کام ئازادی؟؟!!
گەر لە بەردەم گۆڕەپانەکەی (ئازادی) سەرای شاردا
بە دیداری یەکتر بگەین و
عەشقی تۆ
دەستی لە کەمەرم بئاڵێنیت بۆ ئامێزێ و
من ماچی خۆشەویستیت بکەم،
ئیتر زەوی شەق ئەبات و
سەقفی ئاسمانیش دائەڕمێ و
تارماییەکانی خەڵک و خوا..کینە و ڕقیان ئاگر ئەگرێ و
ئەیکەن بە ڕۆژی قیامەت.
بەردە بارانی نەفرەت و غرووری دڵی چەپەڵیان،
ئێسک و پرووسکی مردووەکان ڕائەچەنێ و
لە بڵندگۆکانەوە؛ کەڵکەڵەی فتوای کوشتن.
لە ڕۆژنامەکانەوە؛ تانە و تەشەر، چون تلیاکی بیرچوونەوە.
لە ڕادیۆ و تیڤیەکانیەوە؛ تۆڕێکی ژەهراوی هەواڵ لە مەترسی بەرەڵایی و
شەرەفی شار ئەکۆڵنەوە.
(٢)
گەر لە پارکی (ئازادی)دا
ئێوارەی ڕۆژی هەینیەک
لە ناو ئاپۆڕەی خەڵک و خوا
بە سەرخۆشی دەهری بم لێت،
بنەڕێنم و شەقەی شەپازلەیەکم دەنگبداتەوە.
بەم دیمەنە دۆزەخیە،
غرووری کەسێک نابینیت برینداربێت.
ویژدانی کەسێک شک نابەی ئاگر بگرێت.
تووڕەیی کەسێک ناترازێت بێتە دەنگ و،
یا هیچ نەبێت،
هاواری پەنگخواردووی ڕۆحی ترساوی تۆ
ئیماندارێک یا شەیتانێک ڕاچڵەکێنێ و،
ژانی دڵ بێنێتە قسە.
ئای نیشتمان،
چ جەنگەڵێکی سامناکت لە ژێر پێستدا حەشارداوە.
(دارا عەلی)
No comments:
Post a Comment