هەتاکو شەوقی تۆ ئەگات،
وەک پشکۆیەکی نەسرەوتی کوانووی عەشق،
بەدەم شنەبای خەیاڵی هاتنتەوە، ڕۆحی ڕووت ئەگەشێنمەوە و
تا بوون بە سووتوو و
ئاوێزان
بە خۆڵەمێشی خاک و خۆڵی ڕێت ئەبم
چاوەڕێتم.
(٢)
بە دەوری نووری خەیاڵتا،
وەک دەروێشی خانەقای عیشق،
تەنیاییم...دەفی ڕۆحی شپرزەم ئەژەنێت و
(خومار) و (بێدار)ی دڵم،
زیکری هەڵهاتنت ئەکا.
کە دەرکەوتیت
کەتەری شەوقی هاتنت
دوو کەرتیکرد
سەفای دڵم؛
لەتێکی کرد بە بریان و
کسپەی قرچەقرچی ڕۆح نەگەییە زار تا شەرحی خۆی بکا.
ئەویتر بە شەختەی سەهۆڵ،
هەموو گیانمی گەیاندە سەر لێواری دوو لێوی لەرزیوو، لەبەر دەمتا.
(٣)
نێوانی من و بێدەنگی،
قسەی پەنگخواردووی دڵێکە،
(زمان) دەستی پێ ڕاناگات.
مابەینی تۆیش و تەنیایی،
هاڕڕەی شکانی دڵێکە،
(بینین) گوزەری پیا ناکات.
(دارا عەلی)
No comments:
Post a Comment