ئیلاهی
هەر دڵم ماوە،
ئەویش وەکو لەزگەی برین
بکە بە سەدان پارچەوە و بە ڕاست و چەپ
بیخەرە سەر
تانوپۆی نەخشەی برین و زامی خوێن لێڕژراوی تەمەنێک،
کە بە تیغی چەقۆی حیزب و غەدری سیاسەت
لەسەر مێزی قومارخانەکان نەخشێنران.
(٢)
چەندە کووشندەیە پەتای
ئەم نیشتمانی برینە.
بێ دەرمان و بێ برین پێچ،
پژانی خوێنی دڵ تیایدا بەربووە و ناگیرسێتەوە.
(٣)
ئەی نیشتمانی لەت و پەت
پەتای ئەم ئاشبەتاڵانە بۆتە تاعوون،
بە چواردەورا تا بێت درێژ ئەبێتەوە.
تۆ تەنها جارێک عاشقبە و
ڕۆڵەکانت هێندە بێباک
بۆ جەژنەکانت سەرمەبڕە.
(٤)
بۆ کوێ ئەچیت،
تۆش ڕۆژێک دێت کەنەفت و پیر، پشتکۆماوە
بۆ ڕۆشنکردنەوەی بەر پێت،
پێویستت بە ئەوینێکە دەستت بگرێت.
بۆ ئاوەدانکردنەوەی تەنیاییت،
ڕۆحێکی بە دەربەستت گەرەکە،
خۆشەویستیت گۆشی کردبێت.
لەوە ئەچێت نەوەکانت
سبەی ڕۆژێک،
ئەم جەنگەڵەت بخەنە زبڵدانەوە و
ئەم جیهانەش لەوە بچووکتر ببینن کە ماڵیان بێ و
خەون ببینن و خولیایان
گەردوون بکەنە نیشتمان.
(دارا عەلی 22/1/2014)
No comments:
Post a Comment