(١)
لەم سەهۆڵبەندانی چاوەڕوانییەدا،
ڕۆحم خەریکە ئەیبەستێ و
ئەبم بە قاڵبە سەهۆڵێ.
مەگەر دەرکەوتنی تۆ بێ ی و
گڕی شەوقت دایگیرسێنێت دڵی شەختەم.
(٢)
لە هەڵپەی خەون و خولیادا
هێند شل و پەرتەوازە بووم،
خۆمم بۆ کۆناکرێتەوە
تا بێمەوە ماڵی دڵ و ئاوێزانی ڕۆحی تۆ بم.
(٣)
لەم سەرابستانەی ڕۆحدا،
ڕایەڵەی تەماشام هێندە شل و شیتاڵ و کز بووە
بەبەر دەمیشما تێپەڕیت ناتناسمەوە.
(٤)
لە وەهمی چێژ و لەزەتدا هێند نووقم بووم
مەست و خومارە خەیاڵ و
ئەندێشەی من تین و توانی
وێناکردنی ڕوخساری تۆی نەماوە.
(دارا عەلی)
No comments:
Post a Comment