(١)
لە نێوانی هەڵهاتن و دەرکەوتنتا؛
ئەی مەحەبەت،
من هەڵوەدای
بەرکەوتنی تەنها تیرێژێک لە نووری دەرکەوتنتم
بەسە
بۆ ڕۆشنکردنەوەی
ئەم تەمەنە کورت و کوێرە و
شپرزەیی ئەم ماڵە تاریک و توونە هەڵلەرزیووەی
کە ناویان لێناوە ژیان.
(٢)
لە لای تۆوە و
بەرەو لای تۆ،
بەنێو تۆدا بوو سەفەرم.
لە لاڕێ دا،
هەر خودایەک هاتەسەر ڕێم،
باری کردم لە ئەفسانەی حەقیقەت و
هەڵوەدای خولیای سەرابی و
کۆڵێک نەفرەت، عەشقی تۆی تیا کاڵ کردمەوە.
لەو ڕۆژەوە
دڵ لێکەوتوو و کوت وکوێر دوای
کەڵکەڵەی ئەم سەرە کەوتووم.
(٣)
باجی ئەم هات و چوونەی دنیا کووشتمی.
وەرە دڵم،
یا لە مندا نیشتەجێبە،
یا لەگەڵ خۆت دوور دوور بمبە.
مەگەر ئەوساتە تێبگەم؛
چ درۆیەکی گەورەیە؛
ژیان،
مردن،
زیندووبوونەوە
جگە لە گەمەیەکی ناچیزەی
زمانی ئەم خەیاڵە شپرزەیە چیتر نییە.
(دارا عەلی)
No comments:
Post a Comment