بێ تۆیی،
درێژبوونەوەی مردنە لە ئەزەلەوە تا سەر من.
خاڵیبوونەوەی گەردوونە لە تۆنی شەوقی مۆسیقا.
تۆ چوون
دەفتەرێک پڕ نۆتەی ئەم دڵەم بی و
منیش
قەوسی کەمانچە تاقانەکەی ڕۆحی تۆ.
(٢)
نابیناییم
لەم دنیا کەڕ و لاڵەدا،
جگە لە ئۆپێرای عەشق، کەناڵێکی تر شک نابات
دەستی ڕۆحی وونبووم بگرێ و
بمباتەوە بەر دەرگای ماڵی دڵی تۆ.
(٣)
خەمی درێژی دوێنێ ی من،
قاڵبە سەهۆڵێکی گەورەی سەر دڵم بوو
بەر لە هەڵهاتنی نووری ئەوینی تۆ.
کابوسی دنیا و سامی سبەی من
تەمومژێکی چڕ و چڵکنی بەر دیدەم بوو،
بەر لە هاتنی بارانی نۆ عەشقی تۆ.
وەرە ئەی یار،
لەسەر ئاوازی دڵم بمژەنە
با لەژێر ڕێژنەی ئەم ئەستێرەبارانەدا،
ئاوێزانی ڕۆحی تۆ و سەمای ژیان ببمەوە جارێکیتر.
(دارا عەلی 28/2/2014)