Wednesday, October 31, 2012

ژیان هونەری داهێێنان و گەشەسەندنە




مرۆڤ ساتەوەختێک هەڵگری مانایەکە بۆ ژیانی خۆی کە بە ڕۆحێکی گەورەی هونەرمەندانەوە سەرقاڵی ئەزموونکردنی خودی ژیان بێ و ژیانیش وەک بابەتێک و سەرچاوەیەک بۆ بیرکردنەوە و تێڕامان سەرنج بداتێ بە مەبەستی بەرهەمهێنانی داهێنانی نوێ، داهێنانێک کە ژیان دەگەیەنێت بە ئاستێکی بەرزتر و باڵاتر. دیارە، ڕۆحگەلێکی مەزن لەم بابەتە بەرپایە لەسەر بنەماکانی خۆشەویستی بۆ جوانی ودانایی و خواستی هێز و گەشەکردن و بڕوای بە مەزنی و  بەرگریکردن لە ناخ و خود جڵەوکردنی دەروون  و کاری سەرچڵی هەیە.

‌هەرچی بوونەوەرانی ملکەچ و ئەڵقە لە گوێ ی دەسەڵاتدارەکانیشە، یاخود مرۆڤە گوێڕایەڵ و بە کۆیلەکراوەکانی بەردەم خودای ئایدۆلۆژیاکان و ئەو خەڵکی عەوام و ترسنۆکەش کە لە هەناوی پاشکۆیی مێگەلەکاندا نەبێت ئارامی و دڵنیایی نادۆزنەوە. ئەمانە ڕۆحگەلێکن ئەزموونی شێوازێک ژیان دەکەن کە بەتەواوی خۆیان خاوەنی نین، واتە ڕۆحیان، بوونیان چوون وەک بارمتە لە بەرامبەر ژیانیاندا دانرابێت ئاوا مامەڵەی دەکەن. 
دیارە، هەستی ملکەچی و کۆیلەیەتی و پاشکۆیی  بەرهەمهێنەری دۆخێکی سایکۆڵۆژیە ئەوتۆیە کە تیایدا مرۆڤ هەست بە خاوەندارێتی تەواو ناکات بۆ خودی ژیان و ڕۆحی خۆی، بەڵکو ئەو هێزانەی بوونی ئەم مرۆڤەیان جڵەو کردووە، بەشدارن لە خاوەندارێتی بۆ ژیان  و بۆ ڕۆحی ئەم. بۆیە مرۆڤی ڕەشوک و عەوام و زەلیلی لەم جۆرە، ژیانێک ئەژین کە ژیانی خۆیان نییە، ئەمانە ژیانێک ئەزموون دەکەن  بەتاڵ لە مانا و خواست و داهێنانی و مەزنی. ژیان بۆ مرۆڤانە هۆکارێکە بۆ بەدەستهێنان و پڕکردنەوەی پێویستیەکانی ڕەزامەندی خواوەندەکان و گەورەکان و ڕۆحی مێگەل ئاسا و چاوچنۆکی و دڕندەیی بەرپرس و دەسەڵاتدارەکانیان.
‌دەکرێت بڵێین ئەم بەدبەخت و زەلیلانە ژیانێک ئەزموون دەکەن و دەژین (نەک بۆ خۆیان)  بەڵکو لە پێناو دەستەبەرکردنی پێویستیەکانی میکانیزمی تێرکردنی خواست وویستی هێز لای گەورە و دەسەڵاتدارەکانیان.
لێرەوە، ڕەگوڕیشەی زووربەی  بەدبەختی و کوێرەوەریەکانی ژیانی مرۆڤ تا ئێستاش بەرهەمی جیهانبینی و بیروباوەڕەکانی خودی مرۆڤە خۆیەتی لە پەیوەند بە بوون و بە گەردوون و جیهانەوە 
‌ 

Sunday, September 23, 2012

کوێرەوەری

.... هێند بە دەوری ڕەشەباکانتەوە هاتم،
 هەتا ڕۆژێک گەردەلوولێکت قووتی دام.
هێند بەدیار شەوگارەکانتەوە دانیشتم،
تا چەپۆکێکی تاریکیت لە هەناویدا لووشی دام.
 هێند دوای چاوگی قەتارەی دوکەڵی سووتانت کەوتم،
 هەتا تاوی ئاگرەکانت لە قەدیانەوە ئاڵاندمی و چوون پەڵەیەک لە خۆڵەمێش بەجێتهێشتم.
هێندە بەدیار خەونی پاڵەوانەکانتەوە لە چاوەڕوانی پەڕجوویەکدا،
 ئاوی چاوانم داهات و بووم بە هەڵمێک پەرت پەرت،
 وەکو هەورێکی بێشووناس،
 نەمامێکی تەمەن کورتی ناو ئینجانە و
 چوون جانتایەک بێ نیشتمان، لە سەفەری ئەبەدی دا،
چوون هاوارێک، جێ پێی شپرزەیی لەسەر دڵی دیارە و دنیا لێی ناپرسێتەوە.

ئەمئێستا من ئاسمانێکم بەسەر نەخشە وەهمیەکاندا،
 پڕم لە کۆچی ناوەخت و لەشەقەی باڵی شپرزە و لە تەموومژ.
وەرزێکم لەودیو بازنەی زەمەنەوە هەر هێندەی سەوز بووم، دەوەرێم،
هەر هێندەی وەریشم، دەسووتێم
 کوێرەوەری;
 تا چاوبڕکا جگە لە بەختی ڕەشی خۆی شتێکی تر بەدی ناکات.
 سەرهەڵبڕین کانگای ژانەکانی ئەوە،
 بۆیە دەگمەنە سەرنج بداو، مەحاڵە دەنگ هەڵبڕێت و چڕ بێتەوە لە ڕووانین و لە تێڕامان.
 ئەو هەمیشە چاو دائەخا و
 چاوەڕوانی موعجیزەی نزاکانیەتی و
 ڕووی خۆی لە بڵندگۆی ئاسمان ئەکات.
 من ئەو وەختە بەر شەللاقی کوێرەوەری ڕۆژگار کەوتم،
 کە لەدایکبوونمی کردە قەدەر و،
 لە یەکەمین گریانمەوە، هەناسەکانمی دایەدەست تەمومژی چارەنووسێکی نادیار.
 لەو وەختەوە ڕەبەنێکی کۆتکراوی خۆشەویستم
 کە بووم بە لەتێک ئاوێنەی تێکشاوی ڕۆحی تارتان.
ئەمئێستاکەش،
سامی ترسەکانی ئێوەم لێ ئەچۆڕێ و
 شپرزەییتان بەتاڵم ئەکاتەوە لە ئەندێشە و خولیا و خەیاڵ
کاتێک تارمایی سێبەرتان، توڕی ئەدامە کونجێکی سەر لە کۆش و تەنیا و گریاو،
 ئەبوومە گەڕیدەی وونبوو و لە تەموومژێکی چڕی ووڕێنەدا نغرۆ ئەبووم.
 ئەو کاتانە هەرگیز من نەبووم کە ئەژیام
کۆپی ئێوە بوون لە مندا،
کە ڕەشەبای لەناکاوتان، فێریان کردم چۆن وەک گەردەلوول هەڵبکەم.
گومانە تاریکەکانتان، دەرسیان دادام چۆن خۆم بدەم بەدەستەوە و سەرهەڵنەبڕم.
 ئاگربارانی چواروەرزەی نێوچاوانتان، فێریان کردم چۆن وەک تووڕەیی بتەنمەوە بە چوار دەورا و ڕەش و سپی تێکەڵاوکەم.
لە کرووزانەوە و شیوەن کردنتانەوە فێربووم بە لاوانەوەی شمشالێک چۆن چڕ دابارێم.
لە یەقینەکانتانەوە فێربووم چۆن تووند بە ڕۆژی ڕوون دەستم بگرم بە چاومەوە.
 لە بێدەنگی هەمیشەتانەوە فێربووم چۆن بێباک بم لەتەماشا و لە ڕوانینما.
 چۆن دنیا پڕکەم لە بوغز ژیان پڕکەم لە نەفرەتی.
 بەس ئەو ساتەی،
 ڕووناکی بوو بە مامان و لە منداڵدانی شیعرێکا هاتمە دەرێ
 ئەو سات-وەختە ڕۆژی لە دایکبوونی من تۆمار ئەکات.
من تەمەنم لێرەوەیە،
 ژیان ئێستە دەست پێئەکات،
 لە کاتێکدا، لە پانتایی ئەوینی تۆ ڕائەمێنم،
 تۆش لەسەر پشت
بیر من و لە باران وباڵندەکان دەکەیتەوە و
 ئەمخەیتەوە سەر کەڵکەڵەی خولیا و خەیاڵ
 تا لەبەردەمتا بێشکبم لە هەڵڕشتنی سەراپای گوناهەکان
 لە تەکاندنی تۆزوخۆڵ بەسەرشانی گومانەکان
 تا باڵی درۆکان دەکەم
 چێژی چەقۆکان پەت ئەکەم
تا قفڵی ژەنگرتووی ئەم دەروازە ئاسنینە تێکئەشکێنم
تا دڵم لە سینەی تۆدا و
... ترپە ترپی دڵی کۆترێکیش لەسنگی مندا.

Saturday, September 22, 2012

کۆمەڵگا و ماشێنەکانی بەرهەمێنانی ئازار

تا ئەو کاتەی لێدان و ئازار و ئەشکەنجەدانی جەستەیی و دەروونی مرۆڤ لەلایەن مرۆڤەوە پاساوی بۆ بهێنرێتەوە، ئەستەمە بتوانین مێژووی ئەو ڕۆحە دڵ ڕەق و دڕندەییەی بیروباوەڕە ئەفسانەییەکان پەروردەیان کردووە لە خودی ئەقڵی بیرکردنەوەی ئێمەدا جڵەو بکەین، ئەمە لە لایەک، لە لایەکی ترەوە مەحاڵە بتوانین ئەو غەریزە کێویە ئاژەڵیانەی (کە بەرهەمی بۆماوەن genetic )لە نێو ناخ و دەروونی خۆمان ڕام (کۆنترۆڵ) بکەین.
ڕاستە مێژوویەک لە بارودۆخی جیاوازو تایبەت پێویستە بۆ ئەوەی پێکهاتەی بونیادی مرۆڤ سرووشتی بۆماوەی ئەو پۆلە جینە هاوبەشەی نێوان خۆی و گیانەوەرانی تر بگۆڕێت و بە ئاڕاستەیەکی تریان ببات لە ڕێکەی گۆڕینی شێواز و سرووشتی ئەزموونکردنی ژیان و بیرکردنەوەیە، بەتایبەت ئەو پاشماوە جیناتیکانەی کە بەرهەمهێنەری خۆشی و لەززەتن بینن لە پراکتیککردنی توندووتیژی و ئاکار و کردەوەی دڕندە ئاسای کێویانە کە لە ئاژەڵە کێوی و دڕەندەکاندا بەرچاو دەکەوێت. ئەستەمە کۆتاییهێنان و ڕزگاربوون لەم ڕۆحەی نوقمە لە دڵ ڕەقی و لەو باوەڕە پڕ لە تووندوتیژەییەی لە یەقینێکدا چەقی بەستووە و لەو ئەقڵەی ناخی پڕبووە لە کار و کردار و پیلانی دڕەندە ئاسا، مەحاڵە نەجات بوون لەم کەلتوورەی بەرهەمهێنەری ئازاری ڕۆحی و جەستەیی گیانلەبەرە کۆمەڵایەتی و کێوییەکانە، مەگەر تەنها ئەو کاتە مرۆڤ بتوانێ کە حەقیقەتی مرۆڤبوونی خۆی پەی ببات، ئەو کاتەی کە بوونی خۆی، هەڵوێست و کرداری خۆی، بیرکردنەوە و حەز و ئارەزووە غەریزەییەکانی خۆی جیابکاتەوە لە سرووشتی نائەقڵانی کار و کردەوە و ئارەزووە غەریزەییەکانی ئاژەڵە دڕندە و کێوییەکان، مەگەر تەنها ئەو کاتەی خودی مرۆڤ شۆڕشێک بکات بەسەر بیرکردنەوە و جیهانبینییدا؛ بیرکردنەوە و جیهانبینیەک کە تێیدا بوونی نەک تەنها مرۆڤ بەڵکو هەموو ئەو گیانلەبەرانەش کە بوونەتە خۆراکی ڕۆژانەی مرۆڤ لە جیهاندا( لە بێچوویەکەوە کە لە منداڵدانی دایکیدایە تا دەگات بە گیانلەبەرێکی تەمەندار) وەک دوا ئامانج سەرنجی لێ بدرێت، نەک وەک ئامراز و مەبەستێک بۆ تێرکردن و پڕکردنەوە و دابینکردنی ئارەزوو و پێویستیە کاتی و هەمیشەییەکانی یەکێکی تر.
مێژووی مرۆڤایەتی بە هەموو و تراژیدیا و ڕووداوە خوێناوییەکانیەوە بەرهەمی ئەو بارودۆخ و سروشتی مێنتاڵیتیەن کە تێیدا مرۆڤ هەمیشە کراوەتە مەبەست و ئامرازێکی ڕووت ڕووت و لەو ماهیەتە دابڕێنراوە کە خۆی لە خۆیدا ئامانج بێت. ئەم شێوازە بیرکردنەوەیە، هەلومەرجێکی تایبەتی سایکۆلۆژی و ئەخلاقی ئەوتۆی لە ناو کۆمەڵگاکاندا بەرجەستە کردووە کە تیایدا مرۆڤەکان بۆ خۆیان ئیرادەی زامنکردنی ئاسایش و توانای دەستەبەرکردنی دڵنیایی ڕۆحی و دەسەڵاتی پاراستنی ژیانی خۆیانیان پەی پێ نابەن، بۆیە بە ناچاری سەرقاڵی دروستکردنی کاریزما ئەفسانەییەکانی نێو خەیاڵی خۆیانن و دواتر لەسەر دەستی خۆیان سەردەستەکان و دکتاتۆرەکانی خۆیان پەروەردە دەکەن و ئەو کاتەش ستەمکاران لەکۆمەڵگادا هەمیشە خاوەن بڕیاری چارەنووسازنن و ماشێنەکانی دەسەڵات لە لەجیاتی خۆشگوزەرانی، بەردەوامن لە بەرهەمهێنانی ئازار ئاوێتەکردنی ئازار لەگەڵ سروشتی ژیانی ڕۆژانەی هەموو گیانلەبەرەکانی سروشت. لە لای من، مرۆڤە گەوەرەکان، ئەو کەسانەن کە توانایەکی گەوەرەی کۆنترۆڵکردنی ئارەزوو و لەززەت و چێژە مادیی و دنیاییەکانیان هەیە. مرۆڤگەلێکن کە چارەنووس و قەدەریان ناکەنە کۆیلەی چێژ و لەزەتێکی دەستەمۆکراوی هەنووکەیی و قوربانی ئارەزووە بەرهەمهاتووە ئێستاییەکانی کۆمەڵ. خەونی مرۆڤی گەوەرە گەلێک لەوە بەرینترە لە چوارچێوە سەپێنراوەکانی واقیعی ئێستەدا جێگەی بێتەوە، چێژ وەرگرتن و لەززەتبینینیان لەودیو سنوورەکانی ئەقڵی ئەو کەلتوور و کۆمەڵگایانەوەیە کە خەون و ئارەزووەکان وەک خەیاڵی بە قووتووکراو و ڕازاوە دەخەنە سەر سفرەی ئامادەی ژیان و لە ڕێگەی ڕیکلامەکانیشیانەوە شەوانە بەر لە چوونە جێگا بۆمان فۆرمۆلە دەکەن دەیکەنە بەشێک لە خەون و خولیامان.

Tuesday, September 18, 2012

ڕزگاری مرۆڤ، ڕزگارکردنی سرووشتە

ترسناکترین شت ئەوەیە تاکەکانی ناو کۆمەڵگا یەک چەتری خەیاڵ کۆیانبکاتەوە و لە دەوری یەک جۆر ئایدیا و ئەلتەرناتیڤی ئایدیاڵ گردببنەوە و لە دەوری یەک بازنەی ئامانج و یەک خەون و یەک هیوا بسوڕێنەوە و مەوداکانی خەیاڵیان لەسنوورێکی داخراوی کوێرە دێیەک و شارێکی گچکەو هەرێمێک و ووڵات و ناوچەیەکدا قەتیس بێت. هەرە گرفتی سەخت و سامناکترین کێشەی بەردەم بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی هاوتایە لەگەڵ چەقبەستنی جیهانبینی و ئاوێتە بوونی ئەقڵی سوونەتی زاڵ لەگەڵ هۆش و هەستی بوونیادە بیرکەرەوەکانی ناو ئەو کۆمەڵگایەدا. یەکێک لەو بەربەستە گەورەکانی بەردەم گەشەی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی چۆنیەتی تێگەیشتن و خوێندنەوەی ئێمەیە بۆ بەهای مرۆڤبوون و جێوشوێنی ژینگە ( سەرتاپای گەردوون )و گاریگەریەکانی لەسەر ژیانی ئێمە و چارەنووسی نەوەکانی ئاییندە. ترسناکترین شت ئەوەیە کە لەلایەک، بوونی مرۆڤ و بەهای مرۆڤبوون خۆی لە خۆیدا نەبێتە ئامانج لە دیدە و بیرکردنەوە و هەڵوێستی ئێمەدا، لەلایەکی ترەوە، کەمبایەخدان و تێنەگەییشتن لە گرنگی ئەو پایە بنەڕەتییانەی کە سەرچاوەکانی ژیانیان لێهەڵقووڵاوە و ئەمەش پەیوەستە بە بەرز ڕاگرتنی بەها و نرخی ژینگە و پاراستنی سرووشتی هارمۆنی ئەم گەردوونە، ئەو کاتەی ئەمەش نابێتە ئامانجێک و بە پەرۆشەوە سەرنجی نادرێتێ لە سیستمی بیرکردنەوە و هەڵوێستی ئینسانەکاندا، دەکرێت لە ئەنجامدا ببێتە مایەی چەندین کارەساتی تری گەورەی تراژیدی و تێکچوونی زیاتری هاوسەنگی سروشتی زەوی، لەدوائەنجامدا ڕووداوی لە چەشنی لافاو و ئاگر کەوتنەوە وسونامی و بەرزبوونەوە و نزمبوونەوەی پلەی گەرما بەشێوەیەکی کتوپڕ و لەناکاوی لێبکەوێتەوە لەسەر زەمین. ئەوەتا بێباکی و چاوچنۆکی دەسەڵاتدارانی سیستمی بەرهەمهێنانی سوود و قازانج و بازاڕی ئەم سەردەمە لە پشتگوێخستنی سرووشت و ژینگە لەسەر حیسابی ژیانی ئینسانەکان لەسەر زەوی گەییشتۆتە ئەوپەڕی. بێدەەبەستی لەئاست ڕادەی بێسنووری سووتانی سووتەمەنی زیانبەخش لە پێناو قازانج و بەرهەمهێنانی کاڵاکان و بەکاربردنیاندا بۆتە مایەی زیادبوونی ڕۆژ لەدوای ڕۆژی ڕێژەی غازی CO2 لە ئاسماندا و ئەم دیادەیەش بۆتە هۆی درووستبوون و ووردە ووردە گەورەبوونی ئەو دەلاقەیەی نێو توێژی ئۆزۆن لە خولگەی زەویدایە، ئەو ئەلەمێنتانە -جسيمات- ی پێکهاتەیەکن لە تیشکی خۆر و زەرەرمەندن بۆ ژیان و بوونی زیندەوەران لەسەر زەمین وەک ئەلەمێنتی ئەلفا و بێتا، کاتێک تیشکی خۆر بەر توێژی ئۆزۆن دەکەوێت، ئۆزۆن، ئەم ئەلامێنتانە بە ئاڕاستەی پێچەوانە دەیانگەڕێنێتەوە بۆ ناو بۆشایی فەزای دەرەوە. نەبوونی نرخێک بۆ ژیانی خود و بێباکی مرۆڤ لە بەرهەمهێنانی مانایەک بۆ بوون لە لایەن تاکی کۆمەڵەوە، بەرمهێنەری زۆرێک لە ڕووداوە تراژیدیاکانی مێژووی مرۆڤایەتی بوون و لە ئێستا و لە ئاییندەشدا گەر گۆڕانی جیدی لە سیستمی بیرکردنەوەی مرۆڤەکاندا ڕوونەدات، دەکرێت زۆر ڕووداو و کارەساتی گەورەی تر لە هەڵوێست و بڕیاڕ و کردەوەی مرۆڤگەلێکی بێباک لەم سەردەمەدا ڕەچاوبکرێت .
پشت گوێخستنی لێکدانەوە و لێکۆڵینەوەی زانستیانەی دیاردە سرووشتیەکان و ڕووداوە چارەنووسازەکانی نێو کۆمەڵگا و نەبوونی تێڕامانی قووڵی فیکری بۆ کاریگەری کات و شوێن، توانای بیرکردنەوەی زانستیانە و دووربینی مرۆڤی ئێمەی تەواو کز و لاواز کردووە. یەکێک لەو هۆکارە سەرسەختانەی بەرهەمهێنەری ئەم کوێرەوەریە تراژیدیایەیە لە خەیاڵی مرۆڤدا، بڕواهێنانە بەو یەقینەی خۆپەرستەی کە ئەزموونی (ئەو) سەرەتا و کۆتایی هەموو ژیان و گەردوونە. هەروەها ئەو شێوازەیە لە بیرکردنەوە، کە بوونی (ئەو) هەم قەدەرێکی مەحکومە و هەم چارەنووسێکی دەستنیشانکراو لە خالقەوە. قەناعەتیشی وایە کە ژیانیشی لەنێو هەموو ژیانی بوونەوەرەکانی تر چ نییە جگە لە هۆیەک کە بوونی ئەو وەک بڕوادارێک دەخاتە ژێر تاقیکردنەوەیەکەوە لە لایەن هێزێکی بێسنووری سەروو خۆی لەم ئەزموونە دنیاییەیدا. گەردوونیش بە سرووشت و جیهان و کۆمەڵگاوە ئامرازێکی ئامادەکراوی ترن بۆ خزمەتی ئەو و برەودان بە پێشبڕکێ نێوان ئەو و کۆمەڵگاکان و هەوڵی سەرکەوتنیان لەم تاقیکردنەوەیەدا و گەیشتنیان بە پاداشتە سەرمەدییەکان لە ژیانی ئەبەدی ئەو دنیای تردا. پێم وایە ئەمە یەکێکە لەو هۆکارە بنەڕەتییە کەلتووریانەی کە بە پشت ئەستوور بە چۆنیەتی خوێندنەوەیان بە مێنتاڵتیەکی ئەفسانەیی بۆ ئەفسانە مێژوویەکان، هەر لەسەرەتاوە لە ژێر کاریگەری ئەم ئەقڵە ئەفسانەییان فۆرم و شێوازی بیرکردنەوە و سنوورە دیاریکراوەکانی مەعریفە و زانین و تواناکانی تێگەییشتن و شێوازەکانی فێرکردنی مرۆڤەکان دادەڕێژن و دیاری دەکەن و لەڕێگەی پەند و حیکمەتی وانەکانیەوە، ڕۆحی بێباکی بەرامبەر بەو ژیانە کورتخایەنەی سەر زەمین لە بیری مرۆڤدا دەچێنێن و سیفەتی بێدەنگی تیا پەروەردە دەکەن بەرامبەر ئەو ئامێرە زەبەلاحانەی لە قۆناغی ژیانیاندا بێووچان ئازار بەرهەمدێنن. هەروەها هەستی بێدەربەستیان تیا پەروەردە دەکەن لەئاست گرنگیدان بە گەشە و گۆڕانی دیاردە و ڕووداوە سرووشتی و چارەنووسازەکانی جیهاندا. چوون هەموو دیاردەیەک کردە و قەدەری خالق بێت و پێویستی بە ماندووبوون و تێڕامان و بیرکردنەوە و لێکۆڵینەوە و زانیاری کۆکردنەوە لە بارەیانەوە نەبێت. ئەمانەش هۆکارێکی سەرەکین بۆ برەودان بە کوێرەوەری و بێ هەڵوێستی و بێدەربەستی مرۆڤەکان بەرامبەر سرووشت و ژیانی تاک و چارەنووسی جیهان و سەرتاپای مرۆڤایەتی بە نەوەکانی ئاییندەشەوە. ئەم هەلومەرجە هۆکارێکە بۆ نامۆبوونی مرۆڤ بە بوون و ئیرادە و دەسەڵاتی خۆی وەک بوونیادێکی بیرکەرەوە و داهێنەر لە نێو سرووشت و کۆمەڵگادا. ئێمەش وەک مناڵانی دوێنێ و پەروەردەی نێو ئەم کەلتوورانە وەک پیاوان و ژنانی ئەمڕۆ و هەم ئێستا نەوەیەک بەرهەم دێنین و پەروەردە دەکەین و بە هەمان قەدەریان دەسپێرین و دەیاندەینە دەست هەمان ئەو چارەنووسەی کە بەرهەمهێنەری ئەو ئارامی و دڵنییاییە سوونەتییەیە کە واقیع وەک پاداشت لە بەرامبەر قەناعەت و بێدەنگی و ملکەچی دەیبەخشێت بە بوون و ژیانیان، بوون و ئەزموونکردنی ژیانێک کە هەمیشە واقیعی باو وسەپێنراو وەک ئامرازێک سەرنجیان دەداتێ بە مەبەستی سەرلەنوێ بەرهەمهێنانەوەی خۆی و هیچی تر. لێرەوە ئێمە دووبارە مێژووی ژیانی داخراوی خۆمان (کە بەرهەمی ئەقڵ و چارەنووسێکی داسەپاوە) بێگۆڕان، بێگەشەکردن و بێ تێڕامان و کرانەوە و سەرلەنوێ لە ڕێگەی پەروەدەکردنی نەوەیەکی نوێوە بەهەمان ئەقڵیەت،بە هەمان حوکمی واقیعی سوونەتی بەرهەم دێنینەوە. مێژوو خۆی دووبارە ( واقیعی سوونەتی) و ڕابووردوو بێگۆرانی جەوهەری خۆی بەرهەم دێنێتەوە. ئێمە هەمووان بەرهەمی جۆرێک لە م کەلتوورەیەن ئەوەی سنورەکانی ئەم کەلتوورە دەبەزێنێت بریتیە لە کرانەوەی ئەقڵ بەڕووی دنیادا و ئەزموونکردنی شێوازی جیاوازی بیرکردنەوە و ئەلتەرنایتیڤی تر و پەیوەستبوون بە جیهانبینییەکی نوێ لەدەرەوەی ئەقڵی سوونەتی و کەلتووری، هەروەها ئامادەیی کۆمەککردن و پاڵپشتی و ڕێنماکردنی نەوەی نوێیە بۆ تێگەیشتن و شێوازی خوێندنەوەی جیاواز و سەربەخۆی سەردەمیانەی خۆیان بۆ ئەزموونکردنی ژیان و تێڕامان لە بوون لە جیهان و ئەو ئارەزوو و خەونە جیاوازانەیەیانە کە دەکرێت لە ڕێگایانەوە سنووری حەزە چەقبەستووە کەلتووریەکان دەبەزێنێت و ئەقڵ و هۆشی بۆ ئامێزکردنی دنیای دەرەوەی سنوورە کەلتووریەکان و دیاردەکانی سەرتاپای گەردوون ئاوەڵا دەکات. . ترسناکترین شت ئەوەیە ئێمە ببینە ئاوێنەی یەکتر بەجۆرێک دڵنیایی و ئارامی و سەربەخۆیی تاک لە دەوری بوونی ئەوانی تردا بەرجەستە بکەین (وەک ئەوەی لە مێگەلدا ڕەچاوی ئەکەین)، بە جۆرێک و لە خەونی ئەوانی تر و لە ئارەزوو و حەز و خولیاکانی ئەوانی تردا بۆ ئەبەدی بوون و وجودی سەربەخۆی خۆمان وون و بزر بکەین.

Friday, September 14, 2012

گەر

گەر ڕاستیەک لەپشت یەقینی ئەم حەقیقەتەوە پەی پێ نەبەم،
گەر نەخشەیەک لە پشت ئەم سنوورانەوە نەدۆزمەوە کەوا مێژوو سەپاندوونی،
 لە غرووری تاشەبەردێک بە لێواری ترۆپکی ئەم ژیانەوە من زیاتر نیم
کە قەدەری تۆفانێکی ناوەخت دێ و
باری سەنگینم لار ئەکا و
 سەربەرەو خوار تووند تلۆرم ئەکاتەوە ،
 تووڕم ئەداتە هەناوی چڕ و تاری دۆڵێکەوە و
 بۆ ئەبەدی وونم ئەکات.

بوون یا یاخبوون

مرۆڤ بە رێکەوت لە جێگایەکی دیاریکراوی ئەم سەر زەمینە لە دایک ئەبێت، پێکهاتەکانی (بوون)ی کۆرپەیەک لە ساتەوەختی لەدایکبوونیدا جگە لە دەورونەخشی دۆخ و هەلومەرجی تەندرووستی و ژیانی کۆمەڵایەتی و باری سایکۆلۆژی ٩ مانگی سکپڕی دایکی و ئەوەی دەوری سەرەکی دەگێڕێت بریتیە لە مێژوویەک (دوور یا نزیک )لە کاریگەری پاشماوەی ئەو جینانەی هەر یەک لە دایک و باوک هەڵگرین و لە ڕێگەی کرۆمۆسۆمەکانەوە دەگوازرێنەوە دەوری بێوێنەیان هەیە لەسەر درووستکردن و فۆرمۆڵەکردنی تایبەتمەندی خانەکانی مێشک و پێکهاتە ئۆرگانی و بەشە هەستیار و جەستەییەکانی ئەو کۆرپەلەیەی ئەوکات کە لە منداڵدانی دایکدایە. ئەم هەلومەرجەش بوونەورێک دێنێتە ژیانەوە، بێ وێنە، کە بێ نمونە لە گەردوون و سەر زەمین دا و یەکەیەکی سەربەخۆ و یەکەکی جیا کە هەڵگری تایبەتمەندی سەربەخۆی خۆیەتی لە نمونەی شێوەی پێکهاتەی مۆری پەنجە و تایبەتمەندی سەربەخۆ و جیاوازی پێکهاتەکانی چاو لە هەریەکەی ئێمەدا. ئەوەش کە ئەو سرووشتە سەربەخۆ و شێوازی ئەزموونکردنی ژیان و ئەو تایبەتمەندیە مرۆییەمان زەوتدەکات و هەنگاو بە هەنگاو دەمانکاتە پاشکۆێ چارەنووسی واقعێکی سەپێنراو و ئێمە دەکاتە یەک گروپ و لە چوارچێوەکانی خێزان و خێڵ و عەشرەت و هۆز و نەتەوە و کۆمەڵدا کۆمان دەکاتەوە و سنوورەکانمان بۆ دەکێشێت، بریتیە لەو ئەقڵە ئەفسانەییەی لە پشتی کەلتووری چەقبەستووی کۆمەڵگاکانەوە وەستاوە، ئەقڵییەتێک کە بێجگە لە دیدی ئەفسانەیی هیچ خوێندنەوەیەکی تری تری زانستیانە شک نابات بۆ شیکردنەوەی دیاردە و ڕووداوەکانی سرووشت و کۆمەڵگا و بە چاوێکی ئەفسانەییشەوە لە جیهان و مرۆڤ و سەرتاپای بوون دەڕووانێت. ئەوەی تاکەکان دەکاتە گروپ و پاشکۆی ڕێخکراو و حیزب و بەشێک لە ئۆگانیزمی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئایینی دیاریکراو دەگەرێتەوە بۆ دەسەڵاتی بێسنووری ئەو کەلتوورەی کە بە پاساوگەلێکی ڕەگەز و شوهرەتی خێزانی و خێڵەکی و بڕوای ئایدۆلۆژی و ئایینی و نەتەوەیی، شوناسی سەربەخۆی تاک زەوت دەکات و پێناسی تایبەتمەند و هێز و تین و توانی داهێنەرانە و بیرکردنەوە و هۆشی ئینسانی دەستەمۆ دەکاو هەویەکانی شوهرەتی خێڵەکی، ئایینی، نەتەوەیی، یا ئیدۆلۆژیەتێکی تری پێدەبەخشێت و هەر بەم شوناسانەشەوە بوونی مانادار دەکات و ڕەوایەتی ژیانی ناو مێگەلی پێدەبەخشێت. کەلتووری باو هەمیشە لە ڕێگەی خۆگونجاندنی ئەقڵی ئەفسانەسازی خۆی لە هەناوی سەردەمە جیاوازەکاندا، بەردەوام لە هەوڵی بەرهەمهێنانەوەی دووبارەی سەرلەبەری خۆیەتی. توانای خۆنوێکردنەوەی بە بەرگی ئەفسانەیی تازەوە و بەرهەمهێنانی وەڵامی ئەفسانەیی تازە بۆ پرسی دیاردە و ڕووداوە سرووشتی و کۆمەڵایەتییەکان، مانای توانای بەرهەمێنانەوەی دەسەڵاتخوازی خۆیەتی بەسەر واقیعی هەنووکەیی بەرهەمهاتوودا و سەپاندنی پێوەرەکانی ئەو بەها ئەخلاقیە زاڵانەیە کە شێوازی بیرکردنەوە و ئەزموونکردنی ژیانی مرۆڤەکان بە خەون و ئاواتەکانەوە ئاڕاستە دەکات. لێرەدا واقیع وەک چارەنووسێک بەرهەمهێنراوێکی ئامادە و سەپێنراو
کە سەراپای کونج و کەلەبەری ژیان تەی دەکات و شێوازە باوەکانی پەروەردەکردن و ڕێنما و چۆنیەتی ژیانکردن و بڕواهێنان و بەها سەرەکیەکان دەسەپێنێت و خەون و خەیاڵ و هیواکانیشمان لە ڕێگەی بەها ئەخلاقیەکانیەوە بۆ سنووردار دەکات. واتە واقیع دەکاتە چارەنووس. مرۆڤیش گەر ملکەچی ئەو چارەنووسە نەبێت، پێدەچێت بکەوێتە ژێر کەڵبە و چەپۆک و هەڕەشەی دەسەڵاتی کەلتوو ر و سزاشی زەوتکردنیەتی لەو دڵنیاییە ئارامبەخش و بەختەوەرەیە کورتخایەنەی کە کۆمەڵگا وەک پاداشت دەیبەخشێتە خزمەتکار و ئەڵقە لە گوێ و کۆیلەکانی خۆی. مرۆڤیش گەر گومان لە واقیع نەکا، پرسیاری قووڵ سەبارەت بەو کەلتوورەی چارەنووسی ئاڕاستە دەکات، بیرکردنەوەی نەهەژێنێت و خەیاڵ و ئەندێشەی بەرە و دنیایەکی چاکتر و باشتر و کراوەتر لە ئێستا نەبا و چالاکییەکانی ئاڕاستە نەکات، ئەوکات جگە لە زیندایەکی دەستبەسەرکراو و کۆیلەیەکی ئەو بارودۆخە سەپاوە کە ژیانێکی ڕۆتینی ڕۆژ لە دوای بەرهەم دێنێتەوە و مانایەک نابەخشێتە سەردەمی خۆی و مێژووی بوونی خۆی لەم تەمەنە کورتەیدا چوون وەک میوانیک کە قەدەر بوونی گەیاندبێتیە ماڵی ئەم گەردوونە. لەم هەلومەرجە دژوارەدا مرۆڤ هێندەی بۆ بڕوا ئایینی و سیاسی و دەسەڵاتە کۆمەڵایەتییەکان و بەها زاڵەکانی ناو کۆمەڵگا دەژی بۆ خۆی وەک بوونەوەرێکی بیرکەرەوەی سەربەخۆ و خوڵقێنەر لەم سرووشتەدا ئەزموونی بوون و ژیان ناکات. ژیان ئەزموونی سەرکێشیەکە لە ژێر حوکمی لۆژیک و خۆشەویستیەکی بێسنووری ئینساندا. مرۆڤ لە نێو پراکتیکی سەرکێشیەکانیدا پەیامی یاخیبوون و وەڕسیی خۆی لەئاست واقیعە دژ و ناکۆکە بەیان دەکا و لێرەوە دەکرێت باشت ر و ڕۆشنتر پەی بە ڕاستییەکان ببا وسنووری توانایەکانی ئیرادەی دەسەڵاتدارێتی مەعریفی و بوونی سرووشتیی خۆی بەسەر خود و ژیان و گەردووندا دەربخا لە ڕێگەشیانەوە ڕەوتی دیاردە و ڕووداوەکان بە ئاقارێکی تردا و بە مەبەستی گۆڕانکاری ڕیشەیی بە ئاڕاستەیەکی تردا ببات.

Saturday, September 8, 2012

لە بەختا ڕەش ڕەش ‌.....لە پووچیدا سپی سپی ئەچینەوە

لەم جەنجاڵی مەملەکەتە شێواوەدا،
 شەرم و شکۆ،
 چوون بڕیارێکی لاستیکی نێو بازاڕەکانی سیاسەت،
 بە دەست دەمامکەکانی ڕۆژگارەوە.
 داد و بێداد،
گووناح و هەق لە یاری جۆلانەیەکدا و بە گوژمی ڕەشەبا گەمەی بێدەربەستی خۆی ساز ئەکات،

 ئێمەش لێرە،
 مردوویەکی چەند ئارام و چەند ئاسوودەین،
بەو گوڵەبەڕۆژانەی کە تیشکی خۆرمان لێ حەشاردان.
 بەو خونچە گوڵانەی بەئەنقەست، بارانمان لێ زەوتکردن.
 یا ئەو گوڵە شیلانانەی، لە ڕەگوڕیشەوە هەڵمانکێشان.
بەو گوڵە هێرۆیانەی سەرمانبڕین بۆ ئەبەدی و حەشارماندان.
یا ئەو قەڵەمە یاخیانەی، بە فیشەک ئەتکمان کردن.
 یا ئەو دەنگە گڕاویانەی، دۆزەخمان پێ ئاشنا کردن.
 ئەو هاوارە وەڕسییانەی، سووپامان کرد بە گژیانا.
 یا ئەو ڕۆحگەلە تووڕانەی، تارمایی چەکمان دواخستن و
 گوللەکانمان بۆ پۆست کردن.

 تۆ بڕوانە چەند دڵنیا و چەندە شادین
 بە دووڕوویی و
 جەند بێباکین،
 لە گێڕانی بەردەوامی بەرداشی تانەوتەشەر و وێرانکاری.
 لە گەڕانی بێووچانی چەرخی شەرم و شکۆ و وەهمی داستانەکانی سەربەرزی.
 لە سووڕانی بێپشووی دەستاڕەکانی
 تاریکی، شەڕەکانی نێوان ئیمان و بێ ئیمان،
جەنگی خائین و شۆڕشگێر،
 لە تووندکردنەوەی پشتێنەکانی شەرەف و بۆسەکانی پیاوسالاری،
تا بە شانازی یەقینێکەوە،
 بە گژ گوڵ و عەشق و ڕووناکی و ژیاندا بچینەوە.
 بەگژ ئەو عاشقانەی چ نەبوون جگە لە ئارەزووی خەوبینین بە دنیایەک پڕ لە ئەڤین.
دژی ئەو گوڵانەی پڕبوون لە تەلیسمی جوانی باخچە و

 دژ بە ڕووناکی ئەو مۆمانەی لە کونجەکانی تاریکی یاخی بووبوون،
ئێمەش،
 چوون وەهمی ترسێکی ئەبەدی جڵەوی ڕۆحی گرتبین
کوێرانە شمشێرەکانمان ئەوەشێنین،
 پەیتا پەیتا، چەقۆکان لە هەسان ئەدەین،
 بە پێوەین و خوڕافەی پاڵەوانێکی ئەبەدیمان تیا سەوز ئەبێت
 عەشقی مەرگ کێشمان ئەکات و
 خەو بە جەنگەوە ئەبینین،
لە هەڵکردن و داکردنی ناوەخت دا
پەنجە نەسرەوتەکانی هەڕەشە،
شەق و شەللاقمان ڕۆژە ڕێییەک ڕێ ئەکا

 لە تووڕەبوونی بێمانا، بێسنوور لەزەت ئەبینین.
ژیان بەسەر لێواری خەرەندێکەوە خۆی گرتووە و
 تۆ بڕوانە سامی ترس چ پاڵەپەستۆیەکی خستۆتەوە.
 لەم هەڕەتی پووچییەدا،
 نەسڵی جەلادی مۆدێرن لە منداڵدانی هۆشمانا لە ژێر پەردەی پیرۆزییەکان،درووست ئەکەین،
 پیاوکوژ لە ئێسک و پرووسکی ئەم ڕۆحە تێکشکاوەدا گەورە ئەکەین و،
 دکتاتۆر و خوێنڕژەکان لە ترسی هەڕەشەیەک کە دڵنیایی و ئارامیمان ڕائەماڵێت،
 بەرهەم دێنین.

 تۆ بڕوانە،
 گیرۆدەی خەیاڵی سەر چ کورسیەکین
چەند هەژارە ئومێد تیایدا و
 چەند زەنگینە لە بێباکی.
 بەسەر لووتکەی غرووری ئەم یەقینەوە
 چوون ڕووانینی شاهەنشایی سەرۆکەکان
چەندە شادن...
 بە خۆ بچوکردنەوەمان
بە باڵای هێندە گچکەمان
 بچووک بچووک
 بە مێروو و قالۆنچە ئەچین
 لە تەک لووتی قۆندەرە و پۆستاڵەکانیان.

Tuesday, September 4, 2012

چەند هەژار و چەند بەدبەختن

چەند هەژار و چەند بەدبەختن
 گەورە پیاوانی درۆزن
بە ڕۆژی ڕوون،
 گەر نەپۆشن دەمامکی فرە ڕەنگتان،
 تەنگە نەفەسی قەفەزی سییەکانتان بە توندی هەراسان ئەکا و
 زمانتان دووچاری تەتەڵە و
 ئاگر بەرئەبێتە چرچ و لۆچی نێوچاوان و هاڵاوی گرژیتان سەرئەکات.
 زەمانێکە ڕەونەقی هەموو ماسکەکان لە کۆنەوە تا مۆدێرن گشت بەسەرچوون.
 دەمامێک چییە نەما، نیازی بەد و ئارەزووی تیمساح ئاسای ئەم ڕۆحە قێزەوونەتان حەشار بدا.

چەند بەدبەخت و چەند خۆشبەختن،
گەورە پیاوانی درۆزن
بەم ڕۆژگارە قاندراوانە بە ستایشی تاریکی،
بەم سەردەمە هەڵکشاوە لە پەتای جەنگ و کاولی،
 بەم جیهانە ترسناکەی نوقم بووە لە بێباکی،
 بەم ژیانە پووچە گەماڕۆدراوە بە شەیپوڕی ڕەزامەندی.
 لەگەڵ ڕۆحی سادەی خۆتان هەمیشە دژ،
لەگەڵ ناخی سرووشتی خۆشتانا دووژمن،
 ئەو کاتانەی کە کەللەیی دەتانگرێ سەرشانی خۆتان نابینن و
 غروور لووتی پێکردوونەتە ئاسمان و
 بە یەقینەوە دەم لە حەقیقەت دەکوتن و
 تەلیسمی ئەو جوانییانە ئەکوژن کە ڕۆژانێک تیا عاشق بوون.
 ئەفسوونی ئەو بۆوبەرامانە سڕ دەکەن کە ڕۆژانێک دەیانبردنەوە سەر دەروازەی خەونەکانی مناڵیتان.
 ئاوازی ئەو دەنگانە کپ دەکەن کە ڕۆژانێک لە ویژدانی ناختانەوە سەریانهەڵدا.
 جەخار،
چەندە خۆتان لە بیرکرد و خۆتان دۆڕاند.
 لە ئاست خودای تاق و تەنیای لە خۆبایی ئارەزوویەک،
 چۆن کەوتوونەتە سەر چۆک و بۆ پاداشتێک بوون بە چەقۆ و بە جەرگ و دڵی ڕۆژگارا ڕۆ ئەچن و
 چون چنگێ خوێ ی هەڵڕژاو بن
بەسەر برینێکی گەورە و کراوەدا ئێش و ژان بەرهەم ئەهێنن.

 چەند بەدبەخت و چەند خۆشبەختن گەورە پیاوانی درۆزن
زەمانێکە،
 چیدی پێویست بە دەمامکەکانتان ناکات،
 ڕووی ڕاستیان حەشار بدا
 چاو لە دەم و لە قەپۆزتان،
کەسێک نەما گوێ هەڵنەخا بۆ درووشم و بۆ پەیامتان
کەس نەما لە چاوەڕوانی وەڕس نەبێ و،
 بە دیار مەراقی ئومێدێک ئاوی چاوانیان دانەیێ و
 لە حەسرەتا،
 نەگەڕێنەوە نێو قۆزاخەکانی متبوون لە سەرابی بێدەنگی دا

 چەند بەدبەخت و چەند هەژارن گەورە پیاوانی درۆزن
 ماسکەکانتان گشت بەسەرچوون
 درووشم و پەیامەکانتان ڕزی و کۆن بوون
 هێند لەگەڵ مێژووی درۆدا تەبا و تەریب هاتن چوون،
 بە ڕاستیەکانیشتان ئەمڕۆ مناڵێکی سادە و ساکار بڕوا ناکات.

Sunday, September 2, 2012

لێگەڕێ ئازیزم لێگەڕێ -بەشی ۱-

 لێگەڕێ ئازیزم لێگەڕێ


پێ ئەچێت تەنیاییت قەدەرێک بێشووناس

 بای سەردەم بیەوێ لە خۆیدا لوولی کا و تا ئەوپەڕ سنووری ڕامکردن،

 دامەنی بێزاریی ئەم ڕۆحەت جڵەوبکا و

 بیخاتە سەر خولیا و کەڵکەڵەی بەدئاسای شەڕەباکان.

 تۆش

 بە ترووسکەی ئەم مۆمەوە

 بەر بەم لێشاوانەت پێ ناگیرێت؛

 

کە لە کونجەکانی تاریکیەوە سەردەردێنن و

 تا دوا سنوورەکانی لە ززەت لە زەلیلکردنی ئومێد چێژ دەبینن،

 تا دوایین دڵۆپی جوانی ڕۆح دەگووشن و

 ئاسۆکان دەبەخشن بە بەسەراب،

 هەیبەتی خەونەکانیش بە زەردەی خەزانێکی ئەبەدی.


لێگەڕێ ئازیزم

 تۆ لە نەوەی ئەمڕۆ ناچیت.
بۆوبەرامی ئەندێشەی تۆ 

لە ئامێزی ئەم باخە دەستکردانەدا ئۆقرە ناگرێت،

 نە وەهمی باخەوانەکان،

نە خەیاڵی بێ ڕەگ و ڕیشەی نەمام و درەختەکان،

 نە تەلیسمی شاخ لێڕواووی داستانەکان... فڕیوویان دای،

 نە خوڕافەی تلیاک ئاسای ئەفسانەکان... ئابڵووقەی دای،

 چی دی،

 بەم تەمومژە چڕەوە،بە کۆڵی ئەم بێزاریەوە

 گرەوی شەڕە چەقۆی ئەو ڕەشەبایانەت پێ ناکرێت،

 کە لە پریاسکەی کاڵبووەوەی خەیاڵیاندا، 

جگە لە بەتاڵکردنەوەی مەراقی بوغزێکی دێرین 

لە هەگبەیاندا چیتر شک نابەن بۆ بەخشین.


بە شنەی ئەم شەماڵەوە

 لە ساباتی ئەم جێ ی ژووانانەی عەشقدا

 بەرگەی زۆرانبازی چەقۆکێشەکانی زوڵمەت ناگریت؛

 کە بە یەقینێکی کۆنەوە،

 کوێرانە خەنجەرە ژەهراوییەکانیان ئەوەشێنن و

 لە بێباکی و ئارەزووی سەرکەوتنێکی ئەبەدی خولیایەکی تر شک نابەن مەستیان بکا و پێ ی سەرسام بن.

 بەم ڕۆحە سەرکێشەتەوە

 کە یاخیبوونی ڕام ناکرێ و کە دیار نییە ڕوو بەرەو کۆێن ،

 دەرەقەت گەمەی جامبازەکانی سیاسەت و

دەڵاڵەکانی بازار و

 قاچاخچیەکانی چەک نایەیت؛
ئەو سیاسیانەی

 لە داڵانە تاریکەکانی ڕۆحیاندا ڕۆژانە ویژدانی خۆیان ئەتک ئەکەن، 

لە کۆشک و تەلارەکاندا، بۆ تێرکردنی غەریزە بەدەکانیان،

 تەونی درۆکان ئەچێنن،

 تا جڵەوی باڵندە نەسرەوتەکانی خەیاڵ بکەن

 تا خەونەکانی تەنیایی ئەم ڕۆحە سرکە زەوتکەن

 دەست بدەنە بینەقاقای هەر گومانێک لە هەیبەت و لە شکۆیان ،

 لەو بۆسانەی مەرگ خۆی تیا مەڵاسداوە

 وەکو عادەتی جارانیان بە ناوی خیانەتەوە،

 چاوی ڕاستی هەڵبکۆڵن و دزە بکەنە منداڵدانی ناخ و 

یەک یەک کۆرپەلەی خەون و هیواکان لەباربەرن.


یاخود ئەو دەڵاڵانەی کە

 بە ڕۆحێکی دڕەوە لە بازاڕا تەوقمان ئەدەن 

پاشماوەی خەونەکانی مناڵیمان ئەڕووتێنن و 

بەدەم بزەی بە جێماوی سەر ڕووخساری لاشەیەکی مردووەوە

 بێباکانە ژەهر وەک ئۆکسجین ئەنرخێنن بۆ ژیانمان،

 وەک ژوورێک لە ماڵەکانی نیشتماندا،

 ڕۆحمان بە ڕەهن ئەگرن و

 ئێسک و پرووسک و ماسوولکە و خوێن و هۆشی کەللەسەرمان دەکەنە خۆراکی قازانج.
بە شە و ڕۆژ

لە کوچە شەقاماکاندا بەری ڕێگامان پێ ئەگرن

دەمانخەنە سەر کەڵکەڵەی یاریەکی دڵڕەقانە و

 لە هۆڵ و ژووری نووستندا،
نیگای ڕامان و سەرسامی چاوەکانمان لێ زەوت ئەکەن،

 خەون و خەیاڵمان دەستەمۆ و گەرووی دەنگمان کۆنتڕۆڵ و

چێژی بۆن، لەمسکردنمان ڕام ئەکەن و

 ئەوەتانێ بووین بە کۆیلە و گوێڕایەڵ و دەم داچەقیوی سەرسام بە ئەفسانەکانی ڕیکلام و بەرنامەیان

 وەک دوا دەروازەی گەییشتن بە حەقیقەت،

بێ ماندووبوون، بێ دوودڵی سەردەخەینە سەر سەرین و لێ ی دەخەوین.

 یا باڵای ئەو قاچاخچییانەی

 تۆوی مەرگ دەچێنن و

 بە فیتنەکانیان گڕی دۆزەخێکی دی خۆشدەکەن

 جەهەنەمێکی تر بۆ ئەتککردن و

 تا سەر ئێسقان قیامەتێکی تاریکتر،

 تاکو مردن، ژیان نەفرەت لە خۆی بکات و

 لە ترسانا، لەگەڵ درۆ گەورەکاندا ئولفەت بگرێت

 لەگەڵ وەهم و غرووری ئەفسانەکاندا خۆی گونجێنێت،

 تا سەرکردە بێباکەکان دەربکەون و

بە زمانی چەک و گوللە درووشمەکان بنووسنەوە و،

 تاکو تەور و قەمە و قامچی و ئوتوو و کێبڵ ئەگەڕێنەوە سەر شانۆ و
دەقەکانیش دڵنیاییەکی درۆ ببەخشنەوە و

 ئێمەش دەوری گورگەکان نماییش بکەین،

 دواتر بە ڕۆحێکی بێباک

 بە دەست و پەنجەی خوێناوی و

 دەروونێکی پڕ لە بوغز و ڕازونیازێکی بەد و

بە ویژدانێکی قاندراو بە تەم و غوباری مەرگ

 بە تۆفانی بێبەزەیی ڕقێکەوە کە عەشق و جوانی تووڕئەدات

 بچینەوە باوەشی یار،

 بچینەوە خەڵوەتگای شەو.


لێگەڕێ ئازیزم دەنگدەرهاتن و بانگەواز سوودی چییە؟ کە گوێ ی بیستن، تا ئەوپەڕی بە بێباکی ئاخنرا بێت، وەک چوون بانگهێشت لە بێئاگایی (کەڕ)ێک بکەیت، کە خەریکە دەکەوێتە بەر وورووژمی شەپۆلی لافاوێکی مەست بە هەڵبەزین و دابەزین، یاخود ژێر پێ ی چڕی پۆستاڵ و قۆنەرە و ئەو نەعل و پاپووچانەی کە تەووژمی تۆفانێکی دڵڕەق و کوێر ئاڕاستەی کینەیان ئەکات چوون شاڵاوی تەتەرئاسا، ڕووی خەزانێکی ئەبەدی، بێ بەرگری وا گەیشتوونەتە لووتکە و سەر سەری ڕۆحی بێباکی و گەڵا و گوڵ و خەون و خەیاڵی پێکەوە ئەوەرێنێ تۆنی نەغمە و چرپەی لێو و دەنگی گەروو و ناڵە ناڵی سینەی پێکڕا ئەژاکێنێ و تاکو ناخ دانەڕووتێنێت لە سەوزایی و ئەم ڕۆحە بەتاڵ و وون و بێشووناسەش
ئاوێزانی ئەم گێژەنە بەدمەستەی باڵای خۆی نەکا و تا دوا سنووری هەناسە چوون مێگەلێ پێش خۆی نەخا واز ناهێنێت. لێگەڕێ ئازیزم نیگاکردنی عاشقانە هێندەی بزەیەک چییە، پاداشتی نییە کە ئەم جووتە چاوەی بینین
هێند بێدەربەست لەخۆبایی کردبێتە چاویلکەیەکی ڕەش و تار وەک زووڵمەتی ئەم سەردەمە کە تەلیسمی بینین سڕ و پرشنگی نیگا وون ئەکات. تۆ بڕوانە شپرزەیی ڕوحێکی سکوت ئەو ساتەی مێگەل کاری پێ نامێنێت، وەک گومان و دڵەڕاوکێ ی سووڕانەوە لە بازنەی ترسێکی نادیار و کپدا کاتی وونبوونی منداڵێک، بزربوونی نا بینایەک لە دووڕیانی گەردەلوولێکدا. چوون جێمانی مەڕێک لە ڕان کاتێک پەڵەیەک سەوزەگیای بەهەشتی فڕیووی ئەدا و لوورە لووری گورگی برسی دێتە بەرگوێ ی لە حەسرەتا باڕە و باعەی هەر مێگەلێکی ڕاگوزەر بێت لەوناوە خۆی ئەئاخێتە هەناوی بۆ شووناسێ و لە گێژەن و جمە جمیا بۆ ئەبەدی خۆی وون ئەکات. لێگەڕێ ئازیزم گەر شەپۆلەکانی دەنگێک لە ئاگردانی خامۆشی ئەم ڕۆحەدا چاوی پشکۆیەکی جوانی ژیان نەگەشێنێتەوە گوێگرتن باکی بە چیە؟



 لێگەڕێ ئازیزم

 با سیحری ئەو وەهمانەی کە با دەیئاخنێتە خەیاڵ و خوێنمانەوە،

 باری زەلیلی و بێباکیت تیا سەوز نەکەن .

 چیتر بە تۆ چی ئەوینم،

 خەیاڵی خومار و ووڕێنەی بەدمەستی و

 سینیەک تووتن و پاکەتێک سیغار ر و هەلوەسەی بێهۆشی

 یا کەوتن بەدیار خەمی ئەبەدی منارەکانەوە؟

 بەدەم تەزبیح هۆنینەوە،

 گوێبیستی ئەفسانەکان لە بڵندگۆکانیشەوە بێت دادمان نادا.

 ئەوەی لێرە کۆتمان ئەکات

 قەدەری ئەو یەقینەیە، کە گەرووی لێ زەوت کردووین،

 گوێبیستنمان وەک غوڵامێکی گوێڕایەڵ قووڵاغ ئەکا.

ئەوەی لێرە ئەمانکوژێت؛

  لاڵی زمان  و ئەو سەرەیە کە بەردەوام و بێهوودە ئەیلەقێنین،

     بێدەنگیشمان بەرد بە بەردی پایەی ئەو زیندانانەیە، بە چواردەورا هەڵیئەچنین.

ئەوەی لێرە بینمان ئەگرێت،

 ئەوەی ئەمانکاتە لێبوک،

 ئەمانکاتە داهۆڵی ڕووت بەسەر داروپەردووی ڕۆحمان،

   غرووری ئەو یەقینە لەم هەناوی زووڵمەتەدا وەکو زیندووی نێو مردووان،

 نیگا و هۆشمان ئەنەخشێنێت.

 ئەوە هەلوەسەی فڕیوی بۆشاییەکی بێ بنە،

 بت و پەیکەری سەر کورسی عەرشی ئاسمان و سەر زەوی چوون ڕاستییەکی ئەبەدی،

 لە ناخماندا ئەچەپێنێت.


لێگەڕێ ئازیزم لێگەڕێ

 لەم جێیەدا کە سەرزەمینی ناوە،
دوور لە دۆڕان بردنەوەی ئەم ڕۆحە وێرانکەرانە

 دوور لە بەهای سەرکەوتن و ژێرکەوتنی ئەم جەنگە خوێناوییانە

 دوور لە پێکدادانی باڵی ڕەش و سپی ئەم باوەڕە ڕزیوانە

 دوور لە خوای پیاو دوور لە خوای ژن، لە خوای ئاسمان و سەرزەمین،

 جگە لە ئێستای عەشقی من و تۆ و تۆوی خەونێک تا ئەپەڕی خۆشەویستی بۆ سبەینێ چیتر نییە.

 

Sunday, August 19, 2012

من ئەوەم کە ئێستاکە هەم

ڕۆژێک نییە،
 ئەو وێنە ڕەش و سپییەی
 تەمومژی دوێنێ ی بەخشی بە ڕووخسارم داینەگرم و نەیدڕێنم.
 من شەو نییە،
لە سەر ترووسکەی ڕۆشنایی ئەزموونی خۆم
شووناسێک؛
 کە بۆوبەرامی هاڵاوی ئەمڕۆی لێبێت، بە نیگارێکی ڕۆشنتر نەکێشمەوە بۆ سبەینێ.
 ئەو وێنانە دەبەخشمەوە خۆڵەمێش کە منیان لە خۆم و تۆ کرد،
 کە مابەینی من و بۆوبەرامی باخیان شێواند،
گوڵ و خونچە و باڵدارەکانیان لێکردم بە دووژمنێکی ئەبەدی
، تا لە تاریک و ڕوونی بەیاندا
، بە شمشێرەکانی تاریکی و یەقینەوە
، بە ڕۆحێکی بێباکانە ملی گوڵەکان پەڕێنم
داوی بۆسەکان بۆ فڕین بنێمەوە.

 تۆ هیچ نەبووی،
 جگە لە باخەوانێکی بە وەفا لە باخچەی زۆردارەکاندا
 منیش عاشقێکی نەفام.
 چەندە بەدبەختین من و تۆ
 من هەمیشە قەڵغان بووم، تۆش فیشەک
لە جەرگەی ئەم جەنگانەدا
 من ڕقی قوربانی و
 تۆش کینەی جەلاد لە بەردەم سێدارەکاندا
من گوناح و
 تۆش گوناهکاری دەستێکی نادیار لە ناخی بڕوا و ئیماندا
 من خەم و
تۆش ئالەتی کارخانە نەعلەتیەکانی ئازار لەم دنیا شەڕانگێزەدا
 من بێباکێکی نەخۆش و
 تۆش نەخۆشێکی بێباک لە هەمان مەیدانی ژیاندا
 من وون و
 تۆش وون لە تەمومژی تاریکی هەمان ڕۆژدا
 هەردوو ئامێری دەستێکی چەپەڵی ئەم سەردەمە بووین
تۆ منت تا سەر ئێسقان ئەڕووتانەوە و
 منیش (ژیان)م بە هەموو قوڵاییەکانیەوە وێران دەکرد.

 دوو بێباکی چەند بەدبەختین لەم زووڵمەتی وونبوونەدا،
 بڕوانە لەشکری ئیمپڕاتۆرەکانی بوغز چۆن چۆکی داداوەتە سەر سینەمان و
 ئێمەش چۆن بە تاسەی کۆیلەکانەوە دیسانەوە لە مەراقی چاوەڕوانیدا ئاوی چاومان دادێ و
دەگەڕێن بۆ سۆراخی موعجیزەکانی بابایەکی باڵدار،
یا حەکیمێک،
زمانزان و جامبازێکی تری سیاسەت لە ئاسمانەوە دابەزێت،
یا لەسەر زەوی دەرکەوێ و
 مووژدەی وەهمی ڕزگارییەکی ئەبەدیمان پێ ببەخشێت و
 ئێمەش گەواهی بدەینێ تا دوا هەناسە بۆی بژین،
تا دوا ترپەی لێدانی دڵ بۆی بمرین و
 سوونەتی ئەبەدی ئەو دەرخبکەین درووشمی دەمی ئەو بڵینەوە
ووتەکانی بکەینە سروود
پەیامی لەسەر لافیتە و گۆڤار و ڕۆژنامە و کەناڵەکانی تی ڤی دا پەخش بکەین
وێنەکانی بگرینەوە چوارچێوە و لەبەر دەمیدا
 لەسەر چۆک دامێنین و کڕنووش بەرین بە چاوانی ئەو ببینین،
 بە هەستەکانی ئەو بۆن بکەین،
 وەکو ئەڵقە لە گوێ ئەودا دەمامکەکانی بپۆشین
 تا دوا چرکەش مورید و دەروێشەکانی تەکییەکەی بین.

 لە دوێنێکا من و تۆ چەند بەدبەخت بووین
 بەڵام ئەمڕۆ ئەوەی دەمرێت و وون دەبێت من نیم،
 ئەوە وێنەکانی دوێنێمە دەمرن
 ئەوە دەمامکەکانی دوێنێمە دەبنە خاشاک و خۆڵ لێرەدا.
 وێنەگەلی سەردەمانێک،
 من تیایاندا هەم کوژراو و هەم بکوژ بووم
 ئەوەی ئەم شەو دەمرێت من نیم،
 ئە و دەمامکانەیە کە قەدەرێک بەستبوونی بە ڕووخسارمەوە و
 مەحکوم بەوەی هەم گووناهبم ، هەم گووناهکار
 ئەوەی ئەمڕۆ دەمرێت من نیم،
 وێنەی کاڵبووەی سەر ئەو شووناسە ڕاگوزارەیە
کە هەر جارە و دەستەکانی خواوەندێک درێژ دەبێت
 چارەنووسێک بە بزمار بە ناوچاوانمەوە دادەکووتی و
 بە دەقێکی ئامادەوە بۆ نمایش تووڕم دەداتە سەر تەختەی شانۆکانی ژیان.
 ئەوەی لەدایک بوو ...... من بووم
 ئەوەی سرووشتی قەدەرێکی گەردوونی لەسەر ئەم بستە زەویە و لە منداڵدانی ژنێکدا،
 وای کرد ئەم ڕۆحەی من بە گریان چاوبکاتەوە و
 ئەم جلانە لەبەرکات و بەم زمانە دواتر بدوێ ئەوە من بووم.
 بەڵام ئەو وێنە چرچانەی دوێنێ،
 کە قەدەرێکی خوازراوی ئەم کەلتوورە مەرگدۆستە جڵەوی ژینی گرتبوو و
 مەحکومی کرد بەوەی کە لەم گۆشەیەدا، هەم جەلاد، هەم قوربانی بێت..... من نەبووم.
 من ئەوەم کە ئێستا هەم
 لەم چرکە ساتەشدا دەکرێت وێڵی شووناسێکی تازەتر بم لە بەیانی ئاییندەدا.
 بە شەوقەوە
لە مەراقی ئاشنایەتییەکی نوێ دا بم بۆ سبەینێ ی بوون و بۆ ژیان .........ئامێزم تا ئەوپەڕی بکەمەوە.