تامەزرۆی دوورکەوتنەوەم
لە خەڵک و خوا،
لە ئاپۆرەی سەر جادەکان،
لە بەرداشەکانی سیاسەت کە بێووچان ڕۆح ئەهاڕێت.
ئارەزووی خۆ دوورخستنەوەم،
لە خەم و مەراقێک دنیا بۆم ئەشێلێ و
بە توولەڕێیەکدا ئەڕۆم، بۆوبەرامی ڕیا و درۆی نەپۆشی بێت.
حەز ئەکەم خۆم بە دوور بگرم.
لە دووریتا،
پڕبم لە شەوقی تۆ ئەی یار
تەنها شنەی شەماڵی خەیاڵتم بەسە
تەنیاییم مەست و خومار بکات.
(٢)
بە بارتەقای دووریت، نزیکم لێتەوە.
لە تەکمایت و هەرگیز دەستم پێت ڕاناگات.
نە تینوێتیم ئەشکێ بە تاوەبارانی شەوقت،
نەڕەو ئەکەم لە هەژمەت هەسری دووریتا.
وەرە ئەی یار
لەم گێژەنەی مەراق و خامۆشی ئۆقرەگرتنەدا،
تەنیایی ڕۆحم هەڵکێشە و
لە بازنەی عەشقی خۆتا، بۆ ئەبەد سەرگەردانم بکە.
(٣)
مەگەر بە چەشنی پەروانە لە سەرووبەندی سووتاندا،
ئاوێزانی ڕۆحت بم و
بە دەم شنەی سەماتەوە،
کوانووی ئاگردانی دڵم جۆش بسەنێ و
شەوقی بڵێسەی بۆ ئەبەد، تاریکی ناخ ڕۆشن بکات.
(دارا عەلی)