وەرە ئەی یار،
خەریکە ئەبمە قالۆنچە و
بە بنمیچی شەوانی ئەم دۆزەخەوە،
لە درزێکی تاریک و تووندا نەبێت، هەست بە دڵنیایی خۆم ناکەم.
تۆش چوون کرمێک،
لەژێر داروپەردووی ئەم وێرانەیە نەبێت ناسرەویت.
(٢)
وەرە دوا شەوقی تەنیاییم،
بەسە چنینەوەی مردن،
گەر لەم وێرانەیە دەرنەچین،
من ئەبێت سەرەوخوار تا مردن
لە ئاشوبی ئەم خەراباتە بڕوانم،
لە تارمایی تۆ سڵ بکەم و
لە خۆم هەڵبێم.
تۆش سەرەوژوور لە تاریک و توونی بنمیچەکان ووردبیتەوە،
لە نیگام، خۆت حەشاربەیت و
لە سێبەری خۆشت ڕاکەیت.
(٣)
بێنە دەستت هەموو دڵم
با ئەو دەمامکانە تووڕ بدەین،
ئەو وێنانە دابگرین کە ئێسک و پرووسکی مردووەکان،
دایانکووتی بە چوار دیواری تاریکی ناخمانەوە و
بە تێکشکان بیانسپێرێن.
(٤)
وەرە ئەی یار،
درەنگ نییە، گەر پشت بکەینە
ئەو وانانەی لە ترساندا لەبەرمانکرد.
ئەو سوێندانەی بە درۆوە ئەمانخوارد و
وەکو شەقشەقەش ئەلەرزین.
پەیمانگەلێ،
لەگەڵ بارینی فرمێسکدا،
ئەمانبەست و ئەمانبەخشی.
با تا زووە لەبیری کەین؛
ئەو سزایەی پاش نەڕەیەک خەیاڵی پەژمووردە کردین.
ئەو تووڕەبوونەی تاعوونی پیسدڵێک، گومان و پرسی ووشککردین.
ئەو لوولبوونەی، هەڕەشەیەک هەموو دنیای تاریککردین.
(٥)
وەرە با لە زیندانی ئەم
ژوورە تاریکانە هەڵبێین،
کە ڕووناکی تیا ئەخنکێت،
کە پرسیار تیایدا قەدەغە و
داڵغە کوفر و
گومانکردن هێڵی سوور و
دەنگدانەوەی گۆرانی تیایدا یاساغ و
خولیا و خەیاڵ تیا مەحاڵ و
خۆشەویستی تیا ئەستەم و
گوناهی گەورەی شەیتانی و پڕ نەفرەت بوو.
(دارا عەلی)
Dec./2013