بەدەم خەم و ئازاری ئەم هەموو دڵشکانەی عومرەوە
هێند چاوەڕێی ئامێزێکی فریادڕەس بوویت،
ئاوی چاوت داهات و دڵت هاڕەی کرد،
ئەوی نەفرەتی هەر نەهات.
ئەو نەهات و
تەمومژی دنیات چڕتر و وونبوونت تاریکتر و
شکۆی ڕۆحت لەم دەستتاڕی مەیانەدا ووردوخاشتر.
ترس و بێباکی گەییشتە دوا ترۆپک و
تۆ خنکایت و
ئەو هەر نەهات.
تووڕەییت بوو بە کارخانەی گوناهی نەفرەتلێکراو،
هێشووی بەرە خەون و خولیای دڵت بە چنگ ئەڕنی.
بێزاریت وەکو ڕەشەبا ڕووناکی چرای ئەخنکاند.
مردن گەییشتە سەر عەرش و
تۆ شکایت و
ئەو هەر نەهات.
دوودڵیت بەدەم لەرزەوە تۆوی ڕق و تۆڵەی ئەچاند،
ماڵت کرد بە لانکەی جەلاد،
زەوی بە حەشری دۆزەخ و
تانوپۆی ژیان بە کێڵگەی زام و برین.
تۆ مردیت و
ئەو فریادڕەسە هەر نەهات،
تەلیسمێکی هەر نەگەییە ئەم گۆڕستانی باوەڕە و
شایەتحاڵ چۆن
دنیای بێباک و چاوەڕوان ناڵە و ئازار ئەدرووێتەوە؟!.
(دارا عەلی)
No comments:
Post a Comment