تۆ پێم بڵێ،
دۆزەخ چییە
جگە لەوەی؛
چاوەڕوانیت بێووچان چاوبگێرێت و
منیش لەسەر مێزێک مەیلی دڵی تۆم بیرچووبێتەوە.!!
یا من ساتێک
لەبەردەمتا، گەییشتنم داگیرسێنم و
شەوی دڵت بە شەوقی سووتانم، ڕووناک نەبێتەوە!!
(٢)
دۆزەخ چییە جگە لەوەی؛
چیتر گرنگ نەبێت بۆ تۆ، من چی ئەڵێم.
چوون ڕاز و نیازی پەنگخواردووی نێو سینەی تۆ،
لە نەفەسی قووڵی مندا
هەڵوەرێت و
هاواری خنکاوی منیش،
لە فرمێسکی چاوی تۆدا.
(٣)
دۆزەخ چییە جگە لەوەی
چیتر مەیلی چاوەڕوانیتم نەمێنێ؛
لەسەر جادە و
لە گەییشتنی بەر دەرگا و
لەسەر مێزی نانخواردن و
سەر جێگادا.
(٤)
دۆزەخ ئەوەیە من و تۆ؛
چیتر هیچمان نەمابێت بۆ گووتن.
یا سەروبەندی پیاسەیەک شک نەبەین بۆ دەستگرتن و
گۆرانیەک نەبێت تایبەت بە من و تۆ، بۆ گوێگرتن.
(٥)
دۆزەخ؛
کووژانەوەی منە،
لە دڵی سارد و تەنیای تۆ.
یا دۆڕاندنی شەوقی تۆ،
لە گۆشەی تاریک و توونی ڕۆحی مندا.
(دارا عەلی /10/1/2014)
No comments:
Post a Comment