Thursday, November 28, 2013

مابه يني من و تو

  مابەینی من و تۆ تاڵە دەزوویەکی ژیانە و هیچی تر،
  لەوە زیاتر کێشی مەکە با نەپچڕێت.
   لەم مەزادخانەیەی مێژوودا؛
  ئەوەی هەرزان هەڕاجکرا من و تۆ بووین.
  بڕوانە چۆن بووینە ڕاوکەڕ لە چاوەڕوانی دەرفەتێکدا؛
  چەندە شپرزەی مردنین لە ژیاندا و
  چەندە شپرزەی ژیانین لە مردندا.
  وەرە ئەی یار،
  بێهودەیە حەسرەتی ئەم ڕاکە-ڕاکە.
  ئەم هات و چوونە
  کرمێکە لە ناوەوە ناخ ئەخوات و ڕۆح ئەکرۆژێت.
  (٢)
  بۆ گەییشتن بە دامێنت،
  لەم سەری تەمەن تا ئەوپەڕی نامۆیی،
  چەشتم ژەهری تاڵی ژین و باری گرانی ڕۆژگارم گشت لە کۆڵنا،
  لە خۆ دەرچووم و
  وامزانی
  گەیشتوومەتە سەرسنووری کەناری تۆ،
  حەیف و جەخار
  هەر سەراب بوو ئاسۆی دیدەم.
  (٣)
 هەر چرکەیەک تێئەپەڕێت،
  نزیکترم ئەکاتەوە لە خاکوخۆڵ.
  لەم سەفەرە بێهودەدا،
  ئەترسم بگەم ...و...نەگەم
  بە کۆتایی...و...بەشەوقی تۆ.
  (٤)
  قەدەرمە لەم وێرانەیەدا
  هەموو ڕۆژێک، مردنێک تاقیبکەمەوە و
  نەبگەم بەتۆ، نەبەخۆم.
   (دارا عەلی)

No comments:

Post a Comment