Tuesday, September 18, 2012

ڕزگاری مرۆڤ، ڕزگارکردنی سرووشتە

ترسناکترین شت ئەوەیە تاکەکانی ناو کۆمەڵگا یەک چەتری خەیاڵ کۆیانبکاتەوە و لە دەوری یەک جۆر ئایدیا و ئەلتەرناتیڤی ئایدیاڵ گردببنەوە و لە دەوری یەک بازنەی ئامانج و یەک خەون و یەک هیوا بسوڕێنەوە و مەوداکانی خەیاڵیان لەسنوورێکی داخراوی کوێرە دێیەک و شارێکی گچکەو هەرێمێک و ووڵات و ناوچەیەکدا قەتیس بێت. هەرە گرفتی سەخت و سامناکترین کێشەی بەردەم بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی هاوتایە لەگەڵ چەقبەستنی جیهانبینی و ئاوێتە بوونی ئەقڵی سوونەتی زاڵ لەگەڵ هۆش و هەستی بوونیادە بیرکەرەوەکانی ناو ئەو کۆمەڵگایەدا. یەکێک لەو بەربەستە گەورەکانی بەردەم گەشەی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی چۆنیەتی تێگەیشتن و خوێندنەوەی ئێمەیە بۆ بەهای مرۆڤبوون و جێوشوێنی ژینگە ( سەرتاپای گەردوون )و گاریگەریەکانی لەسەر ژیانی ئێمە و چارەنووسی نەوەکانی ئاییندە. ترسناکترین شت ئەوەیە کە لەلایەک، بوونی مرۆڤ و بەهای مرۆڤبوون خۆی لە خۆیدا نەبێتە ئامانج لە دیدە و بیرکردنەوە و هەڵوێستی ئێمەدا، لەلایەکی ترەوە، کەمبایەخدان و تێنەگەییشتن لە گرنگی ئەو پایە بنەڕەتییانەی کە سەرچاوەکانی ژیانیان لێهەڵقووڵاوە و ئەمەش پەیوەستە بە بەرز ڕاگرتنی بەها و نرخی ژینگە و پاراستنی سرووشتی هارمۆنی ئەم گەردوونە، ئەو کاتەی ئەمەش نابێتە ئامانجێک و بە پەرۆشەوە سەرنجی نادرێتێ لە سیستمی بیرکردنەوە و هەڵوێستی ئینسانەکاندا، دەکرێت لە ئەنجامدا ببێتە مایەی چەندین کارەساتی تری گەورەی تراژیدی و تێکچوونی زیاتری هاوسەنگی سروشتی زەوی، لەدوائەنجامدا ڕووداوی لە چەشنی لافاو و ئاگر کەوتنەوە وسونامی و بەرزبوونەوە و نزمبوونەوەی پلەی گەرما بەشێوەیەکی کتوپڕ و لەناکاوی لێبکەوێتەوە لەسەر زەمین. ئەوەتا بێباکی و چاوچنۆکی دەسەڵاتدارانی سیستمی بەرهەمهێنانی سوود و قازانج و بازاڕی ئەم سەردەمە لە پشتگوێخستنی سرووشت و ژینگە لەسەر حیسابی ژیانی ئینسانەکان لەسەر زەوی گەییشتۆتە ئەوپەڕی. بێدەەبەستی لەئاست ڕادەی بێسنووری سووتانی سووتەمەنی زیانبەخش لە پێناو قازانج و بەرهەمهێنانی کاڵاکان و بەکاربردنیاندا بۆتە مایەی زیادبوونی ڕۆژ لەدوای ڕۆژی ڕێژەی غازی CO2 لە ئاسماندا و ئەم دیادەیەش بۆتە هۆی درووستبوون و ووردە ووردە گەورەبوونی ئەو دەلاقەیەی نێو توێژی ئۆزۆن لە خولگەی زەویدایە، ئەو ئەلەمێنتانە -جسيمات- ی پێکهاتەیەکن لە تیشکی خۆر و زەرەرمەندن بۆ ژیان و بوونی زیندەوەران لەسەر زەمین وەک ئەلەمێنتی ئەلفا و بێتا، کاتێک تیشکی خۆر بەر توێژی ئۆزۆن دەکەوێت، ئۆزۆن، ئەم ئەلامێنتانە بە ئاڕاستەی پێچەوانە دەیانگەڕێنێتەوە بۆ ناو بۆشایی فەزای دەرەوە. نەبوونی نرخێک بۆ ژیانی خود و بێباکی مرۆڤ لە بەرهەمهێنانی مانایەک بۆ بوون لە لایەن تاکی کۆمەڵەوە، بەرمهێنەری زۆرێک لە ڕووداوە تراژیدیاکانی مێژووی مرۆڤایەتی بوون و لە ئێستا و لە ئاییندەشدا گەر گۆڕانی جیدی لە سیستمی بیرکردنەوەی مرۆڤەکاندا ڕوونەدات، دەکرێت زۆر ڕووداو و کارەساتی گەورەی تر لە هەڵوێست و بڕیاڕ و کردەوەی مرۆڤگەلێکی بێباک لەم سەردەمەدا ڕەچاوبکرێت .
پشت گوێخستنی لێکدانەوە و لێکۆڵینەوەی زانستیانەی دیاردە سرووشتیەکان و ڕووداوە چارەنووسازەکانی نێو کۆمەڵگا و نەبوونی تێڕامانی قووڵی فیکری بۆ کاریگەری کات و شوێن، توانای بیرکردنەوەی زانستیانە و دووربینی مرۆڤی ئێمەی تەواو کز و لاواز کردووە. یەکێک لەو هۆکارە سەرسەختانەی بەرهەمهێنەری ئەم کوێرەوەریە تراژیدیایەیە لە خەیاڵی مرۆڤدا، بڕواهێنانە بەو یەقینەی خۆپەرستەی کە ئەزموونی (ئەو) سەرەتا و کۆتایی هەموو ژیان و گەردوونە. هەروەها ئەو شێوازەیە لە بیرکردنەوە، کە بوونی (ئەو) هەم قەدەرێکی مەحکومە و هەم چارەنووسێکی دەستنیشانکراو لە خالقەوە. قەناعەتیشی وایە کە ژیانیشی لەنێو هەموو ژیانی بوونەوەرەکانی تر چ نییە جگە لە هۆیەک کە بوونی ئەو وەک بڕوادارێک دەخاتە ژێر تاقیکردنەوەیەکەوە لە لایەن هێزێکی بێسنووری سەروو خۆی لەم ئەزموونە دنیاییەیدا. گەردوونیش بە سرووشت و جیهان و کۆمەڵگاوە ئامرازێکی ئامادەکراوی ترن بۆ خزمەتی ئەو و برەودان بە پێشبڕکێ نێوان ئەو و کۆمەڵگاکان و هەوڵی سەرکەوتنیان لەم تاقیکردنەوەیەدا و گەیشتنیان بە پاداشتە سەرمەدییەکان لە ژیانی ئەبەدی ئەو دنیای تردا. پێم وایە ئەمە یەکێکە لەو هۆکارە بنەڕەتییە کەلتووریانەی کە بە پشت ئەستوور بە چۆنیەتی خوێندنەوەیان بە مێنتاڵتیەکی ئەفسانەیی بۆ ئەفسانە مێژوویەکان، هەر لەسەرەتاوە لە ژێر کاریگەری ئەم ئەقڵە ئەفسانەییان فۆرم و شێوازی بیرکردنەوە و سنوورە دیاریکراوەکانی مەعریفە و زانین و تواناکانی تێگەییشتن و شێوازەکانی فێرکردنی مرۆڤەکان دادەڕێژن و دیاری دەکەن و لەڕێگەی پەند و حیکمەتی وانەکانیەوە، ڕۆحی بێباکی بەرامبەر بەو ژیانە کورتخایەنەی سەر زەمین لە بیری مرۆڤدا دەچێنێن و سیفەتی بێدەنگی تیا پەروەردە دەکەن بەرامبەر ئەو ئامێرە زەبەلاحانەی لە قۆناغی ژیانیاندا بێووچان ئازار بەرهەمدێنن. هەروەها هەستی بێدەربەستیان تیا پەروەردە دەکەن لەئاست گرنگیدان بە گەشە و گۆڕانی دیاردە و ڕووداوە سرووشتی و چارەنووسازەکانی جیهاندا. چوون هەموو دیاردەیەک کردە و قەدەری خالق بێت و پێویستی بە ماندووبوون و تێڕامان و بیرکردنەوە و لێکۆڵینەوە و زانیاری کۆکردنەوە لە بارەیانەوە نەبێت. ئەمانەش هۆکارێکی سەرەکین بۆ برەودان بە کوێرەوەری و بێ هەڵوێستی و بێدەربەستی مرۆڤەکان بەرامبەر سرووشت و ژیانی تاک و چارەنووسی جیهان و سەرتاپای مرۆڤایەتی بە نەوەکانی ئاییندەشەوە. ئەم هەلومەرجە هۆکارێکە بۆ نامۆبوونی مرۆڤ بە بوون و ئیرادە و دەسەڵاتی خۆی وەک بوونیادێکی بیرکەرەوە و داهێنەر لە نێو سرووشت و کۆمەڵگادا. ئێمەش وەک مناڵانی دوێنێ و پەروەردەی نێو ئەم کەلتوورانە وەک پیاوان و ژنانی ئەمڕۆ و هەم ئێستا نەوەیەک بەرهەم دێنین و پەروەردە دەکەین و بە هەمان قەدەریان دەسپێرین و دەیاندەینە دەست هەمان ئەو چارەنووسەی کە بەرهەمهێنەری ئەو ئارامی و دڵنییاییە سوونەتییەیە کە واقیع وەک پاداشت لە بەرامبەر قەناعەت و بێدەنگی و ملکەچی دەیبەخشێت بە بوون و ژیانیان، بوون و ئەزموونکردنی ژیانێک کە هەمیشە واقیعی باو وسەپێنراو وەک ئامرازێک سەرنجیان دەداتێ بە مەبەستی سەرلەنوێ بەرهەمهێنانەوەی خۆی و هیچی تر. لێرەوە ئێمە دووبارە مێژووی ژیانی داخراوی خۆمان (کە بەرهەمی ئەقڵ و چارەنووسێکی داسەپاوە) بێگۆڕان، بێگەشەکردن و بێ تێڕامان و کرانەوە و سەرلەنوێ لە ڕێگەی پەروەدەکردنی نەوەیەکی نوێوە بەهەمان ئەقڵیەت،بە هەمان حوکمی واقیعی سوونەتی بەرهەم دێنینەوە. مێژوو خۆی دووبارە ( واقیعی سوونەتی) و ڕابووردوو بێگۆرانی جەوهەری خۆی بەرهەم دێنێتەوە. ئێمە هەمووان بەرهەمی جۆرێک لە م کەلتوورەیەن ئەوەی سنورەکانی ئەم کەلتوورە دەبەزێنێت بریتیە لە کرانەوەی ئەقڵ بەڕووی دنیادا و ئەزموونکردنی شێوازی جیاوازی بیرکردنەوە و ئەلتەرنایتیڤی تر و پەیوەستبوون بە جیهانبینییەکی نوێ لەدەرەوەی ئەقڵی سوونەتی و کەلتووری، هەروەها ئامادەیی کۆمەککردن و پاڵپشتی و ڕێنماکردنی نەوەی نوێیە بۆ تێگەیشتن و شێوازی خوێندنەوەی جیاواز و سەربەخۆی سەردەمیانەی خۆیان بۆ ئەزموونکردنی ژیان و تێڕامان لە بوون لە جیهان و ئەو ئارەزوو و خەونە جیاوازانەیەیانە کە دەکرێت لە ڕێگایانەوە سنووری حەزە چەقبەستووە کەلتووریەکان دەبەزێنێت و ئەقڵ و هۆشی بۆ ئامێزکردنی دنیای دەرەوەی سنوورە کەلتووریەکان و دیاردەکانی سەرتاپای گەردوون ئاوەڵا دەکات. . ترسناکترین شت ئەوەیە ئێمە ببینە ئاوێنەی یەکتر بەجۆرێک دڵنیایی و ئارامی و سەربەخۆیی تاک لە دەوری بوونی ئەوانی تردا بەرجەستە بکەین (وەک ئەوەی لە مێگەلدا ڕەچاوی ئەکەین)، بە جۆرێک و لە خەونی ئەوانی تر و لە ئارەزوو و حەز و خولیاکانی ئەوانی تردا بۆ ئەبەدی بوون و وجودی سەربەخۆی خۆمان وون و بزر بکەین.

No comments:

Post a Comment