ئاخۆ لەم ئێوارەیەدا،
نیشتمانی لەت و پەتم
بە چاوانی بەستراوەوە،
لە نێوانی چەند قاسە و خەزنەی شاراوەی حیزبەکاندا،
بە دزییەوە بێنرێ و ببرێ و
لە ژێرەوە دەستاودەست و
بە نهێنیش ئەتک بکرێ.
٢
ئاخۆ ئەمشەو
نیشتمانی وورد و خاشم،
لە باخەڵی چەند کۆنە شۆڕشگێری شاخ بێتەدەرێ و
لەسەر مێزی قومارخانەی شەوی درێژی سیاسەتدا،
وەکو بارمتە دابنرێ و
لە حەسرەتی بردنەوەدا،
چەند جار و بار،
پارچە پارچە،
زامی جەستەی خوێن لێڕۆیشتووی
بۆ فرۆشتن، هەڕاج بکرێت.
٣
ئاخۆ بەم بەرەبەیانە
نیشتمانی ڕووت و قووتم،
بە ڕووزەردی،
لە کام ژووری داخراوی ئوتێلێکدا،
بە سەرخۆشی و
لە سەر کۆشی پەیمانی نهێنی نێوان
کام جەلاد و سیخوڕ و کامە سەرۆکدا هێڵنج بدا و
بڕشێتەوە و
لە بن باخەڵ و باوەشی
داوێنپیسێکی چ مەلها و تیاترۆخانەیەک باوێشکی دوور و درێژی بدات.
٤
هۆ نیشتمانی قاندراو
بە تارمایی کوردکوژ و خەونکوژەکان،
پاژنە پۆستاڵ و قۆنەرەی ژەنەڕاڵ و قاچاخچییەکانت،
ڕووخسارتیان بە شێوەیەک داپڵۆسیوە،
دەلاقەیەک بۆ هەڵبڕینی سەرم و
دەرکەوتنی دەموچاوی من نەماوە
تا هاوارێک،
یا هیچ نەبێت،
نووزەی دەنگێکی بێزارمی تیا ببیسترێت.
(دارا عەلی)
No comments:
Post a Comment