تا ئازاری تەنیایی مانگ ئەسرەوێت و چاولێک ئەنێت،
هەموو شەوێک،
من لە خانەقای دڵمدا،
بەدەم زیکری عەشقی تۆوە،
لە نێو کڵپەی سەمایەکدا ئەسووتێم تا
لە بۆوبەرامەی یەقین و تەموومژی کەللەسەرم ڕووت ئەبمەوە و
لە کازیوەی بەربەیاندا، ئەبم بە تۆ و
ئەگەیت بە من.
(٢)
من بۆیە پێت ئەڵێم دڵم،
چوون ئاوێنە،
من خۆمی تیا ئەبینمەوە و
لە غوربەتی غەریبیشما،
شەوقی تۆی پێ ئەناسمەوە.
(٣)
من دڵمم بۆیە خۆشئەوێت،
بەر لە پرشنگی هاتنت،
بەر لە بیستنی مۆسیقای گەییشتن و بۆوبەرامەی دەرکەوتنت،
برووسکەیەک لە نادیارەوە لە چەشنی خورپەیەکدا،
ڕازی دڵی تۆم بۆ دێنێت.
(دارا عەلی/15/1/2013)
No comments:
Post a Comment