Friday, December 20, 2013

له دووريتا


  لە دووریتا،
  ژیانم پیر و کەنەفت بوو.

  چاوەڕوانییت،
  چون کۆڵەخەمی گەردوون بێت، 
  بۆ ساتێکیش لێنەگەڕا،
  هەروا بەسەر شان و ملی پشتکۆماوەی تەمەنمەوە.
  بێ تۆیی من،
  وەک فڵچەی وێنەکێشێکی بێ لانە و جێ،
  چرچ و لۆچی نەخشەی مێژووی ئازار و ژان،
  لەسەر ڕووخساری نامۆیی من ئەکێشێت.
(٢)
  بەڵام هێندەی
  بۆوبەرامەت،
  شەماڵ بە لەنجە و لار هێنای،
  گەردوون بچووک بچووک بووەوە، وەک دەستی تۆ و
  لە گەیشتنیشتا زەمین،
  دیسانەوە بووەوە بە جێگەی ژووان.

 کە ئەدوایت، چوون دڵم بدوێت
  ژیان ئەدوا و
  لە پنتی بە یەکگەییشتنی من و تۆشدا،
  چی تروهاتی دنیا بوو،
  لەسەر پەڕەی دڵمان وەکو هەڵمی دەم (با) 
  ئەڕەوییەوە.

(٣)
  کە تۆ لێرەیت،
  ئەچمەوە سەر سرووشتی خۆم،
  چوون پژوپۆی چرۆکردووی درەختێک بم، لە سەروبەندی شکۆفە کردنیدا.
  یا شەوقی باڵندەیەک کە بە چریکەی جلیوەیەکی گەردوون بێنێتە قسە،
  یا خەونی تاشەبەردێک بم، لە خەیاڵی ڕێبوارێکدا.
(٤)
  من هەر تۆم هەیت
  گەر ڕۆژێک فەرامۆشت بکەم،
  ئەزانم تانوپۆی دڵت درز ئەبات.

 گەر تۆش بێ ئامێزکردنێک جێمبهێڵیت،
  دڵنییام کە شوشەی دڵم هاڕە ئەکا و
  ئیتر شیرازەی تەواوی گەردوون ئەپچرێت،
  نە ڕۆژ ئەڕوا و
  نە تاریکی تەنیایی شەو کۆتایی دێت.
(دارا عەلی)
20/12/2013

No comments:

Post a Comment