(١)
لە پێش دیدەی خۆڵەمێشی ئەم چەرخەدا،
دنیا ڕاوی تین و توانی دڵم ئەکا.
من ترسێک لە ئەزەلەوە ڕامیکردووم،
لەم کێبڕکێ خۆکوژیەی ئارەزوودا،
شەو و ڕۆژ ئەکەم بە یەک و
بەر ڕۆشنایی دەرکەوتنێکت ناکەوم.
ئەی مەحەبەت؛
گەر دڵم بێنیتە قسە،
تڕوهاتی ئەم زمانە و
خولیای پووچ و سەرابیانەی ئەم کەللەسەرەم بۆچیە؟
٢
لەم شەوگارە دەیجوورەدا،
وێڵ و سەرگەردان بە دواتا.
دڵم ئەڵێ؛
وەکو پرشنگی ئەستێران ئەبارێت درەوشانەوەت.
نازانم من؛
بەر شەوارەی ئارەزووی چ هۆشێک کەوتووم
وا کورت و کوێر و نابینام.
٣
دنیا تاریک،
خولیا سەرابییەکانی خەیاڵم
لە گەمەی ململانێدا،
دڵمی بە بارمتە دانا.
لەم قوومارخانە ڕەشەدا
هەموو خەونێک مایەپووچە
هەموو ئومێدێک بە سبەی،
بێ لە وڕێنەی کەللەسەرێکی دۆڕاو بۆ بردنەوە
بێ لە مەراقی دوو چاوی تێرنەبووی لەززەت بۆ ئەتککردنی ژیان
چیتر نییە.
(دارا عەلی)
No comments:
Post a Comment