جەنگەکانی ئێوە،
لەودیوو پیرۆزییەکانی ئاسمان و
نیشتمان و
دیموکراسی،
ڕیکلامێکی ڕووت و قووتی چاوچنۆکی بازرگانانی سیاسەت بوو،
هەڵگیرسانیان
بۆ ڕامکردنی دڵی من و ڕۆحی تۆ بوو و هیچیتر.
شەڕەکانی ئێوە،
چوون خولیای جەنەڕاڵە دۆڕاوەکان لەسەر مێزی قوومارخانە،
بە پژانی خوێن و
هاڕەی ڕۆح و
کۆتکردنی خەونەکانی ئێمە
دەستی پێکرد.
بە هێڵنجی ماچ و
ڕشانەوەی درۆی ئاشتی و
پەتای دەستلەملانێ ی ڕیا و
ژەهری پێکەنینی ئێوەش،
لەسەر شاشەکانی تیڤی
کۆتایی هات.
لێرەوە،
جەنگی ڕاستەقینەی من،
شەڕی بێدەنگ و ناکۆتای خۆمە لەگەڵ ئێوە
و
مێژووی وەسوەسەکانتان لە مندا.
(دارا عەلی 23/2/2014)
No comments:
Post a Comment