کاتێک هەڵدێم،
بە ئاسکێکی زامار و گۆشەگیر ئەچم.
ئەڕۆم و
تەنیاییم خوێنی لێ ئەچۆڕێت،
ئەڵێ ی دڵم،
بە خەنجەری درۆ و ڕیا لە سەد لاوە پێکراوە.
(٢)
تۆ بێ من ڕۆییشتیت،
منیش بێ تۆ گەڕامەوە.
تۆ دێت و من ئەڕۆم.
لەم هاتووچوونەدا،
نە قسەیەک ماوە بۆ ووتن،
نە دڵێک بۆ ژیان.
(٣)
چ بەدفەڕێکی گومڕابوویت،
بەکڵوکۆی سووتانمەوە هاتم و تۆ هیچت نەکرد.
چ گوناهکارێکی بەد بووم،
دڵشکاوانە چوویت و من هیچم نەووت.
(٤)
حەیف و جەخار،
لەم جەنجاڵی ڕۆژانەدا،
ژیان بەشی بیرکردنەوە لە تۆ ناکات.
مەگەر مردن فرسەتێک بێ و بوار بدات.
(٥)
ژیان چییە؟
کاتێک کە پردێک نەمێنێت، لە مابەینی مردن و لەدایکبوونەوەیەکیتر.
مردن چییە؟
کاتێک کە ئەوینێک نەبێت، لە شەوقیا دڵ گڕبگرێ و ژیان ڕووناکتر.
(٦)
لەم بازنە داخراوەدا،
هەر هێندەی چاوت کردەوە، ئیتر مەحکومیت بە مردن.
ئیتر تۆ تەنها تارمایی و خولیاو و خەون و سێبەری کەسێکیتریت.
لە منداڵدانی دایکتەوە،
هەر هێندەی تۆ خزایتە نێو
ئەم چواردیوارە بەرینەی چین چین هەڵچوو بە سامی ترس و مەیلی چێژ،
ئیتر ناچاری تەمەنێک شانبدەیتە بەر ئازار و
ئەشکەنجە وەک دەمی گوێزان هەموو ژیان توێ توێ بکا.
تۆش دەرنگانێک تێئەگەیت
بۆ ڕزگاربوون،
لە دایکبوونەوەیەکی تر پێویستە.
No comments:
Post a Comment