بیرت ئەکەم
(١)
من،
قەدەرم بە جۆرێک
تووڕدراوەتە سەر ئەم هەسارە تاریکە،
نە ئارەزووی دنیا دڵی بێزارم ئاسوودە ئەکات،
نە ئەم بەهەشتەی دەم خەیاڵ،
نە وەهمی کەللەسەرم و
نە پەساپۆرت،
نە نیشتمان.
(٢)
تۆش،
لەم دۆزەخی زەمەنەدا،
چوون زیندانێکی هەڵهاتوو
لە چوار دیواری بێدادی ترس و تاوان،
بە قرچەقرچی ئازار و بۆسوێی سووتانی زامتەوە
ڕائەکەیت و
لەسەرڕووی ئەم گۆی زەمینە،
جێگەیەکی دڵنیا بۆ سرەوتنی بیماری ڕۆحی شپرزەت نادۆزییەوە
پەنابەریت ڕووی تێبکات.
(٣)
تۆ چیت ئەوویست
جگە لە گۆشەیەکی خۆشەویستی و هیچیتر،
تا بتوانیت،
لە ئامێزیا
دەرگای دڵ لەسەر زمانت ئاوەڵا بکەیت و لە ناویا
بێ ترس بدوێ ی و
پێبکەنی،
چوون سووتانی مۆمێک لە تاریکی مندا و
هەڵکشانی ژیان لە ئاوازی شەوقی خۆتدا.
(٤)
منیش پەنایەکم ئەوویست،
لەسایەیدا،
بێسڵەمینەوە بگریم،
بێشەرم گۆرانی بڵێم،
لە دڵەوە دان بۆ باڵندەکان ڕۆبکەم،
بێترس و لەرز، لە بڵندگۆکانەوە بانگی خۆشەویستی بدەم،
لە دوورەوە، سڵاوی بێدەنگی سەگێک بسەنمەوە و
ژانی لە دایکبوونی منداڵێک و بێچووە بەرازێکم چوونیەک خۆشبوێ و
ئیتر هەرگیز بە گوزەری خوێناوی قەسابەکاندا نەڕۆمەوە و
بۆ میوانداری ڕووناکی
ئێواران خۆر
لەگەڵ خۆما بەرمە ماڵێ و
بێ دوودڵی ئینجانەکانت ئاو بدەم،
بەڵکو لەکونجێکی غەریبی ڕۆحمدا، گوڵێکی موحیبەتی تیا بپشکوێت،
گوڵێک بۆنی تۆی لێ بێ و هیچیتر.
(٥)
ئیلاهی
ئەم هەموو مردنە بۆچی؟
لەبەردەم هەزاران پرسیاری بێ وەڵامی مناڵیم لە تۆدا و
هەزاران چیرۆکی پڕ گوومانی تۆش لە مندا.
(دارا عەلی.30/1/2014)
No comments:
Post a Comment