Thursday, December 25, 2014

ئەترسم بەیانییەک بێ من

   ئەترسم
   بەیانییەک
   بێ من،
   چوون تارماییەکی خەمسارد
   تانوپۆی دڵم تاڵانکەیت و بڕۆیت.
   سپێدەیەک
   بێ ڕەنگ و بۆم،
   وەک پەلی شکاوی درەختێک،
   بە بەردەم زمانی لاڵمدا
   پێ لە گلێنەی وەریووم بنێت و بڕۆیت.
   ئەترسم
   بەیانی وونبوون و مردن بێت،
   تۆش بێ دەنگ،
   بەسەر ڕۆحی پەژمووردەمدا
   دوای سێبەری خۆت بکەویت و بڕۆیت.
   بڕۆیت و لەدوای خۆت،
   تەنها کۆتەرەدارێک جێمێنێت،
   کۆتەرەدارێک و هیچیتر.
   (دارا عەلی)

Tuesday, December 16, 2014

چاوةرواني

ژیان
   هێندەی بستێکی ماوە بۆ مردن و
   من
   بەم هەموو سووتانەوە،
   دڵم 
   هەر لای هەڵهاتنی شەوقی تۆیە.
   وەرە بەرلەوەی وەکو خۆڵەمێش پەرتببم،
   چوون ئەترسم بەیانییەک مەرگ بگا و
   تۆ بێیت و
   من تەتناسمەوە.
     (دارا عەلی)

Saturday, December 6, 2014

ئیتر ناڕۆم

    بەدەم ئەم ڕۆتینە پووچەوە هەمووجارێک ئەکولێمەوە و لێوی خۆم ئەکرۆژم.
   ئەڕۆم و
   بەدەست چەرخی ئەم دنیا کەڕ و لاڵەوە ئەخوولێمەوە و دان بەخۆمدا ئەگرم.
   دێم و بۆ هەڵسانەوەیەکی تر،
   پێ لە زامی خۆم ئەنێم و
   جیهانی بێباک تاووتوێئەکەم.
    وەک تارمایی
  بە نێو کوێرەوەری ئەم سەردەمە پیرەدا تێئەپەڕم و
   نەئەگەم بە شەوقی تۆ، نە بە هیچ .
   ئیتر ناڕۆم.
   ناڕۆم و سەر ئەکەم بە زوڵمەتی بێدەنگی خۆمدا
   تا نووقمبوون،
   تا خنکان و
   تەقینەوە.
   (دارا عەلی) 

Monday, December 1, 2014

بەرد

  جوان و سەنگین نەماویت لە جێ ی خۆت ئیتر ئەی بەرد.
  وەرە و جێ بەم ئابڵۆقەی مردنە لێژبکە و 
  بیشڵەقێنە
  گۆمی ئەم ڕۆحە بێباک و ساردوسڕە. 

Saturday, November 29, 2014

زەوی لەژێرپێمدا ئەناڵێ

   زەوی لەژێرپێمدا ئەناڵێ.
   پشتم مارکی چەقۆی غەدرە و
   سینەم  مۆزەخانەی زام و شوێن برینی شمشێرەکانی کینە و ڕق. 
   سەرم وێستگەی بۆمبارانی جاڕدەرانی مافی مرۆڤ.
   سنوورەکانی سەر جەستەی لەتوپەتم، جێ خەنجەری دەڵاڵەکانی سیاسەت و موختارەکانی حەقیقەت.
   ئەم جەهەنەمی ئازارە بە جۆرێک گەماڕۆی داوم
   ئیدی بوارێک نەماوە بۆ تێڕامان لە مردن یا بیرکردنەوە لە سبەی
  لەم بازنە خوێناوییەدا.. 
   (دارا عەلی)

Friday, November 28, 2014

من خەیاڵی سەرکردنم بە مزگەوت و مەیخانەدا


  من خەیاڵی سەرکردنم بە مزگەوت و مەیخانەدا وەکو یەک بوو؛
   لە میاندا لەسەرچۆک،
   لەبەردەم سامی مردندا
   ناڵەی ویژدانی زامار و خەم و بێزاری ڕۆژگارم پێ بەنج ئەکرد.
   لەویاندا سەرشۆڕ و سەرکز،
   لە تاو ترسی وونبوونمدا
   هاواری دڵی ڕەنجاو و ئازاری ڕەنجی دزراوم بە با ئەدا.
   ئەمئێستاش دوور لە مەی و دوور لەنزا،
   وەکو پەروانە بەدەوری ڕووناکی چرای عەشقێکدا
   کەتوومەتە سەما و فڕین،
   نەترسم لە مردنە
   نە لە وونبوون.
   (دارا عەلی)

دابران

   بەم هەموو دابڕانەوە،
   من ئەبێت لە پنتێکدا ئاوابم،
   تاکو تۆ بدرەوشێیتەوە.
   تۆش تا لە تاریکییدا وون نەبیت،
   ڕۆشناییەک ناگا بە من تەنیاییم گەرم بکاتەوە.
   چ ڕۆژگارێکی خەمناکە ئەی دۆست. 
   بە کۆمەڵ ئاوێنەکان هاڕە ئەکەن.
   چرپەی گۆرانییەکانی دڵ لە سێبەری ئەم هەموو چاوەڕوانییەدا هەڵئەوەرێن.
   خەیاڵ بەدەم گڕەبای ئەم هەموو شپرزەییەوە ووشک و
   خەونی باڵگرتن و فڕین پووچ و
   دڵ بوو بە دوو لەتی سەرگەردان و دوورەدەستەوە.
   ئیتر لەم سەرابستانی ئومێدەدا،
   من و تۆ ڕادەست بە مردنێکی لەسەرخۆ و هیچ.
    (دارا عەلی)

Monday, November 17, 2014

دڵم بۆت کردە نیشتمان

   من لەنێو داروپەردووی ئەم دنیا وێرانەیەدا
   دڵم بۆت کردە نیشتمان.
   کەچی ئێستا لەسەر سینەم قووت بوویتەوە و
   وەک پاڵەوانێکی دۆڕاو
   پڕیت لە پەیمانی درۆ و گەمەی لاسار.
   خەیاڵت خولیای جەلاد و
   زمانت بۆنی بارووت و
   چاوەکانت تینووی خوێن و
   کەڵکەڵەی سەرت مەراقی هەوەسبازی و یاری قوومار.
   هاتوویتەوە و
   چەپۆکت لەم بستە خاکە گیرکردووە و
   گەرەکتە
   بیکەیتە گۆڕستان بۆ من و
   جەهەنەم بۆ ژیان..

Friday, November 14, 2014

. وەکو یەک شەوقی دوو نیگا

   وەکو یەک شەوقی دوو نیگا،
   وەک دوو چریکەی هەمان سۆز،
   دوو هەناسەی یەک داگیرسان و سووتان بوو
   ئاوێزانبوونی ئەندێشەی من و خولیا و خەیاڵی تۆ.
   خەمی عەشق و دووری دڵان، نەفەسی فلووتی سینەی تۆ بوو ئەی یار.
   ئازار و ژانی ڕۆحی تۆش،
   نەغمەی ئاهو حەسرەتی تاری دڵی من.
   (دارا عەلی)

. چ بێدەنگ زەوی لەژێر ئاگرباراندا ئەسووتێت

   چ بێدەنگ زەوی لەژێر ئاگرباراندا ئەسووتێت.

   دیوارەکان تا دێت ئابڵوقەیان ئەستوورتر و
   پەنجەرەکان تاریکتر و
   دەروازەکان خوێناویتر،
   قەد و باڵای ڕزگاربوونی منیش کورتتر.
   بێدەنگی ئەم وێرانەیە کاسی کردووم.
   چ دۆزەخێکی سامناکتر بەڕێوەیە ئەی دۆست؟
   لەژێر تاوی ئاگری ئەم هەموو مردنەدا،
   منێک نیوەم،
   لە نێو سووتووی خۆڵەمێشی خۆیدا هەڵئەسێتەوە و لەگەڵ تۆ ژیان دەستپێئەکاتەوە.
  نیوەکەی تری ڕۆحیشم لە دوورەوە،
   بەچاوێک، سەیری فلیمی جۆگەلەی خوێنی ڕژوای خۆی ئەکات و
   بە چاوەکەی تریش، میلی کاتژمێری دەستی و ناچار بە گەڕانەوە ناو خولگەی سەرقاڵی ڕۆتینی بیرچوونەوە و مردن.
   (دارا عەلی) 

Tuesday, November 11, 2014

لەم گۆڕستانی هات و نەهاتەدا بڕیار بوو بێت.

  
   بەدەم خەم و ئازاری ئەم هەموو دڵشکانەی عومرەوە
   هێند چاوەڕێی ئامێزێکی فریادڕەس بوویت،
   ئاوی چاوت داهات و دڵت هاڕەی کرد،
   ئەوی نەفرەتی هەر نەهات.
   ئەو نەهات و
   تەمومژی دنیات چڕتر و وونبوونت تاریکتر و
   شکۆی ڕۆحت لەم دەستتاڕی مەیانەدا ووردوخاشتر.
   ترس و بێباکی گەییشتە دوا ترۆپک و
   تۆ خنکایت و
   ئەو هەر نەهات.
   تووڕەییت بوو بە کارخانەی گوناهی نەفرەتلێکراو،
   هێشووی بەرە خەون و خولیای دڵت بە چنگ ئەڕنی.
   بێزاریت وەکو ڕەشەبا ڕووناکی چرای ئەخنکاند.
   مردن گەییشتە سەر عەرش و
   تۆ شکایت و
   ئەو هەر نەهات.
   دوودڵیت بەدەم لەرزەوە تۆوی ڕق و تۆڵەی ئەچاند،
   ماڵت کرد بە لانکەی جەلاد،
   زەوی بە حەشری دۆزەخ و
   تانوپۆی ژیان بە کێڵگەی زام و برین.
   تۆ مردیت و
   ئەو فریادڕەسە هەر نەهات،
   تەلیسمێکی هەر نەگەییە ئەم گۆڕستانی باوەڕە و
   شایەتحاڵ چۆن
   دنیای بێباک و چاوەڕوان ناڵە و ئازار ئەدرووێتەوە؟!.
     (دارا عەلی)

Wednesday, November 5, 2014

وەک دوو نیگای ئەندێشەی خەمی یەک دیدە،

   وەک دوو نیگای ئەندێشەی خەمی یەک دیدە،
   وەک دوو گەردی مەراقی یەک نەفەسی قووڵ
   من و تۆ،
   بە مۆم و پەروانە ئەچین لە سووتاندا.
   چ تێکڕژان و ئاوێزابوونێکە عەشق ئەی یار.
   تەماشاکە،
   لەگەڵ گەییشتنی نەغمەی ئاوازێکی دڵی تۆدا،
   بۆوبەرامەی عەتری ئەم کەرنەڤاڵی ڕەنگانە چۆن سەرئەکات لە تەنیایی ڕۆحی مندا.
   لەگەڵ دەرکەوتنی ڕەنگی یەکەم تۆنی شەوقی تۆدا،
   سەدا و چریکەی ئەم ڤیستیڤاڵی سۆز و ئاوازە چۆن هەڵئەکات لە خەیاڵی سەری مندا.
     (دارا عەلی).

Wednesday, October 15, 2014

وەرە شەوقی ڕزگاری من،

   وەرە شەوقی ڕزگاری من،
   تۆ نەهەژموونی تاریکی ئەمیرەکان توانی سنووری ڕووناکیت ببەزێنن،
   نەسوڕەت و ئایەتەکانی سەربڕین.
   نەڕق و کینەی بۆنەوتی ئەم ڕۆژگارە خوێناویانە چۆکیان پێدایت،
   نەهەڕەشەی شمشێرەکانی دەستبڕین.
   منیش لێرە،
   لەم دوورەوە، شپرزەیی ناخی کۆیلەم
   نەفرەتی خۆی بە بەردێکیش نەگەیاندە باڵەخانەی خەلیفەیەک،
   نەسامی بتێکی شکاند،
   نە بورجێکی میدیای ژەهری هێنایەخوار،
   نەحەرەمی بڵندگۆی فەتوای خوێناوی و
   بنەوبارگەی باڵێوزخانە کوردکوژەکانی بە ئاگری بێزاری و تووڕەیی سپارد..
   وەرە شەوچرای عەشقی من،
   مشتێک ڕووناکییت ببەخشە ئاهونزای نەفسی کوێر و ڕۆحی زەلیل و شکستەم
   وا بەسەر جادە و شەقام و گۆڕەپانی ئەم دنیا کەڕولاڵەدا،
   کەوتۆتە وڕێنەی ئاشتی و سواڵ و سەدەقەی بەزەیی.
   بە شەرمەوە لە دەرگای خواوەندەکانی مەرگ ئەدات،
   تابێن مەشخەڵی بەرگریت بەڕەشەبا ئابڵوقەبەن و
   ئازادیت
   ئامادەبکەن بۆ قوربانی جەژنەکانی دیموکراسی و
   بۆ سەڕبڕین لە مەیانی قەسابخانەی مۆدێرنەدا.
   وەرە خۆری ژیانی من،
   هەڵهاتنت لەناو دڵی کانتۆنەکانی خۆرئاوا
   بەسە بۆ ڕۆشنکردنەوەی خۆرهەڵات و باکور و باشوری جەستەم.
     (دارا عەلی 13/10/2014)
     سوپاس بۆ پۆرترێتەکەی  د. ڕێبوار سەعیدی بەڕێز

Saturday, September 27, 2014

بە وێنەی نەوای فلووتێک

   بە وێنەی نەوای فلووتێک نەسیمی پاییز بیژەنێت، ئەدوێم بۆ خۆم.
   چ ساڵوەرزێکی وەرین و دابڕانە بێ تۆ ئەی دڵ،
   ئەڵێ ی باخێکی ڕووتەڵەی ڕاونراوی گوڵ وەریوو و بێ پژوپۆم.
   لە نێو کۆچدا،
   وەک قەرەجێک نەخشەی ئازارم شارە و شار ئەگێڕم و کەس ئاوڕێک لە هاوارم ناداتەوە،
   من ژیانێکە چاوەڕێم،
   تۆش هەر بۆ جارێک نەهاتی بۆکڕووزی ئەم هەڵقرچانەی تەمەنم بچنیتەوە و
   چوون مەدالیایەکی شەرەف
   بیدەی لەسینە و بەرۆکی ئەم سەردەمە چاوچنۆک و خوێنڕێژەدا. 
    (دارا عەلی 27/9/2014)

کە تۆ لێرە بیت هەمیشە

   کە تۆ لێرە بیت هەمیشە،
   ئێرەش هەردەم وا لەلای تۆ..
   من چوون چرا و
   تۆش تەلیسمی گورزێک لە تیشکی ڕووناکی لە ئەزەلەوە هاتبی و
   لێرەدا نیشتەجێ ی دڵ بیت.
(٢)
   بێ چرای ڕووت، وێڵ و سەرگەردانە ڕۆح وەکو پەروانە.
   وەرە ساقی ئەوینی من،
   تێیبکە جامێ لە شەوقی عەشق و چریکەی داگیرساوی ئەم ئاواز و دەنگە دوورە،
   تا شووشەی بەتاڵم پڕ و
   سەرم کەیل و
   دڵم بێدار بێت هەمیشە.
    (دارا عەلی 25/9/2014)

Monday, September 15, 2014

ئیشتیاقت پرشنگی چرای چاوم

 ئیشتیاقت پرشنگی چرای چاوم و
  قووم قووم نووری خەیاڵت، شەرابی ڕۆحی تەنیام.
  وەرە ئەی یار،
  کە من و مەلیکشای دڵم، لەسەر ئیقاعی ئاوازی
  دەرکەوتنی مانگ و هەڵهاتنی خۆری دیدەنی تۆ بێینە سەما،
  ئیتر باکم بە سووڕانی زەوی و تاجی سەر سێبەری سەرم بۆ بێت!!.
    (دارا عەلی)

Thursday, September 11, 2014

بێنە ساقی خەیاڵی من

   مەستم بە شەرابی شەوق و
   حەیران بە سۆزی چریکەی.
   بێنە ساقی خەیاڵی من،
   پێکێ لە نەوای نەسیمی خۆشئازاری سەمای زیکری،
   بەڵکە گەشبێتەوە گڕی پشکۆی نووستووی ژێر خۆڵەمێشی تاریکی و
   تا ئەبەد بێدار بێت ڕۆح و
   ڕۆشن بێت دڵ تا کۆتایی.
   (دارا عەلی2014/9/10)

Sunday, August 31, 2014

ئێستەش نەمزانی حیکمەتی کام ڕێکەوت بوو

ئێستەش نەمزانی حیکمەتی کام ڕێکەوت بوو،
من لەوێ بم و تۆش لەوێ.
من وەک نەسیمی دوا وەشتێ گەییشتم و
تۆش چوون ڕووناکی هەتاوی دوا بارانێ.

تۆ لەوێ بوویت و من لەوێ
ئەتووت سێبەری مۆسیقا و خەیاڵی شیعرێکی (نالی)ین،
من بۆ ئەبەد دڵم خستەبەر ڕێژنەی خۆرەتاوت و
تۆش ڕووت  بەخشی بە شنەی شەماڵ و باخی دڵت ئاوەدانکرد.
(دارا عەلی 30/8/2014)

دنیا زۆر تەنگ و تەسکە بە پێ ی عەشق ئەی یار

  دنیا زۆر تەنگ و تەسکە بە پێ ی عەشق ئەی یار،
  پیاسەیەکی دوو بە دووی دڵی من و تۆ تیایدا بۆتە مەحاڵ.
  ئیتر بۆ دەرچوون، هەر ئەبێ بە پێ ی پەتی
  بەسەر گڕوکۆی دۆزەخی ئەم بەستەڵەکی چەرخەدا 
  پێ هەڵهێنین و دەربکەوین.
(٢)
  لەم زۆنگاوە بۆگەنەدا، وەڕسییم تا بینەقاقام هاتووە و
  خەریکە ئەخنێکم.
  تاوناتاوێک،
  بۆ کڕینەوەی نەفەسێک،
  ئەبێت دڵم ووردبکەمەوە..

  ئەمئێستاکە؛
  نە ووردە ما و نە شکۆی ڕۆح،
  لە بێ دڵیدا،
  داهۆڵی خواوەندەکان لە جەرگەی ژیاندا ئەچەقێنم..
  من لە نێوان
 خنکان و چێژی ئەم گەمە پووچەدا دەمێکە مردووم..
  مەگەر مەرگی ئەم یاسایە بە تەقینەوەیەک لە ناخمدا ڕابسپێرم،
  هەتا سەرچاوەی مردن و
   کۆت و بەندی چی چێژ و ئارەزووی باوە لە ڕۆحمدا ووردوخاش بکات..
    (دارا عەلی)

Thursday, April 24, 2014

دڵم تەنگە

  نەمانگەشەو دادی بێزاری من ئەدات،
  نەخۆرەتاو.
  من بەسەر ئەم گۆی زەوییەوە تاک و تەنیا و
  لەسەر شێوەی ڕاستەهێڵێک
  ڕۆژانە ئەچمە سەرکار و دوانیوەشەوێ دێمەوە.
  دڵم تەنگە و
  وەڕسیم... هیچ کەڵکەڵەیەک ڕامی ناکات،
  مەگەر تەنها تۆ دەرکەوی و
  بە دە پەنجەی خۆشەویستیت
  تاری ڕۆحی کەسیرەم چڕ بژەنیت و
  لە جۆلانەی ئاوازێکی کەیل و مەستدا،
  بمخەیتەوە سەما لەگەڵ قەد و باڵای عەشقی خۆتدا.
    (دارا عەلی 24/4/2014)

Friday, April 18, 2014

وەرە خانەخەراب

  چ دۆزەخێکە دنیا
  بۆ سواڵی ژیانی سبەی،
  من ڕۆژانە،
  ئەبێت دەست لە مردن پانبکەمەوە.
  (٢)
  ژیان چوون نەخۆشێکی شپرزە
  لە قاوشە ناکۆتاییەکانی ئەم سەردەمە فایرۆسیەدا.
  نەدەوا و نەدەرمان،
  دادی ئازاری ئەبەدی بیمارییەکانی ئەم ڕۆحە تێکشکاوە نادات.  
  (٣)
 وەرە خانەخەراب، 
  هەر ئەڵێ ی خانەیەکی ژێرپەنجەی مەدالیای ئەم سەدەیەی.
  وەرە و
  قەتماغەی درۆینەی ئەم زامانەم هەڵکۆڵە و وێرانم بکە.
  وێرانتر لە نیگەرانی ئەم خەراباتەی خۆت ئەی دۆست.
  ئیتر من بێباکانە
 یا ئەم تراویلکەیەی ژیان توڕئەدەم و
  لە گۆڕستانی خۆشبەختی خۆمدا ئەخنکێم.
  یاخود
  لە داروپەردووی ڕۆحی داڕماوی خۆم،
  تۆ و ژیان سەرلەنوێ بینائەکەمەوە.
     (دارا عەلی 2014/4/18)

Thursday, March 27, 2014

بردنەوە هەمیشە دۆڕاوەکانی من و تۆ

   بردنەوە هەمیشە دۆڕاوەکانی من و تۆ
  بڕوانە،
  من چەند مناڵانە کەوتمە بەر بەرداشی ئارەزووە سەرەڕۆییەکانی تۆوە و
  ووردوخاش بوو شکۆی دڵم.
  تۆش چەند هەرزەکارانە خزایتە نێو بۆسەی جەنگە دۆڕاوەکانی گومانی منەوە و
  هاڕەی کرد ئاوێنەی عەشقت.
  (٢)
  بڕۆ ئەی یار
  من بیرم چۆتەوە، تۆ بۆ گەییشتن بە من، 
  بەرۆکی دنیات بۆچی گرت؟!
  وەرە ئەی بێوەفا
  چۆن لە یادت کرد، من بۆ گەییشتن بە تۆ،
  ئەو شەڕانەم بەرامبەر جیهانی کەڕولاڵ بۆ بەرپاکرد؟!
  (٣)
  چ تراژیدیایەک بوو، دەوری مەهزەلەی من و تۆ لەم نماییشە پووچەی ژیاندا.
  تۆ لە یارییە جەهەنەمییەکانی مندا نغرۆ ئەبوویت،
  منیش لە پەتا کوشندەکانی چێژی تۆدا.
  تۆ دڵت دامێ و من تەمەنتم سەرفکرد،
  خۆشخەیاڵانە منیش ژیانمم پێبەخشیت و تۆ ڕۆحمت تاڵانکرد.
  (٤)
  ئەمئێستا وەک جەنگاوەرێکی تێکشکاو، هەڵهاتوو لە جەنگەکانی خۆم گەڕاومەتەوە و
  شەڕ بە تۆ ئەفرۆشم،
  ناسرەوێم تا ژیانت نابووت نەکەم.
  تۆش وەک قوومارچییەکی دۆڕاو لە سەر مێزی قوومارخانەی ئەم سەدەیە هەستاویتەوە و
  یەخەی من ئەگریت،
  کۆڵنادەیت تا ڕادەستبوونی من نەکەیتە بارمتەی دۆڕان و مردنێکیتر.
  (٥)
 چ بێ ڕەحمانە بوو ڕقم، پریشکەی ئاگری ئەباراند بە ڕووی تۆدا.  
  چ بەد و سەرکوێر بوو بووغزت، تاریکی ئەڕشت بەسەرما.
  چ قوربانی و جەلادێک بووین، ئێمە ئەی یار،
  کەس لە گوناهی پاکیزەیی من حاڵی نەبوو تۆ نەبێت.
  کەس لە تاوانی فریشتەیی تۆ تێنەگەییشت من نەبێت.

  بڕوانە بە بێ خوێنڕشتن، چەندجار کووشتمت لە خۆتدا؟!
  بێ گۆڕهەڵکەنین و ناشتن، چەند پرسەی مردنتم گێڕاوە لە خۆمدا؟!
  (٦) 
  ئەمئێستا چوون براوەیەکی هەمیشە دۆڕاو،
  چەند تەنیا و گوناح و زەلیلین بەدەست تاریکی دۆزەخی دنیاوە.
  لەم شانۆگەرییەدا هەموو دەورێکمان بینی ، 
  ئێمە هەموو شتێک بووین،
  تەنها (من و تۆ) نەبێت.
  (دارا عەلی 27/3/2914)

Friday, March 21, 2014

من و تو

  من لێرە،
  دوکەڵی سووتانی مەراقم درێژ درێژ ئەبێتەوە تاکو لای هەواری خەمی تۆ.
  تۆش لەوێ،
  گومان و دوودڵیت وەک تەمێک ئەکشێت تا بەردەم دیدەی من.
  من لێرە و
  تۆ لەوێ.
  تۆ لێرە و
  من لەوێ،
  چوون یەکەیەکی دوولەت بین. 
  یاخود دووانەیەکی ڕۆحێک،
  ئەشزانم؛
  نە تۆ دەستت ئەگات بە من.
  نە من هەرگیز ئەگەمە تۆ.
  ئیلاهی چەند تەنیا و دوورەدەست و بێکەسین من و تۆ.
     (دارا عەلی  21/3/2014)

Friday, March 7, 2014

تۆ هیچ نەبوویت

  لەو مەنجەنیقی ڕقەدا،
  تۆ هیچ نەبوویت،
  جگە لە هاژەی شەپۆلی خۆشەویستی
  لە کەنار دڵی ئێمەدا،
  لە باوەشێکی هەمیشە دەم بە خەندە
  لەبەردەم ئاوێنەی ڕۆح و
  لە پۆرترێتێکی ئاوی
  لەودیوو خولیای نەسرەوتی عاشقانەی خۆتدا.
  (٢)
 لەو جەهەنمی مردنەدا،
  هیچ نەبوویت و
  برین لە کوێدا ئەسووتا، باخی دڵی تۆ داڵدەی بوو.
  خەم لە کوێدا باڵی ئەگرت، ئەوینی تۆ ئاسمانی بوو.
  ئازار لە کوێ ئەنیشتەوە، ئەوێ هێلانەی ڕۆحت بوو.
  (٣)
  لەو ڕۆژگارە ئاسۆ تاریک و لێڵەدا،
  تۆ هیچ نەبوویت،
  جگە
  لە خەونی ئازادی زیندانییەکانی ئەمنە سوورەکە،
  لە ئامێزێکی ئامادەی ڕووت و قووت و،
  لە ساباتێک دڵنیایی بۆ هاوارێکی بێهودە.
  (٤)
  لەو دەمە گرگن و تووڕەیەدا.
  شەقام بووبوو بە گۆڕستان
  جادە بە جۆگەلەی خوێن و
 چ سامناک بوو
  پێکدادانی ژیان، مردن.
  مەرگ لە دووربینی قەناسەکانەوە،
  نیشانەی لە هەموو جووڵەیەک ئەگرتەوە.
  تاوان لە شڵەژاویدا،
  بە BKC بە چوارلادا گوللە و ئاگری ئەباراند.
  
  تۆ هیچ نەبوویت
  جگە لە شەوقی ژیان خۆی،
  جەلادەکانی ئەمنەکە ئەوەشیان لێ زەوتکردی.
  تۆ هیچ نەبوویت و میراتیت
  شتێک نەبوو جگە لە ئاوێنەیەکی خۆشەویستی،
  تاڵانچییەکانی نیشتمان ئەویشیان ووردوخاش کرد و
  چوارچێوەکەی وەکو دەسکەوتێکی شۆڕش،
  لەسەر مەرزەکانی سنوور ئاودیوویان کرد.  
  (٥)
  هیچ نەبوونت، ژیان خۆی بوو
  تۆ ڕۆییشتی و
  کەس نەیتوانی بەربینی ئەم خوێنە بگرێت،
  کە بە ناهەق لەو ڕۆژەوە هەتا ئێستە،
  لە دڵی دایکم و تانوپۆی ژیان ئەڕژێت.
     د.ع/7/3/2014

Friday, February 28, 2014

بێ تۆیی

  بێ تۆیی،
  درێژبوونەوەی مردنە لە ئەزەلەوە تا سەر من.
  خاڵیبوونەوەی گەردوونە لە تۆنی شەوقی مۆسیقا.
  تۆ چوون
  دەفتەرێک پڕ نۆتەی ئەم دڵەم بی و
  منیش
  قەوسی کەمانچە تاقانەکەی ڕۆحی تۆ.
  (٢)
 نابیناییم
  لەم دنیا کەڕ و لاڵەدا،
  جگە لە ئۆپێرای عەشق، کەناڵێکی تر شک نابات
  دەستی ڕۆحی وونبووم بگرێ و
  بمباتەوە بەر دەرگای ماڵی دڵی تۆ.
  (٣)
  خەمی درێژی دوێنێ ی من،
  قاڵبە سەهۆڵێکی گەورەی سەر دڵم بوو
  بەر لە هەڵهاتنی نووری ئەوینی تۆ.
  کابوسی دنیا و سامی سبەی من
  تەمومژێکی چڕ و چڵکنی بەر دیدەم بوو،
  بەر لە هاتنی بارانی نۆ عەشقی تۆ. 
  وەرە ئەی یار،
  لەسەر ئاوازی دڵم بمژەنە
  با لەژێر ڕێژنەی ئەم ئەستێرەبارانەدا،
  ئاوێزانی ڕۆحی تۆ و سەمای ژیان ببمەوە جارێکیتر.
   (دارا عەلی 28/2/2014)

Sunday, February 23, 2014

بۆ هەر کوێ بچم

  بۆ هەر کوێ بچم،
  تەنیاییم
  شەوق و سۆزی تۆی لێ ئەڕژێت.
  لە هەر کوێ بیت،
  بێدەنگییم
  چریکەی دەنگ و ئاوازی تۆی لێ ئەچۆڕێت.
  چوون غەریبیم
  پیانۆیەک بێ و
  خەیاڵی تۆش
  دە پەنجەی عاشق بە نۆتەکانی ژیان.
    (دارا عەلی 23/2/2014)

جەنگەکانی ئێوە

   جەنگەکانی ئێوە،
  لەودیوو پیرۆزییەکانی ئاسمان و
  نیشتمان و
  دیموکراسی،
  ڕیکلامێکی ڕووت و قووتی چاوچنۆکی بازرگانانی سیاسەت بوو،
  هەڵگیرسانیان
  بۆ ڕامکردنی دڵی من و ڕۆحی تۆ بوو و هیچیتر.
  شەڕەکانی ئێوە،
  چوون خولیای جەنەڕاڵە دۆڕاوەکان لەسەر مێزی قوومارخانە،
  بە پژانی خوێن و
  هاڕەی ڕۆح و
  کۆتکردنی خەونەکانی ئێمە
  دەستی پێکرد.
  بە هێڵنجی ماچ و
  ڕشانەوەی درۆی ئاشتی و
  پەتای دەستلەملانێ ی ڕیا و
  ژەهری پێکەنینی ئێوەش،
  لەسەر شاشەکانی تیڤی
  کۆتایی هات.
  لێرەوە،
  جەنگی ڕاستەقینەی من،
  شەڕی بێدەنگ و ناکۆتای خۆمە لەگەڵ ئێوە
  و
  مێژووی وەسوەسەکانتان لە مندا.
    (دارا عەلی 23/2/2014)

Wednesday, February 19, 2014

کە (من)ی من، (تۆ)ی (تۆ) بێت

  کە (من)ی من، (تۆ)ی (تۆ) بێت و
  (تۆ)ی تۆش ... من،
  ئیتر لێبووردنی ناوێت،
  من ئەزانم
  جار ناجارێک سەرئەکەیت بە شانە هەنگی خەیاڵما و
  بە دزییەوە
  لە شیلەی هەنگوینی خەونەکانم ئەمژیت.
  ئیلاهی
 چی لەوە شیرینترە،
  من شیلەی گوڵی باخان بم و
  تۆش چوون هەنگێک
  لە ژووانی ڕۆحما نەبێت،
  مەست و حەیران، خەو نابینیت.
  (٢)
  حیکمەتی ژیان خۆی بەسە
  لە نیگایەکی لاڕێدا
  بوونی من و تۆ بکا بە یەک،
  وەکو دوو گەڵای درەختێک
  چوون سۆزێکی تۆ هەمیشە لە ڕۆحی مندا قوڵپ بدات.
  یا ڕازێکی من بەردەوام لە دڵی تۆدا تاو بدات.
  (٣)
  بۆ ئەوەی بیر لە تۆ بکەمەوە
  هەمیشە بەدوای ناوکۆییەکدا ئەگەڕێم
  یاخود
  ووزەیەکی چوونیەک
  یا ئارەزوویەکی هاوبەش لە نێوان من و تۆ بەسە
  تا ختوکەی دڵم بدا و
  دوور لە تڕووهاتی دنیا
  ژیانی پێ جوانتر بکەم.
  چوون
  تۆ خەونێکی بێداربی و من لە خەوتنمدا بتبینم.
  چریکەیەکی ئارامبی و لە بێدەنگیمدا بتخوێنم.
  یا خەمێکی پڕ ئازاربی و لە تەنیاییمدا بتچێژم.
    (دارا عەلی  18/2/2014)

Monday, February 17, 2014

ساتێک لێرەیت،

  ساتێک لێرەیت،
  وەک مناڵ پڕم لە پرسیار.
  وەکو عەشق،
  پڕم لە نۆتەی مۆسیقا و
  لە فڕین و
  خەونی مەحاڵ.
  کاتێک دیارنیت
  بیرکردنەوەم لە شەوقی تۆ،
  دڵم ئەکات بە فلووتێ لە نێو سۆزی دە پەنجەما و
  تەنیاییش بە نەفەسی قووڵ
  ئەیژەنێت ئاوازی ڕۆح و
  خەیاڵی ئەم ئاگردانەی پێخۆش ئەکات.
    (دارا عەلی 17/2/2014)

Saturday, February 15, 2014

من ماندووم

  من ماندووم،
  لە ژێر باری قورسی ئەم هەموو مردنەدا.
  وەرە ئەی یار،
  لەسەر سنووری گەیشتن بە دڵی تۆ 
  ڕووت و قووتم بکەرەوە؛
  لە خەمی ژەنگرتووی دوێنێ و سامی نیگەرانی سبەی،
  لە تارمایی بوون بە خودا و
  وەهم و خەیاڵی خۆشبەختی
  لەم مەنفا بەرینەی زەوی.
  (٢)
  من ماندووم
  لە ژێر باری ڕەش و سپی ئەم هەموو گوناهانەدا.
  وەرە تەنیا فریادڕەسم،
  لە سەر سنووری گەییشتن بە عەشق، بە ژیان،
  کەوڵمبکە
  تا لە پێستی ئەم ڕۆحە بەردینە دەرئەچم
  ڕۆحێک،
  ئاوێنەی دڵمی کردووە بە هەزار پارچەی پەژمووردە و وونەوە.
  (٣)
  تۆ تەنها جارێک وەرە و
  بمخەرە سەر لەرەی ئاوازی خۆبەخۆی شەوقێکت،
  تا دنیای مەییوو ئەیبەستێ و
  منیش لە سەمای سووتانتا،
  پەڕوباڵی ئاگر ئەگرم.
  تاکو ڕووتییم،
  بەدەم سەمفۆنیای سووتانی عەشقتەوە
  باڵ نەگرێت،
  ناگەم بە خۆم
  نە بە ژیان و
  نە بە تۆ.
    (دارا عەلی 15/2/2014)

گەورە پیاوانی درۆ


 گەورە پیاوانی درۆ،
  ئێوە
  لە ڕەچەڵەکی قوومارچییە دۆڕاوەکانن،
  ئێمەش دوا دەستی یاری سەرمێزتان.
  من
  لەم قوومارخانەیەدا لە دایکبووم.
  ڕۆژەکانم وەک بارمتە،
  لە نێو چنگی مەراقتاندا
  شەوانە دەستاودەست ئەکات.
  لە سووڕی دۆڕانتانا هەر منم ئەکوژرێم
  و
  لە وەهمی بردنەوەشتانا هەر منم ئەدۆڕێم.
     (دارا عەلی 14/2/2014)

Thursday, February 6, 2014

تۆ نیشتیمان


 تۆ نیشتیمان
  چاوەکانت تا دێت کزتر ئەبێ و منیش بچووکتر ئەبینێت.
  بچووک بچووک،
  چوون مێروولەیەک بم لەسەر ڕێوبانتا،
  بێباک لە فلیقانەوەم،
  بێئەوەی ئیقاعی ڕۆیشتنت تێکبدەیت، پێ ئەنێت بە ڕۆحما.
 بەر لە پلیشانەوەی من،
 کۆڵانێکت نەیکرد تانوپۆی تۆزێک بژاکێت
 نەگەڕەکێکت وورووژا و
 نەجادەیەکت تووڕەبوو و
 نە شەقامێکت بۆ ئەبەد بوو بە سێبەری بێزاری و
 بە هاوارێک تا
 جموجۆڵی شار ئیفلیج بکا و
 بە دنیا بڵێ بووەستە 
 باژیان پرسە نەگێڕێ و پشوویەک بدات.
 بڕوانە نیشتمان؛
 لەوەتەی هەیت 
  کەڕ و لاڵن، دادوەرەکانت لە دادگادا و
  نابینا و کوێر، خوداکانت لە سەربان و
  جرجی پیس و چاوچنۆکن، بازرگان و سیخوڕەکانی سیاسەتت و
    چاوی هەمیشە ئەبڵەقبووی عەوامیشت، 
 تاریک و لێڵ،
 نە هەستیان بە گوناهکرد و
  نە ویژدانیان لایکردەوە لە غەدری خوێنی ڕژاوی بەر دەروازە و
  لاکۆڵان و
  سەر شەقامدا.

  ئیتر تەواو
 لەم زیندانە تاریکەی دۆزەخی نەوتا
 تۆ بوویت بە لوورەی ڕەشەبا و
 ئەو دەستانەش کە توند کڵاویان لەسەر سەر ڕاگرتووە، 
  تاک تاک ئەمڕۆ و
 کۆ بە کۆ سبەینێ ئەبنە
  قالۆنچەیەکی حەپەساو لە نێو قاتێک  بیجامەدا،
  یا کرمێکی زەوی هەمیشە ماندووی کراس و کابۆ لەبەر و،
  مێشوولەیەکی باڵشکاو بە چاکەت و پانتۆڵەوە،
  یاخود ڕەوە مێش و مەگەز بە دەستێک جلی کوردییەوە و
  لە نێو جێگاو
  لەبەر ماڵ و ناو ئۆفیس و
  بەر دەروازەکانی زانگۆ و
  لاکۆڵان و لەسەر جادەدا،
 ئەبێت،
  چاوەڕوانی قەدەری پلیشانەوە و فلیقانەوەی خۆیان بن و
  هیچیتر.
   (دارا عەلی 6/2/2014)

Wednesday, February 5, 2014

تۆ لە ئەزەلەوە جێتهێشتم


 تۆ لە ئەزەلەوە جێتهێشتم
کەچی هەر ئاوازەکانی تۆیە لە سەرمدا قوڵپ ئەدا و  
دڵم ئەخەنە سەر کەڵکەڵەی سەماکردن لە گەڵ یادتا  .
من ئەزانم  ،
لەم سەرابستانەی دنیادا  
تۆ تەنها تینووی دڵۆپێک خۆشەویستی بوویت  ،
منیش چوون دۆڕاوێکی ئەبەدی لە چەقی ئەم قوومارخانەیەی ژیاندا  ،
بێئومێدیم  ،
ئێستاش وەڕسی لێ ئەچۆڕێت  .
چیتر  
بێباکم لە سەرکەوتنە درۆیینەکان  .
  بێباک لە بردنەوە پووچەکان و لە دەستمایە بەتاڵەکان.
من ئیتر دەست لەم جەنگە ئەبەدییە هەڵناگرم  .
تەنها و تەنها لەپێناو گەییشتنەوە بە تۆدا و  
هیچیتر  
هەموو کۆتاییەکان  
لە بۆسەی ئازاردا  ،
سەرەتایەکن بۆ دەستپێکردنەوەم  .
(دارا عەلی 4/2/2014)   

Friday, January 31, 2014

بیرت ئەکەم

   بیرت ئەکەم
  (١) 
  من،
  قەدەرم بە جۆرێک
  تووڕدراوەتە سەر ئەم هەسارە تاریکە،
  نە ئارەزووی دنیا دڵی بێزارم ئاسوودە ئەکات،
  نە ئەم بەهەشتەی دەم خەیاڵ،
  نە وەهمی کەللەسەرم و
  نە پەساپۆرت،
  نە نیشتمان.
  (٢)
  تۆش،
  لەم دۆزەخی زەمەنەدا،
  چوون زیندانێکی هەڵهاتوو
  لە چوار دیواری بێدادی ترس و تاوان، 
  بە قرچەقرچی ئازار و بۆسوێی سووتانی زامتەوە
  ڕائەکەیت و
  لەسەرڕووی ئەم گۆی زەمینە،
  جێگەیەکی دڵنیا بۆ سرەوتنی بیماری ڕۆحی شپرزەت نادۆزییەوە
  پەنابەریت ڕووی تێبکات.
  (٣)
  تۆ چیت ئەوویست
  جگە لە گۆشەیەکی خۆشەویستی و هیچیتر،
  تا بتوانیت،
  لە ئامێزیا
  دەرگای دڵ لەسەر زمانت ئاوەڵا بکەیت و لە ناویا
  بێ ترس بدوێ ی و
  پێبکەنی،
  چوون سووتانی مۆمێک لە تاریکی مندا و
  هەڵکشانی ژیان لە ئاوازی شەوقی خۆتدا.
  (٤)
 منیش پەنایەکم ئەوویست،
  لەسایەیدا،
  بێسڵەمینەوە بگریم،
  بێشەرم گۆرانی بڵێم،
  لە دڵەوە دان بۆ باڵندەکان ڕۆبکەم،
  بێترس و لەرز، لە بڵندگۆکانەوە بانگی خۆشەویستی بدەم،
  لە دوورەوە، سڵاوی بێدەنگی سەگێک بسەنمەوە و
  ژانی لە دایکبوونی منداڵێک و بێچووە بەرازێکم چوونیەک خۆشبوێ و
  ئیتر هەرگیز بە گوزەری خوێناوی قەسابەکاندا نەڕۆمەوە و
  بۆ میوانداری ڕووناکی 
  ئێواران خۆر
  لەگەڵ خۆما بەرمە ماڵێ و
  بێ دوودڵی ئینجانەکانت ئاو بدەم،
  بەڵکو لەکونجێکی غەریبی ڕۆحمدا، گوڵێکی موحیبەتی تیا بپشکوێت،
  گوڵێک بۆنی تۆی لێ بێ و هیچیتر.
  (٥)
  ئیلاهی
  ئەم هەموو مردنە بۆچی؟
  لەبەردەم هەزاران پرسیاری بێ وەڵامی مناڵیم لە تۆدا و
  هەزاران چیرۆکی پڕ گوومانی تۆش لە مندا. 
     (دارا عەلی.30/1/2014)

Monday, January 27, 2014

،تۆ خۆت دیار نیت


تۆ خۆت دیار نیت،
  کەچی هەرکات
  لەم ئۆرکسترای عەشقەدا،
  دڵم
  فلووتی سینەت بژەنێت،
  تۆ ئەبیت بە خەیاڵی باخ،
  منیش ڕۆحم،
  لە سەر تۆنی شەوقی چرای دووایین دیدار،
  چوون باڵەفڕکەی بێئۆقرەی دووایین پەپوولەپاییزە،
  بۆ دووایین ماچ،
  بە دەوری نۆگوڵی یادتا،
  حەیران و مەست سەما ئەکات.
     (دارا عەلی 24/1/2014)

،تۆ لێرە نیت

   تۆ لێرە نیت
  بەڵام کاتێک،
  لە شەوقی تۆدا نووقم ئەبم،
  لەسەر جۆلانەی (با)ی عەشق
  تۆ تاری ڕۆحم ئەژەنی و
  گۆرانییەکانت ئەپشکوێن لە گەروومدا.
  بۆوبەرامەت لە هەوادا
  تەنیاییم گوڵاوپرژێن و
  خەیاڵیشم ئەخاتەسەر کەڵکەڵەی خولیای پەروانە
  بۆ جێژووان
  لە دەوری ڕووناکی تۆدا.
    (دارا عەلی27/1/2014)
 

Wednesday, January 22, 2014

ئيلاهي هةر دلم ماوه

  ئیلاهی
  هەر دڵم ماوە،
  ئەویش وەکو لەزگەی برین
  بکە بە سەدان پارچەوە و بە ڕاست و چەپ
  بیخەرە سەر
  تانوپۆی نەخشەی برین و زامی خوێن لێڕژراوی تەمەنێک،
  کە بە تیغی چەقۆی حیزب و غەدری سیاسەت
  لەسەر مێزی قومارخانەکان نەخشێنران.
(٢)
  چەندە کووشندەیە پەتای
  ئەم نیشتمانی برینە.
  بێ دەرمان و بێ برین پێچ،
  پژانی خوێنی دڵ تیایدا بەربووە و ناگیرسێتەوە.
(٣)
  ئەی نیشتمانی لەت و پەت
  پەتای ئەم ئاشبەتاڵانە بۆتە تاعوون،
  بە چواردەورا تا بێت درێژ ئەبێتەوە.
  تۆ تەنها جارێک عاشقبە و
  ڕۆڵەکانت هێندە بێباک
  بۆ جەژنەکانت سەرمەبڕە.
(٤)
  بۆ کوێ ئەچیت،
  تۆش ڕۆژێک دێت کەنەفت و پیر، پشتکۆماوە
  بۆ ڕۆشنکردنەوەی بەر پێت،
  پێویستت بە ئەوینێکە دەستت بگرێت.
  بۆ ئاوەدانکردنەوەی تەنیاییت،
   ڕۆحێکی بە دەربەستت گەرەکە،
  خۆشەویستیت گۆشی کردبێت.
  لەوە ئەچێت نەوەکانت
  سبەی ڕۆژێک،
  ئەم جەنگەڵەت بخەنە زبڵدانەوە و
  ئەم جیهانەش لەوە بچووکتر ببینن کە ماڵیان بێ و
  خەون ببینن و خولیایان
  گەردوون بکەنە نیشتمان.
      (دارا عەلی 22/1/2014)

Sunday, January 19, 2014

کە بیر لە تۆ ئەکەمەوه

  کە بیر لە تۆ ئەکەمەوە
  لە قووڵایی بوونی تۆدا
  ئەبم بە سەدان پارچەوە،
  چوون گەردوونێکی بێ بن و ناکۆتا بی و
  منیش ئاوارە و سەرگەردان، دوای سۆراغی لەتەکانی
  ئەو ئاوێنەیەی هاڕڕەی کرد لە نێوانمان.
  دڵم ئەڵێت،
  خۆت ڕادەستی قەدەری خۆشەویستی بکە و
  زەمەن، دڵنیام ئەبێتە فریادڕەسێکی برینپێچ،
  ئەشێت بیمارییەکانی دڵی من و تۆ ساڕێژبکات،
  پارچە شکاوەکانی غەزەلی ڕۆح بچنێتەوە و
  بە تەلیسمی عەشق...تەمەن بیانلکێنت پێکەوە.
    (دارا عەلی 2014/1/19)

Wednesday, January 15, 2014

.. هەموو شەوێک..

  تا ئازاری تەنیایی مانگ ئەسرەوێت و چاولێک ئەنێت،
  هەموو شەوێک،
  من لە خانەقای دڵمدا،
  بەدەم زیکری عەشقی تۆوە،
  لە نێو کڵپەی سەمایەکدا ئەسووتێم تا
  لە بۆوبەرامەی یەقین و تەموومژی کەللەسەرم ڕووت ئەبمەوە و 
  لە کازیوەی بەربەیاندا، ئەبم بە تۆ و
  ئەگەیت بە من.
(٢)
  من بۆیە پێت ئەڵێم دڵم،
  چوون ئاوێنە،
  من خۆمی تیا ئەبینمەوە و
  لە غوربەتی غەریبیشما،
  شەوقی تۆی پێ ئەناسمەوە.
(٣)
  من دڵمم بۆیە خۆشئەوێت،
  بەر لە پرشنگی هاتنت،
  بەر لە بیستنی مۆسیقای گەییشتن و بۆوبەرامەی دەرکەوتنت،
  برووسکەیەک لە نادیارەوە لە چەشنی خورپەیەکدا،
  ڕازی دڵی تۆم بۆ دێنێت.
    (دارا عەلی/15/1/2013)

Saturday, January 11, 2014

تۆ پێم بڵێ!!

  تۆ پێم بڵێ،
  دۆزەخ چییە 
  جگە لەوەی؛
  چاوەڕوانیت بێووچان چاوبگێرێت و 
  منیش لەسەر مێزێک مەیلی دڵی تۆم بیرچووبێتەوە.!!
  یا من ساتێک
  لەبەردەمتا، گەییشتنم داگیرسێنم و
  شەوی دڵت بە شەوقی سووتانم، ڕووناک نەبێتەوە!!
  (٢)
  دۆزەخ چییە جگە لەوەی؛
  چیتر گرنگ نەبێت بۆ تۆ، من چی ئەڵێم.
  چوون ڕاز و نیازی پەنگخواردووی نێو سینەی تۆ،
  لە نەفەسی قووڵی مندا
  هەڵوەرێت و
  هاواری خنکاوی منیش،
  لە فرمێسکی چاوی تۆدا.
  (٣)
  دۆزەخ چییە جگە لەوەی
  چیتر مەیلی چاوەڕوانیتم نەمێنێ؛
  لەسەر جادە و
  لە گەییشتنی بەر دەرگا و
  لەسەر مێزی نانخواردن و
  سەر جێگادا.
  (٤)
 دۆزەخ ئەوەیە من و تۆ؛
  چیتر هیچمان نەمابێت بۆ گووتن.
  یا سەروبەندی پیاسەیەک شک نەبەین بۆ دەستگرتن و
  گۆرانیەک نەبێت تایبەت بە من و تۆ، بۆ گوێگرتن.
  (٥)
  دۆزەخ؛
  کووژانەوەی منە،
  لە دڵی سارد و تەنیای تۆ.
  یا دۆڕاندنی شەوقی تۆ،
  لە گۆشەی تاریک و توونی ڕۆحی مندا.
     (دارا عەلی /10/1/2014)

Wednesday, January 1, 2014

سةري سال

  ئەمئێستا،
  لەسەر سنووری کۆتایی و سەرەتادا،
  من لێرەم،
  بە خۆم و ئامێزی دڵمەوە.
  تۆش لێرەیت، بە خۆت و دوو دەستی پڕ میهر و بەخشندەتەوە.
  من لێرەم،
  تۆش لێرەیت هەر وەکو دوێنێ و
  وەک هەمیشەش
  ژیان هەر شکۆی ئاوازی ئەڤینێکە،
  چوون پەلوپۆی نهێنی گەردوون بە ژێ ی تاری ڕۆحی تۆ
  لەسەر ئیقاعی دڵی من،
  بێووچان بێت و بیژەنێت
  بۆ دەستلەملانێ ی من و تۆ لە ئەبەدی سەمایەکدا،
 تا مەوداکانی نێوانمان پڕ ببنەوە بە (من و تۆ)،
  ئیتر،
  نە زمان پێویستە،
  نە ئاسمان،
  نە نیشتمان.
     (دارا عەلی1/1/2014)