Friday, April 10, 2015

جیهان بەردەوام ئەڕشێتەوە

جیهان بەردەوام ئەڕشێتەوە و کەسێک نابینیت هێڵنجبات.
خاک نەخۆش و 
هەوا، سیخناخ بە ژەهرێکی شیرین. 
ئاو کە خۆی گڕی گرتووە،
ئیتر چۆن ئاگری ئەم هەموو دۆزەخی نەوت و دۆلارەی پێ خەفە ئەکرێتەوە. 
(٢)
بۆ بیرکردنەوە لە تۆ
هێندەی هەناسەیەک هەوای پاکم گەرەکە.
بڕوانە پەلەقاژەی هاواری من
لەژێر باری ئەم هەموو ژەهرەدا و
قاقای دڵنیایی ئەم هەموو نووقمبوون و خنکانە بە دەورمدا.
(٣)
ئەمەوێت بێمەوە.
ئەم کوێرەڕێیە وونی کردووم.
بۆ خۆکۆکردنەوە،
نەبینایی چاوم دیارە،
نەپەلوپۆی دەست و پەنجەم.
ئەڵێ ی لەژێر بەنجێکی قوورسدام،
قوورس هەر وەک ئەم ڕۆژگارە تاریک و نەخۆشانە.
(دارا عەلی)

No comments:

Post a Comment