نیشتمان یا دۆزەخ
لە سەر هەر بستە زەویەک، داخان بە کوڵوکۆی ڕقت
کاتێک ئاڵای ئاشتیم هەڵکرد،
سیخوڕەکانت لە بەرگی پاسەوانی نیشتمانی
بۆ ژێر زەمینێکی نادیار پێش خۆیاندام.
(٢)
لە هەر جێیەک، بریندار بە چەقۆی غەدرت
من پرسی مافی ژیانم تیا وورووژاند،
مقەستەکانت بە ناوی ئاساییشی نەتەوەیی
هەڵیان کوتایە سەرسەرم و
کتومت زمانیان بڕیم.
(٣)
لە هەر کوچە و گۆڕەپانێکی بێزارت
بانگی ئازادیتم دابێت،
لە چوارلاوە، تەقەی خۆشی
باندی دژە تیرۆرت گەییشتنە سەرم و
بە دەرزی و دەزووی خۆماڵی دەمیان دووریم.
(٤)
لە مەیانی گەندەڵی هەر گۆشەیەکی سەوز و زەردتا
درزم کردبێتە ڕۆحی بۆگەنیووت،
پاڵەوانەکانی شۆڕش
بە تاوانی دەستدرێژی بۆ سەر شەرەفی نیشتمان،
لە دادگای ژێرزەمینێکدا
سزای مەرگیان بەسەردادام.
(٥)
لە هەر کونجێک جاڕم دابێت
خوادا ئیتر نامانکوژێت،
ئەو ئیتر ڕۆحمان ناکێشێت،
چوون ڕۆژی حەشر هەڵسابێ و من لە دادگادا گوناهبار،
تۆڕێکی پیاوکوژی مافیا
دەنگ و ڕەنگمیان لەگەڵ خاشاک و خۆڵی نیشتمان ئاوێتە کرد.
(٦)
ئیتر تەواو؛
هەر جەلادەکانی حیزبە
بە عەبا و جبەوە دێن و فەتوای کوشتنمان دەرئەکەن.
هەر درۆی گەورەی سیاسەت و
هەر تانوپۆی سێدارەکانی دەوڵەتە،
وەکو تارمایی ئیزرائیل،
سات و شوێنی ڕۆحکێشانمان دیاری ئەکەن.
ئیتر تەواو؛
نیشتمان بۆتە زیندانی بێ ئاسمان و بێ پەنجەرە
بۆ قەدەری عەشقی من و
کونجێکی تاریکی دۆزەخ
بۆ دڵی تۆ.
ئیتر تەواو.
(دارا عەلی)
20/12/2013
No comments:
Post a Comment