لە خەستەخانەی ئەم سەدە خوێن ساردەدا،
خودا نەخۆش،
مرۆڤ نەخۆش،
زەوی نەخۆش.
منیش بیمار، لەم سەرابی دوکان و بازاڕەی عومرا،
لەسەر چەرپای ئازارێکی پشتکۆماوە، لە دوایین پەنجەرەی ژیان ئەڕوانم و
خەون ئەبینم کە تۆ دێیت؛
دەمێک دەگەیت، بۆوبەرامەت،
پێش خۆت وەکو شنەی شەماڵی دوا وەشتێ و
سۆزی دەنگت،
چوون چریکەی نەغمەیەکی عەلی ئەسغەر و خالقی خۆی ئەکەی بە ماڵی ڕۆحما.
کاتێک ئەگەیت گیانی گیانان،
ئەڵێ ی پەرداخێکی لێوڕێژ لە سەبووریت،
کەمەری خۆشەویستیت وا لە نێو ماچی پەنجەکانما و
لێواری سەرڕێژ لە عەشقت،
لەسەر لێوی ووشک و تینووم
ژیان ئەبەخشێتەوە بەر دڵەی خەستە و بیمارمدا.
(دارا عەلی)
No comments:
Post a Comment