تا ئەو کاتەی لێدان و ئازار و ئەشکەنجەدانی جەستەیی و دەروونی مرۆڤ لەلایەن مرۆڤەوە پاساوی بۆ بهێنرێتەوە، ئەستەمە بتوانین مێژووی ئەو ڕۆحە دڵ ڕەق و دڕندەییەی بیروباوەڕە ئەفسانەییەکان پەروردەیان کردووە لە خودی ئەقڵی بیرکردنەوەی ئێمەدا جڵەو بکەین، ئەمە لە لایەک، لە لایەکی ترەوە مەحاڵە بتوانین ئەو غەریزە کێویە ئاژەڵیانەی (کە بەرهەمی بۆماوەن genetic )لە نێو ناخ و دەروونی خۆمان ڕام (کۆنترۆڵ) بکەین.
ڕاستە مێژوویەک لە بارودۆخی جیاوازو تایبەت پێویستە بۆ ئەوەی پێکهاتەی بونیادی مرۆڤ سرووشتی بۆماوەی ئەو پۆلە جینە هاوبەشەی نێوان خۆی و گیانەوەرانی تر بگۆڕێت و بە ئاڕاستەیەکی تریان ببات لە ڕێکەی گۆڕینی شێواز و سرووشتی ئەزموونکردنی ژیان و بیرکردنەوەیە، بەتایبەت ئەو پاشماوە جیناتیکانەی کە بەرهەمهێنەری خۆشی و لەززەتن بینن لە پراکتیککردنی توندووتیژی و ئاکار و کردەوەی دڕندە ئاسای کێویانە کە لە ئاژەڵە کێوی و دڕەندەکاندا بەرچاو دەکەوێت.
ئەستەمە کۆتاییهێنان و ڕزگاربوون لەم ڕۆحەی نوقمە لە دڵ ڕەقی و لەو باوەڕە پڕ لە تووندوتیژەییەی لە یەقینێکدا چەقی بەستووە و لەو ئەقڵەی ناخی پڕبووە لە کار و کردار و پیلانی دڕەندە ئاسا، مەحاڵە نەجات بوون لەم کەلتوورەی بەرهەمهێنەری ئازاری ڕۆحی و جەستەیی گیانلەبەرە کۆمەڵایەتی و کێوییەکانە، مەگەر تەنها ئەو کاتە مرۆڤ بتوانێ کە حەقیقەتی مرۆڤبوونی خۆی پەی ببات، ئەو کاتەی کە بوونی خۆی، هەڵوێست و کرداری خۆی، بیرکردنەوە و حەز و ئارەزووە غەریزەییەکانی خۆی جیابکاتەوە لە سرووشتی نائەقڵانی کار و کردەوە و ئارەزووە غەریزەییەکانی ئاژەڵە دڕندە و کێوییەکان، مەگەر تەنها ئەو کاتەی خودی مرۆڤ شۆڕشێک بکات بەسەر بیرکردنەوە و جیهانبینییدا؛
بیرکردنەوە و جیهانبینیەک کە تێیدا بوونی نەک تەنها مرۆڤ بەڵکو هەموو ئەو گیانلەبەرانەش کە بوونەتە خۆراکی ڕۆژانەی مرۆڤ لە جیهاندا( لە بێچوویەکەوە کە لە منداڵدانی دایکیدایە تا دەگات بە گیانلەبەرێکی تەمەندار) وەک دوا ئامانج سەرنجی لێ بدرێت، نەک وەک ئامراز و مەبەستێک بۆ تێرکردن و پڕکردنەوە و دابینکردنی ئارەزوو و پێویستیە کاتی و هەمیشەییەکانی یەکێکی تر.
مێژووی مرۆڤایەتی بە هەموو و تراژیدیا و ڕووداوە خوێناوییەکانیەوە بەرهەمی ئەو بارودۆخ و سروشتی مێنتاڵیتیەن کە تێیدا مرۆڤ هەمیشە کراوەتە مەبەست و ئامرازێکی ڕووت ڕووت و لەو ماهیەتە دابڕێنراوە کە خۆی لە خۆیدا ئامانج بێت. ئەم شێوازە بیرکردنەوەیە، هەلومەرجێکی تایبەتی سایکۆلۆژی و ئەخلاقی ئەوتۆی لە ناو کۆمەڵگاکاندا بەرجەستە کردووە کە تیایدا مرۆڤەکان بۆ خۆیان ئیرادەی زامنکردنی ئاسایش و توانای دەستەبەرکردنی دڵنیایی ڕۆحی و دەسەڵاتی پاراستنی ژیانی خۆیانیان پەی پێ نابەن، بۆیە بە ناچاری سەرقاڵی دروستکردنی کاریزما ئەفسانەییەکانی نێو خەیاڵی خۆیانن و دواتر لەسەر دەستی خۆیان سەردەستەکان و دکتاتۆرەکانی خۆیان پەروەردە دەکەن و ئەو کاتەش ستەمکاران لەکۆمەڵگادا هەمیشە خاوەن بڕیاری چارەنووسازنن و ماشێنەکانی دەسەڵات لە لەجیاتی خۆشگوزەرانی، بەردەوامن لە بەرهەمهێنانی ئازار ئاوێتەکردنی ئازار لەگەڵ سروشتی ژیانی ڕۆژانەی هەموو گیانلەبەرەکانی سروشت.
لە لای من، مرۆڤە گەوەرەکان، ئەو کەسانەن کە توانایەکی گەوەرەی کۆنترۆڵکردنی ئارەزوو و لەززەت و چێژە مادیی و دنیاییەکانیان هەیە. مرۆڤگەلێکن کە چارەنووس و قەدەریان ناکەنە کۆیلەی چێژ و لەزەتێکی دەستەمۆکراوی هەنووکەیی و قوربانی ئارەزووە بەرهەمهاتووە ئێستاییەکانی کۆمەڵ. خەونی مرۆڤی گەوەرە گەلێک لەوە بەرینترە لە چوارچێوە سەپێنراوەکانی واقیعی ئێستەدا جێگەی بێتەوە، چێژ وەرگرتن و لەززەتبینینیان لەودیو سنوورەکانی ئەقڵی ئەو کەلتوور و کۆمەڵگایانەوەیە کە خەون و ئارەزووەکان وەک خەیاڵی بە قووتووکراو و ڕازاوە دەخەنە سەر سفرەی ئامادەی ژیان و لە ڕێگەی ڕیکلامەکانیشیانەوە شەوانە بەر لە چوونە جێگا بۆمان فۆرمۆلە دەکەن دەیکەنە بەشێک لە خەون و خولیامان.
No comments:
Post a Comment