تۆ لە کوێ ی شەوقی چاوان و بزە و خەندەی لێوم لە کوێیت؟.
لەکوێ ی شەقەی باڵی خەیاڵ، هۆشی سەرگەردانم لەکوێیت؟.
تۆ ئەزانی،
ئەم قەفەسە تەنگە بە باڵای ئەم عەشقە و
ئەم سەرابستانەش نامۆ بە نەغمەی ڕازی ئەم دڵە،
لەکوێ ی ئەی تین و توانی من،
ئەی شەقەی باڵی خەیاڵی بێسنوورم،
دەنگ و ڕەنگ و بۆوبەرامەی ئەوین لە کوێیت؟.
دەدەرکەوە ڕووناکی خۆری سەر ئێستام،
من نەمزانی
بەم هەموو دەمامکەوە مرۆڤبوون چۆن تۆی فریودا و منیشی وێران و پەرتکرد،
تۆ لە کوێیت ئەی ژیانی من؟
لە کوێیت؟
لە کوێ؟
(دارا عەلی)
No comments:
Post a Comment