تۆ نیشتیمان
چاوەکانت تا دێت کزتر ئەبێ و منیش بچووکتر ئەبینێت.
بچووک بچووک،
چوون مێروولەیەک بم لەسەر ڕێوبانتا،
بێباک لە فلیقانەوەم،
بێئەوەی ئیقاعی ڕۆیشتنت تێکبدەیت، پێ ئەنێت بە ڕۆحما.
بەر لە پلیشانەوەی من،
کۆڵانێکت نەیکرد تانوپۆی تۆزێک بژاکێت
نەگەڕەکێکت وورووژا و
نەجادەیەکت تووڕەبوو و
نە شەقامێکت بۆ ئەبەد بوو بە سێبەری بێزاری و
بە هاوارێک تا
جموجۆڵی شار ئیفلیج بکا و
بە دنیا بڵێ بووەستە
باژیان پرسە نەگێڕێ و پشوویەک بدات.
بڕوانە نیشتمان؛
لەوەتەی هەیت
کەڕ و لاڵن، دادوەرەکانت لە دادگادا و
نابینا و کوێر، خوداکانت لە سەربان و
جرجی پیس و چاوچنۆکن، بازرگان و سیخوڕەکانی سیاسەتت و
چاوی هەمیشە ئەبڵەقبووی عەوامیشت،
تاریک و لێڵ،
نە هەستیان بە گوناهکرد و
نە ویژدانیان لایکردەوە لە غەدری خوێنی ڕژاوی بەر دەروازە و
لاکۆڵان و
سەر شەقامدا.
ئیتر تەواو
لەم زیندانە تاریکەی دۆزەخی نەوتا
تۆ بوویت بە لوورەی ڕەشەبا و
ئەو دەستانەش کە توند کڵاویان لەسەر سەر ڕاگرتووە،
تاک تاک ئەمڕۆ و
کۆ بە کۆ سبەینێ ئەبنە
قالۆنچەیەکی حەپەساو لە نێو قاتێک بیجامەدا،
یا کرمێکی زەوی هەمیشە ماندووی کراس و کابۆ لەبەر و،
مێشوولەیەکی باڵشکاو بە چاکەت و پانتۆڵەوە،
یاخود ڕەوە مێش و مەگەز بە دەستێک جلی کوردییەوە و
لە نێو جێگاو
لەبەر ماڵ و ناو ئۆفیس و
بەر دەروازەکانی زانگۆ و
لاکۆڵان و لەسەر جادەدا،
ئەبێت،
چاوەڕوانی قەدەری پلیشانەوە و فلیقانەوەی خۆیان بن و
هیچیتر.
(دارا عەلی 6/2/2014)
No comments:
Post a Comment