کە (من)ی من، (تۆ)ی (تۆ) بێت و
(تۆ)ی تۆش ... من،
ئیتر لێبووردنی ناوێت،
من ئەزانم
جار ناجارێک سەرئەکەیت بە شانە هەنگی خەیاڵما و
بە دزییەوە
لە شیلەی هەنگوینی خەونەکانم ئەمژیت.
ئیلاهی
چی لەوە شیرینترە،
من شیلەی گوڵی باخان بم و
تۆش چوون هەنگێک
لە ژووانی ڕۆحما نەبێت،
مەست و حەیران، خەو نابینیت.
(٢)
حیکمەتی ژیان خۆی بەسە
لە نیگایەکی لاڕێدا
بوونی من و تۆ بکا بە یەک،
وەکو دوو گەڵای درەختێک
چوون سۆزێکی تۆ هەمیشە لە ڕۆحی مندا قوڵپ بدات.
یا ڕازێکی من بەردەوام لە دڵی تۆدا تاو بدات.
(٣)
بۆ ئەوەی بیر لە تۆ بکەمەوە
هەمیشە بەدوای ناوکۆییەکدا ئەگەڕێم
یاخود
ووزەیەکی چوونیەک
یا ئارەزوویەکی هاوبەش لە نێوان من و تۆ بەسە
تا ختوکەی دڵم بدا و
دوور لە تڕووهاتی دنیا
ژیانی پێ جوانتر بکەم.
چوون
تۆ خەونێکی بێداربی و من لە خەوتنمدا بتبینم.
چریکەیەکی ئارامبی و لە بێدەنگیمدا بتخوێنم.
یا خەمێکی پڕ ئازاربی و لە تەنیاییمدا بتچێژم.
(دارا عەلی 18/2/2014)
No comments:
Post a Comment